رفتن به محتوای اصلی

٧ی پووشپەڕ، لە کیمیایی بارانەوە بەرەو ئەنفالی دارستانەکانی سەردەشت

٧ی پووشپەڕ، لە کیمیایی بارانەوە بەرەو ئەنفالی دارستانەکانی سەردەشت
posted onJune 27, 2020
noدیدگاه

٣٣ ساڵ  بەر لە ئێستا و  لە ڕۆژی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦، ڕژیمی بەعسی عێراق چوار شوێنی شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردە ئامانجی هێرش بە بۆمبی کیمیایی.

چوار شوێنی پڕ لە خەڵک و ژن و مناڵی سەردەشت بوون بە ئامانجی ئەو هێرشە و بەمەش شارێکی کوردستان بوو بە یەکەمین شوێنی جیهان کە چەکی کیمیایی لە دژی بەکار دەهێندرێت.

کورد ، یەکەمین قوربانی چەکی کیمیایی جیهان

لە هێرشی کیمیایی ڕژیمی بەعس بۆ سەر شاری سەردەشت کە بە بیانووی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق بەڕێوەچوو و لەوێشدا کورد دەبوون بە گۆشتی دمی تۆپ ، ١١٢ کەس لەجێدا گیانیان لە دەست دا و زیاتر لە دە هەزار کەس لە شاری ١٢ هەزار کەسی ئەو کاتی سەردەشت تووشی حاڵەتەکانی کیمیایی بوون، بوونەوە.

ئەوە یەکەمین کارەسات و بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکووژ لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم بوو.

کارناسانی چەکە کیمیاییەکان دەڵێن: گازی خەردەل کە بۆ درووست کردنی چەکی کیمیایی بەکار دێت ١٠٠ ب٠ ١٨٠ ساڵ دەمێنێتەوە و بەو پێیە هەر ئیستا تەواوی خەڵکی ئەو شارە تووشبووی ئەو مادە کووشەندەیەن. هەتا سێ وەچەی داهاتوو حاڵەتی گیرۆدەبوونی خەڵک بەو مادەیە هەر دەمێنێت و لەدایک بوونی منداڵانی کەم ئەندام لە دایک و بابە کیمیایی لێدراوەکان هەر بەردەوامە.

لەگەڵ ئەوەی ١٠٠٠٠ کەس لە هێرشی ڕژیمی بەعسدا بەر چەکی کیمیایی کەوتن بەڵام کۆماری ئیسلامی تەنیا ١٨٠٠ کەسی وەک " جانباز"ی چەکە شیمیاییەکان ناساندووە.

بە تێپەڕینی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت هەتا ئیستا خەڵکی ئازارچێشتووی ئەو شارە هیچ قەرەبوویەکی شایانیان بۆ نەکراوەتەوە.

دوای ٣٣ ساڵ کۆخە، هەڵماسینی پێست و چڵک کردن، هەناسەگیران و دەیان ئاسەواری دیکەی شەڕی دوو داگیرکەری ئێران و عێراق لەسەر خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  بە سیمای خەڵکی سەردەشتەوە هەر دیارە بەڵام ڕژیمی ئێران لە ماوەی ئەو ساڵانەدا هاوشێوەی کیمیاباران ، پڕۆژەیەکی ئەنفالی ژینگەی دژ بە سەردەشت دەکار کردووە.

لە کاتێکدا بۆ شارێکی کیمیایی لێدراو و بە سرنجدان بەوەی گازی خەردەل دەیان ساڵ دوای بۆردومانی کیمیایی هەر دەمێنێتەوە، دارستانەکان دەتوانن خزمەتێکی گەورە بە ئاسودەیی هەناسەکێشانی خەڵکی کیمیایی لێدراوی سەردەشت بکەن،بەڵام کۆماری ئیسلامی بۆ تەواو کردنی پڕۆژەی نیوەچڵی ڕژیمی ڕووخاوی دیکتاتۆر سەدام حوسێن بۆ پاکتاوی خەڵکی سەردەشت کە قۆناغی دواتری لەسەر هەڵەبجە بەتاقی کردەوە و ٥٠٠٠ کەسی کردە قوربانی، چەندین ساڵە دەستی بە لەناوبردنی دارستانەکانی سەردەشت کردووە.

دارستانەکانی سەردەشت کە بەشێک لە سییەکانی هەناسەکێشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن چەندین ساڵە لە گەڵ شاڵاوێکی گەروەی بڕینەوە و لەناوبردن بەرەو ڕوون.

سوپای پاسداران بە هاوکاری چەند کەسێکی خۆفرۆشتووی شاری سەردەشت  و مافیای زەمین خواردن لەو شارە، بە دەیان و سەدان دۆنم لە دارستانەکانی سەردەشتی لەناوبردووە.

پڕۆژەی ڕێگاسازکردن بۆ بنکە سەربازیەکانی سوپا، بەنداوسازکردن، لێدانی بنکەی سەربازی، نیشتەجێکردنی جاش و موستەشارە کوردەکانی سەر بە سوپا لە ناو شاری سەردەشت و دەوروبەری و بڕینەوەی دارستانەکانی ئەو شارە بە مەبەستی قازانج ، بووە بە ئەنفالێکی گەورە لە سەر شاری سەردەشت و ئەگەر پێش بەم ڕەوتە نەگیرێت بێگومان هەناسەکێشانی سەردەشتی کیمیایی لێدراو لە ساڵانی داهاتوودا ئەوەندەی دیکە گران دەبێتەوە.