رفتن به محتوای اصلی

زیندانییان لە زیندانیش ئەمنیەتى گیانییان نین!

زیندانییان لە زیندانیش ئەمنیەتى گیانییان نین!
AvaToday caption
posted onJune 30, 2020
noدیدگاه

هێمن ڕەحیمى زیندانییەکى ئاسایی زیندانى ناوەندى بانە کە بە پێى قسەى بنەماڵەکەى بڕیار وابوو بە پێى یاساى ئازادى مەرجدارى زیندانیان، دوو حەوتووى دیکە لە زیندان ئازاد بێت، بو هۆى کەوتنەخوارەوەى لە زیندان تووشى زەربەى مێشکى بووە و بە هۆى پێڕانەگەیشتنى پزیشکى بەرپرسانى زیندان، چووەتە کۆما و غەیبووبەوە و ئێستا لە بەشى ئاى سی یووى نەخۆشخانەى ڕازى خەوێنراوە!

 

ڕۆژى هەینى کاتژمێر ١٠ى شەو، بە شێوەیەکى گوماناوى هێمن لە پلیکەکانى زیندان کەوتووەتە خوارەوە و دواتر سەردانى بێهدارى زیندان دەکات و دەڵێت حاڵم باش نییە و سەرم دێشێت و هاوسەنگیم لەدەست داوە.

بەڵام بەرپرسانى زیندان سەرەڕاى دەرکەوتنى نیشانەکانى زەربەى مەغزى، کەچى گوێى پێ نادەن و نایگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە و تەنیا تێستێکى خوێنى لێ دەگرن و دەڵێن حاڵت باشە و کەمتر لە کاتژمێرێک دەیبەنەوە بۆ زیندانەکەى.

براکەى هێمن دەڵێت بەرپرسانى زیندان بە بنەماڵەکەیان گوتووە کە لە بەرگەى بێهدارى هێمنیان نووسیوە کە حاڵى گشتى هێمن باشە و بۆیە لە بێهدارى دەردەچێت، بەڵام هەر لەو کاتەى کە دەگوازرێتەوە بۆ زیندانەکەى و لەسەر تەختەکەى درێژ دەبێت، ئیتر ناتوانێت بجووڵێت و عەسرى شەممە حاڵى خراپتر دەبێت و هاوبەندییەکانى تێددەگەن کە حاڵى خراپە بەرپرسانى زیندان ئاگادار دەکەنەوە و ئەوانیش بە بێهۆشى و کاتژمێر ٤ى عەسر دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەى سەلاحەیدنى ئەیوبی بانە. لە نەخۆشخانە دەچێتە کۆماوە.

براکەى دەڵێت ئێمە نازانین کە بۆچى لە نەخۆشخانەى سەلاحەدینى ئەیوبییەوە و بەیانى یەکشەممە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەى ڕازى بانە کە نەخۆشخانەیەکە تەرخان کراوە بە نەخۆشانى کۆڕۆنا و "ئەمەش ئێمەى نیگەران کردووە کە لە زیندان وا بڵێن کە براکەم بە هۆى کۆڕۆناوە واى لێ هاتووە و دواى گواستنەوەى تێستى کۆڕۆنایان لێ گرتووە، گوتیان تووشى کۆڕۆنا بووە بۆیە گوازراوەتەوە بۆ ڕازى".

بنەماڵەکەى ڕەحیمى باوەڕیان بە کەوتنەخوارەوەى کوڕەکەیان لە زیندان نییە و هەروەها گوێپێنەدان و پشتگوێخستنى هێمن لە لایەن بێهدارى زیندان سەرەڕاى بوونى نیشانە دیارەکانى زەربەى مەغزى و جێگۆڕکێى لە نەخۆشخانەى سەلاحەدینەوە بۆ ڕازى و دانەپاڵى تۆمەتى تووشبوون بە کۆڕۆنا، هەمووى دەستچنراوى ئیتلاعات وسوپایە.

شایەنى باسە هێمن ڕەحیمى کە تەمەنى ٣٧ ساڵە و خەڵکى بانەیە، بە تۆمەتى بوونى چەکى گەرمى کەمەرى سەرەتا بە ١١ ساڵ و سێ مانگ زیندان و پاشان بەر لێخۆشبوون کەوت و مەحکومیەتەکەى کەم بووەوە بۆ ٦ ساڵ و ٧ مانگ زیندانى. ڕەحیمى سەرەڕاى تێپەڕینى نیوەى مەحکومیەتەکەى، داواى ئازادى مەرجدارى کردبوو و بە پێى ڕەفتارە باشەکانى لە زیندان بەر ئەم یاسایە کەوت و بڕیار وابوو دوو حەوتووى دیکە ئازاد بێت.

 

@Avatodaykurdi