ئەوڕۆ ٢٢ی خەرمانان هیزەکانی سوپای پاسداران لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانۆڕێکی نیزامییان بە شەقامەکانی ئەو شارەدا ئەنجام دا و نمایشی چەک و چۆڵی قورسیان کرد.
لەو مانۆڕەدا بە دەیان ئۆتۆمبێلى سەربازى بە چەکی قورس بە شەقامەکانی ئەو شارەدا سووڕانەوە و سروودەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقیان لێدەدا. لە لایەکی دیکەوە لە شارى مەهاباد چەندین پاسی سەربازى کە لە شارەکانی دیکەوە هاتبوون بە شەقامەکانی ئەو شارەدا سووڕانەوە و لەو رێگایەوە سوپای پاسداران هەوڵی ئەوە دا تۆوی ترس لە نێو خەڵکدا بچێنێ.
پۆلیسیکردنی شارەکانی رۆژهەڵات لە کاتیکدایە کە سوپای پاسداران لە رۆژی ١٧ی خەرمانان تاوانێکى دیکەی دژی خەڵکی رۆژهەڵات خوڵقاند و بە هێرشێکی موشەکی بۆسەر بارەگای دیموکراتەکان ١٧ کادر و پێشمەرگەی هەردوو حیزبی شەهید کرد و شەش بەندکراوی سیاسی کوردیشی لە نێوخۆى وڵات لە سێدارە دا.
ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی توندی رۆژهەڵاتی کوردستانی لیکەوتەوە و رۆژی ٢١ی خەرمانان مانگرتنێکی گشتی لە ئاستی ئەو پارچەیەی کوردستاندا دروست بوو، ئێستا بۆ تۆڵەکردنەوەی لە خەڵکی رۆژهەڵات سوپای پاسداران هەوڵی زیاتر نیزامی کردنەوەی شارەکانی خۆرهەڵات دەدات.
لینکى ڤیدیۆى مانۆڕەکە: