رفتن به محتوای اصلی

بەهارى عەرەبی درێژەى هەیە

بەهارى عەرەبی درێژەى هەیە
AvaToday caption
سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی دونیای عەرەب لە سەرەتای بەهاری عەرەبییەوە تا ئێستا
posted onApril 15, 2019
noدیدگاه

 

لە تونسی پێشەنگی سەرهەڵدانەکانی سەدەی بیستویەکی عەرەب تا سودان کە سەرکۆمارەکەی عومەر عەبدولبەشیر ڕۆژی پێنجشەممەى تێپەڕیو لە ژێر گوشاری خۆپێشاندانى خەڵک و هێزە سەربازییەکانى ئەو وڵاتە لەسەر کار لادرا، چەندین وڵاتی عەرەبی شایەتی شۆڕش و بزاڤی چاکسازیخوازانە بوون.

 

تونس:

گەرچی تونس هەشت ساڵ دوای دەستپێکردنى بەهاری عەرەبی تا ئاستیک توانی ڕەوتی دیموکراسی لە نێو خۆیدا بچەسپێنێت، بەڵام وڵاتانی دیکە کە چوونە نێو بەهارەکە و دەبوو گۆڕانکارى بکەن، تووشی شەڕ و سەرکوت و پشێوی بوونەوە.

خۆسوتاندنی دەسفرۆشێک بە هۆی هەژاری و نەبوونی و گوشارخستنەسەری لە لایەن پۆلیسەوە، بووە هەوێنی بزاڤێکی گەورەی خەڵکی وڵاتى تونس و خۆپێشاندانى گەورە ئەنجام دران کە ئەمەش واى کرد زەینولعابدین بن عەلی سەرکۆماری تونس دوای ٢٣ ساڵ دەسەڵاتەکەی لەدەست وەربگیردرێتەوە.

لە بەفرانباری هەمان ساڵ، یاسای بنەڕەتی نوێی تونس پەسەند کرا و دواتر هەڵبژاردنی پەڕلەمانی لەو وڵاتە بەڕێوە چوو کە لە ئەنجامدا حزبی دژە ئیسلامی "ندا التونس" توانی سەرکەوێ بەسەر ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە بە ڕێبەرایەی حیزبی "نهضت" و هەتا ئەوڕۆ حزبی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە ماوەتەوە. کەمتر لە ساڵێک دواتر محەمەد باجی قائد سیسی لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئەو وڵاتە سەرکەوتنی بە دەست هێنا و ڕێبەری ئەو وڵاتەی بە دەستەوە گرت.

دوای سێ هێرشی تیرۆریستی گەورەی داعش لە ساڵی ٢٠١٥، دۆخی ئەمنی تونس هێدی هێدی بەرەو باشی چوو و پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان و سەرکۆماری پاییزی ئەمساڵ بەڕێوە بچن.

 

میسر:

خۆپێشاندان دژی حوسنی موبارەک، ئەو پیاوەی ٣٠ ساڵ جڵەوی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بە دەستە بوو، توانى قسەى گەورە و بڕیارى چارەنووسساز بدات. دوای ١٨ ڕۆژ شۆڕشی خۆپێشاندانى بەردەوامى کچان و کوڕانى میسر کە لانیکەم ٨٥٠ کەسى تێدا بوونە قوربانى، موبارەک دەسەڵاتی دایە سوپاى ئەو وڵاتە.

لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری میسر، محەمەد مورسی پاڵێوراوی ئیخوانولموسلمین سەرکەوتنی بە دەست هێنا و ناوی ناوبراو وەک یەکەمین سەرکۆماری ئیسلامی میسر ڕاگەیێندرا. دەسەڵاتی ئیخوانییەکان لە کۆتاییدا بە دەستی سوپا و بە فەرماندەیی عەبدوئەلفەتاح سیسی ڕووخێندرا. سیسی کە لە ساڵی ٢٠١٤ و دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ براوەی هەڵبژاردنەکانی میسر بوو، بە بەردەوامی لە لایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەوە تاوانبار کراوە کە دەیهەوێ دەسەڵاتێکی سەرکوتکار دابمەزرێنێ ئەویش بە هۆی ئەوەی ناوبراو بە تووندی دژی گرووپە ئیسلامییەکان و چالاکانی لائیک و چەپگەرا دەجووڵێتەوە.

 

یەمەن:

دەیان هەزار کەس لە خەڵکی یەمەن ڕژانە سەر شەقامەکان و خوازیاری دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەبدوڵا ساڵح بوون لە دەسەڵاتەکەى کە ٢٣ ساڵ سەرکۆماری ئەو وڵاتە بوو و هەر ئەم خۆپێشاندانە واى کرد کە لە ساڵی ٢٠١٢ دەسەڵاتەکەى ڕادەستی جێگرەکەی خۆی واتە عەبد ڕەبە مەنسور هادی بکات.

