
وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کاناڵی سی ئێن بی سی ئەمریکا گووتی: پێشبینی دەکرێت گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ڕێبەری ئێران کاری خۆی کردبێ، بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێران هێندەی پێ ناڕەحەتن.
مەبەستی قسەکانی منوشێن ئاماژەیە بە قسەکانی حەسەن ڕووحانی و تویتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە نیشانەی کاردانەوە بە گەمارۆکانی سەر ڕێبەری ئێران و نووسینگەی ناوبراوە. ڕۆژی سێشەممە چواری پووشپەڕ، رووحانی بە تووندترین شێوە دژی دانانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و نووسینگەی ناوبراو و هەروەها هەشت کەس لە فەرماندە پلەبەرزەکانی سوپای پاسداران لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا کاردانەوەی نیشان دا و گووتی: کۆشکی سپی ئەقڵی ناتەواوە.
حەسەن ڕوحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ڕووبە دۆناڵد ترامپ گووتی: ناوبراو کەسێکە ئەقڵی لە دەست داوە و لە کردەوەیەکی گەمژانەدا گەمارۆی خستووەتە سەر ڕێبەری وڵاتێک.
لە لایەکی دیکە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس مووسەوی بە نیشانەی کاردانەوە بە گەمارۆکانی ئەمریکا گووتی: گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ هەمیشە ڕێگەی دیپلۆماسی داخست.