رفتن به محتوای اصلی

چاودێرێکى سیاسى بۆ ئاڤاتودەى: ئێران ناچارە ملکەچى بڕیاره‌كه‌ی عێراق بێت لەسەر حەشدى شەعبی

چاودێرێکى سیاسى بۆ ئاڤاتودەى: ئێران ناچارە ملکەچى بڕیاره‌كه‌ی عێراق بۆ کۆکردنەوەى حەشدى شەعبی بێت
AvaToday caption
posted onAugust 10, 2019
noدیدگاه

پاش ئه‌وه‌ی فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بڕیاری دا سه‌رجه‌م نووسینگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پارێزگاكانی وڵاته‌كه‌ی دابخرێت، شاره‌زاییان پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ بۆ فشاره‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌سه‌ر عێراق ده‌گه‌رێته‌وه‌.

 

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ چاودێرێكی عێراقی دەڵێت "لێدوانه‌كانی فه‌یاز هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانی كارگێریی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان". نه‌زار حه‌یده‌ر، به‌رێوه‌به‌ری ناوه‌ندی میدیایی عێراق كه ‌رێكخراوێكی ناحكومییه‌و نووسینگه‌ی له‌ واشنتۆنه‌ به‌ تۆڕی میدیایی ئاڤاتوده‌ی گووت "بۆ ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی رێك بخرێته‌وه‌".

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڕیارێکى تایبەتى بە ژماره‌ (٢٣٧) بۆ بحه‌شدی شه‌عبی ده‌كرد و، ناونراو بە "فه‌رمانی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران" و،  له‌ ١٠ خاڵ پێك هات كه ‌تێیدا هاتووه‌ "سه‌رجه‌م هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و له‌ژێر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كار ده‌كه‌ن".

حەشدى شەعبی

له‌خاڵێكی تریشیدا هاتووه‌ "سه‌رجه‌م باره‌گاو نووسینگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌پارێزگاو شاره‌كان داده‌خرێن".

دوابڕیاریش بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆتایی مانگی ته‌مووزی رابردوو بوو، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هه‌نگاوێكی پراكتیكی له‌و بواره‌ نه‌نراوه‌.

حه‌یده‌ر له‌درێژە‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژە به‌وه‌ش ده‌كات " ئێستا وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌رێنی له‌لایه‌ن زۆربه‌ی گرووپه‌كانی نێو حه‌شدی شه‌عبیدا هه‌یه‌". روونیشی ده‌كاته‌وه‌ "هه‌موویانیش پاڵپشتی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رە‌ڵاییه‌ی له‌ب ڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ك و دیارده‌ی چه‌كداری نه‌مێنێت". به‌رێوه‌به‌ری ناوه‌ندی میدیایی عێراقی ده‌ڵێت "هه‌ندێكێان ئاماده‌ییان نیشان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاریكاری دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی عێراقی بكه‌ن و، بڕیاره‌كانی جێبه‌جێ بكه‌ن".

زۆربه‌ی شاره‌زاییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن به‌شێكی زۆری ملیشیاكان له‌لایه‌ن رژێمی ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن و، فه‌رمان و بڕیاره‌كانیش له ‌قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی ئێرانییه‌وه‌ وه‌رده‌گرن و، زۆریش پابه‌ندی بڕیاره‌كانی به‌غدا نابن، به‌ڵام حه‌یده‌ر بۆچوونێكی جیاوازی له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌و، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "ئێستا شه‌ڕی ئیراده‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌نێو ئه‌و گرووپانه‌ی له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن و، لایه‌نگرو سۆزیان بۆ رژێمی ئێرانه‌".

حەشدى ٢

هێما به‌وه‌ش ده‌كات "گوومانی تێدا نییه‌ ده‌بێ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كان له‌پێناویدا كاتی زیاتر ته‌رخان بكات، بۆ رازیكردنی ئه‌و گرووپانه". ئاشكراشی ده‌كات " ده‌بێت قه‌ناغه‌ت به‌تارانیش بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌ كارگێرییه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێ بكات".

حه‌یده‌ر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ك تاران پرسه‌كه‌ وا به‌ئاسانی جێ ناهێڵێت، چونكه‌ نه‌ خۆی قه‌ناعه‌ت به‌و پرسه‌ ده‌كات و نه‌ كاریش له‌سه‌ر رازیكردنی ئه‌و گرووپانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌نێو حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ پاڵپشتیان ده‌كات"، به‌ڵام ئه‌و چاودێره‌ عێراقییه‌ باس لەوه‌ دەکات کە له‌ كۆتاییدا تارانیش ناچاره‌ له‌ڕەوشی سیاسی و پێداویستی ئه‌منی عێراق تێ بگات و، ئه‌نجامه‌كه‌شی  پابه‌ندبوونه‌ به‌بڕیاره‌كه‌ی به‌غدا له‌باره‌ی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌، ئه‌گه‌ریش به‌دڵیشی نه‌بێت.