Skip to main content

لە دوای ئاگربەستەوە هەرێمی کوردستان ١٦ جار بۆردوومان کراوە

لە دوای ئاگربەستەوە هەرێمی کوردستان 16 جار بۆردوومان کراوە
posted onMay 19, 2026
nocomment

لە دەسپێکی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان بە 719 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە؛ لە ئەنجامدا 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 94 کەسیش بریندارن. 16 لەو درۆن و مووشەکانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران، لە دوای ئاگربەست بووە.

سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست و بەردەوامبوونی ئاگربەست، هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، تەنیا لە 48 کاژێری رابردوودا، هەرێمی کوردستان بە 12 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، هەشتیان بۆ سنووری پارێزگای هەولێر و چواریان بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، کە بەهۆی یەکێک لە هێرشەکانی سنووری سلێمانییەوە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی کوردستان شەهید و دوانی دیکەیان بریندار بوون.

لە دوای ئاگربەستەوە لە 8ـی نیسانەوە هەرێمی کوردستان بە 16 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، زۆرینەی هێرشەکان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان و کەمپی کەسوکارەکانیانی کردووەتەوە ئامانج.

نوێترین ‎ئاماری هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
 
‎- پارێزگای هەولێر: 572 درۆن و مووشەک
‎- پارێزگای سلێمانی 119 درۆن و مووشەک
‎- پارێزگای دهۆک: 26 درۆن و مووشەک
‎- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن