لە دەسپێکی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان بە 719 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە؛ لە ئەنجامدا 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 94 کەسیش بریندارن. 16 لەو درۆن و مووشەکانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران، لە دوای ئاگربەست بووە.
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست و بەردەوامبوونی ئاگربەست، هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، تەنیا لە 48 کاژێری رابردوودا، هەرێمی کوردستان بە 12 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، هەشتیان بۆ سنووری پارێزگای هەولێر و چواریان بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، کە بەهۆی یەکێک لە هێرشەکانی سنووری سلێمانییەوە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی کوردستان شەهید و دوانی دیکەیان بریندار بوون.
لە دوای ئاگربەستەوە لە 8ـی نیسانەوە هەرێمی کوردستان بە 16 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، زۆرینەی هێرشەکان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان و کەمپی کەسوکارەکانیانی کردووەتەوە ئامانج.
نوێترین ئاماری هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 572 درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی 119 درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: 26 درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن