رفتن به محتوای اصلی

پەکەکە ڕێگرى دەکات لە چوونەوەى پێشمەرگەکانى کۆمەڵە بۆ نێو ڕۆژهەڵات

پەکەکە ڕێگرى دەکات لە چوونەوەى پێشمەرگەکانى کۆمەڵە بۆ نێو ڕۆژهەڵات
AvaToday caption
posted onJuly 4, 2021
noدیدگاه

ئێوارەى دوێنێ شەوى شەممە ڕێکەوتى ٦ى تەمووزى ٢٠٢١ى زایینى بەرامبەر بە ١٢ى پووشپەڕى ١٤٠٠ى هەتاوى،له‌ گوندی هێردنی نزیك چیای سه‌قه‌رى سیدەکانى باشوورى کوردستان، لە نێوان پۆلێک لە پێشمەرگەکانى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران (کۆمەڵە) و گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) گرژى دروست بوو.

 

فەرماندەیەکى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران کە نەیویست ناوەکەى ئاشکرا ببێت، بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى ڕاگەیاند "لە کاتى هاتوچۆى پێشمەرگەکانمان بۆ ناوخۆى وڵات، چەکدارەکانى پەکەکە پێشیان پێ گرتوون و پێیان گوتوون نابێت ئێوە هاتوچۆى ئێران بکەن".

هەرچەندە هەندێک میدیا باسیان لەوە کردووە کە بە هۆى ئەم بەرپێگرتنەى گەریلاکانى پەکەکە چەند کاتژمێرێک تەقە کراوە لە یەکتر، بەڵام فەرماندەکەى کۆمەڵە باسى لەوە کرد کە "بە هۆى ئەم ڕێگرییەوە دەمەقاڵە و گرژییەک لە نێوان پێشمەرگەکانمان و گەریلاکاندا دروست دەبێت، بەڵام تەقەى تێ نەکەوتووە".

شایەنى باسە ئەمە یەکەم جار نییە کە لە نێوان پەکەکە و هێزەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا گرژى دروست دەبێت و لە ماوەى ڕابردوو و لە کاتى دەستپێکردنەوەى ڕاسانى حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ناردنەوەى هێزى پێشمەرگە بۆ نێو خۆى ئێران، چەندین جار گرژى و تەقە لە نێوان گەریلاکانى پەکەکە و پێشمەرگەکانى ڕۆژهەڵاتدا دروست بووە و تەنانەت خوێنیشى تێ کەوتووە.

تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەیش بە ئاشکراکردن و لەقاودانى پەیوەندییەکانى گەورە بەرپرسانى پەکەکە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى، زانیارى بڵاو کردووەتەوە کە پەکەکە بە هۆى نزیکایەتى لە کۆمارى ئیسلامى و بوونى بارەگاکانیان لە تەنیشت بارەگاى سوپاى پاسداران و پاراستنى سنوورەکانى ئێران لە لایەن پەکەکەوە، ڕێگرى زۆر کراوە لە خەباتى چەکدارى ڕۆژهەڵاتى کوردستان.