دیداری لەناکاوی مایک پۆمپئۆ وەزیری دەرەوی ئەمریکا لە بەغدا لەو مانگەدا دوای ئەوە ڕووی دا کە دوو سەرچاوەی ئەمنیەتی عێراق ڕاپۆڕتێکیان دابوو لە پیوەندی لەگەڵ ئەوەی گرووپە ملشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق مووشەکەکانی خۆیان بەرەو بنکەکانی ئەمریکا بەرز کردووە.
هەواڵدەری ڕۆیتەرز لە زمانی دوو سەرچاوەی عێراقی نووسیویەتی: پۆمپئۆ داوای لە دەسەڵاتدارانی پلەبەرزی عێراقی کردووە پێش بگرن لە بەهێزبوونی ئەو ملشیانەی ئێستا بەشێک لە دەزگای ئەمنیەتی ئەو وڵاتەن و لە دەرەوەی ئەوە ئەمریکا بە تووندی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لە کاتێکدا کێشەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ڕۆژانی ڕابڕدوودا بە لوتکەی خۆی گەیشتووە، عێراق کەوتووەتە نێوان ئەو دوو وڵاتە. لە لایەک لە ژێر گوشاری ئەمریکا دایە و لە لایەکی دیکە دراوسێکەی واتە ئێران لەو وڵاتە پێگەیەکی بێوێنەی هەیە.
ڕۆیتەرز لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراق کە لە کاتی سەردانی پۆمپئۆ لە بەغدا بووە، نووسیویەتی: پەیامی پۆمپئۆ ڕوون بوو، ئەوان دەیانهەوێ عێراق سەبارەت بە ڕووبەرووبوونەوەی ئەو گرووپانەی کە هەڕەشەن لەسەر ئەمریکا دڵنیایی بداتە واشنتۆن. ئەمریکاییەکان گووتویانە ئەگەر لە عێراق هێرش بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەوە بە بێ هاوماهەنگی بەغدا بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە و بەرگری لە خۆیان دەکەن.
مایک پۆمپئۆ دوای چاوپێکەوتن لە عێراق ڕایگەیاند: ئێمە نامانهەوێ کەس دەست لە کاروباری عێراق وەربدات، چ بگات بەوەى گەر بیهەوێ هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتێکی دیکە. لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی ئەمنیەتی عێراق بە هەواڵدەری ڕۆیتەرزی گووتوە: هێندێک لە گرووپە ملشیاییەکان، هێندێک جموجۆڵیان دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەبووە، عادل عەبدوئەلمەهدی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ڕۆژی سێشەممە گووتی: ئێمە هیچ جۆرە هەنگاویک کە هەڕەشە بێت بۆ سەر هیچ وڵاتێک شک نابەین. ئێمە زۆر بە ڕوونی بە ئەمریکاییەکانمان گووت کە دەوڵەتی ئێمە ئەرکی سەرشانییەتی هەموو کارێک بۆ پاراستنی هەموو ئەو لایەنانە بکات کە لە عێراق بوونیان هەیە.
ڕۆیتەرز لە زمانی وتەبێژی دوو گرووپی ملشیای عێراقی نووسیویەتی ئەو گرووپانە تا ئێستا هیچ چالاکییەکیان دژی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام نەداوە و ئامانج لەو بانگەشەیەی واشنتۆن وەڕێخستنی شەڕێکی دەروونییە. ئەمریکا ئێران بە گەورەترین هەڕەشە لەسەر خۆی دەبینێت و ئەو وڵاتە بە پشتیوانی بەربڵاو لە ملشیاکان و هێزە جێگرەوەکانی خۆی لە ناوچەکە بە تایبەت سوریە، لوبنان، یەمەن و عێراق تاوانبار دەکات.
ڕۆیتەرز لە زمانی هەمان سەرچاوەی ئەمنی ئەوەشی نووسیوە کە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە کاتی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا مەترسی هێرشی بە وەکالەتی ئێران لە لایەن گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە لە سنوری سوریە وەبیر دەسەڵاتدارانی عێراق هێناوەتەوە. پۆمپئۆ داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراقی کردووە کۆنتڕۆڵی چالاکی ئەو گرووپانە بکەن. ئەوە لە کاتێکدایە گرووپە ملشیاکانی عێراق گووتویانە لە ژێر دەسەڵاتی یاسای بنەڕەتیدا کار دەکەن و پلانی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان نییە.
لەیس ئەتهاری وتەبێژی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق کە گرووپێکی عێراقی ژێر چاوەدێری ئێرانە ڕایگەیاندووە ئەو بانگەشانەی ئەمریکا بێبنەمایە و گووتوشیانە لە عێراق هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژ بوونی نییە.
گوشاری ئابووری لەسەر ئێران
هێندێک لە کارناسان پێیان وایە گوشاری ئابووری لەسەر ئێران ئەرێنی بووە. مایک پۆمپئۆ لە دیدارەکەی خۆیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی سەبارەت بە کارتی نەوتی خاو و گازی سرووشتی وەک هۆکارێکی گوشار بۆ سەر ئێران دانوسانی کردووە. ئاماژەی ناوبراو بە هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەمریکایە بۆ ڕاگرتنی هاوردەی وزە لە ئێرانەوە بۆ عێراق. کۆمپانیای جێنڕال ئیلیکتریک سەرقاڵی دانوسانە بۆ سەرمایەگوزارییەکی ١٤ ملیار دۆلاری لە عێراق و بڕیار وایە بەو زووانە دەوڵەتی عێراق ژێرخانێکی نەوتی بە بەهای ٥٣ ملیار دۆلار لەگەڵ ئیکسۆن مۆبیل واژوو بکات.
ئەو گوشارانەی ئەمریکا عێراقی خستووەتە سەر دوو ڕێیانی هەڵبژاردن لە نێوان واشنتۆن و تاران.