ساڵی ٢٠١٤ شۆڕشگێرانی حوسی کە ملیشیایەکى شێعەى ئەو وڵاتەیە و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆر لە سەنعایان بە دەستەوە گرت. لە مارسی ٢٠١٥ زایینى و بە سەرکردەیی عەرەبستان هاوپەیمانەتییەکی سەربازى بە بەشداری چەند وڵاتی عەرەبی و بە ئامانجی پێشگرتن لە زیادبوونی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان، هێرش کرایە سەر ئەو گرووپە.

بە گووتەی ڕێکخراوی جیهانی تەندرووستی، بە هۆی شەڕی یەمەن تا ئێستا دەیان هەزار کەس لەو وڵاتە کوژراون. دژبەرانی دەسەڵات، خوازیاری چاکسازی دیموکراتیک لەو وڵاتەدا بوون بەڵام هەر لەو کاتەدا سەدان کەس لە دژبەران ڕووبەڕووی سزایگرتن و لێستاندنەوەی مافی شارۆمەندی بوونەوە.

 

لیبی:

سەرهەڵدانەکان و خۆپێشاندانەکانى لیبییەکان توانیان، موعەمەر قەزافی پەلکێشى مردن بکەن. ناڕەزایەتییەکان بە تایبەت لە شاری بنغازی لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، سەرەتا ڕووبەڕووی سەرکووتی تووند بووەوە. ئەو ڕاپەڕینە کە ببووە شەڕێکی چەکدارانە، خۆتێهەڵقورتاندنى ناتۆ دۆخەکەى گۆڕی و بووە هۆی ڕووخانی تەرابلۆس لە نیوەڕاستی مانگی هاوین. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ ڕەزبەر قەزافی کە خۆی شاردبووەوە، کەوتە دەست دژبەرانی لە زێدەکەى خۆى واتە سیرت و کوژرا.

لەو کاتەوە تا ئێستا لیبیا بە دەست دوو لاینەوە بەڕێوە دەبرێت، کە یەکیان دەوڵەتی یەکیەتی نەتەوەیییە کە لە تەرابلوسە و کۆمەڵگەی جیهانی بە فەرمی دەیناسێت و ئەوەی دیکە کابینەی بەرهەڵستی دەسەڵاتە کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەسەڵاتی بە دەستە. لیبیا بە دەست گرووپە ملیشیاییەکانی ئەو وڵاتە بووە وڵاتێکی لەت و کوت.  داعش بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ شاری سیرتی بە دەست بوو، کەچی ساڵی ٢٠١٦ زایینی لەو شارە ڕاو نرا.

لە ١٥ خاکەلێوە، هێزەکانی مارشاڵ خەلیفە حەفتەر فەرماندەی بەهێز و خاوەن پێگەی ڕۆژهەڵاتی لیبیا، بۆ بەدەستگرتنی تەرابلوس لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی ئەو وڵاتە، لە شەڕدان.

 

سوریە:

خۆپێشاندانێکی ئارام و دژی توندوتیژی لە سوریە و دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەستی پێ کرد. بنەماڵەی ئەسەد، لە ساڵی ١٩٧١ بەولاوە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان بە دەستەوە بووە. ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە لە سەرەتاوە بە تووندترین شێوە سەرکوەت کران و بە دەیان کەس لە خۆپێشاندەران لە خوێنەوە گلێنران. ناڕەزایەتییەکان لە دوای ساڵی ٢٠١٢ گۆڕان بۆ شەڕێکی چەکدارانە و لە کۆتاییدا بووە هۆی ڕوودانی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا.

لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٤ى زایینى، ڕێکخراوە جیهادییەکان بە تایبەت بەرەی نوسرە و دوای ئەو داعشیش لە سوریە بە هێز بوون، ڕژیمی ئەسەد بە پشتیوانی هاوپەیمانەکانی واتە ڕووسیە و ئێران و حیزبوڵای لوبنان چەند بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتەی لە دەست دابوو و لە کۆتاییدا بە دەستی هێنانەوە و ئەوڕۆ دوو لە سەر سێی ئەو وڵاتەی لە ژێر دەستە.

لە کۆتاییەکانی پارساڵ، هێزەکانی سوریەی دیموکرات کە لە زۆرینەى کورد و کەمینەی عەرەب پێک دێن، توانیان دواهەمین سەنگەری داعش لە ڕۆژهەڵاتی سوریە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە. شەڕی سوریە تا ئێستا ٣٧٠ هەزار کوژراو و ١٢ ملیۆن ئاوارەی بەدواوە بووە.

 

جەزایر:

پارەکە، خەڵک دژی عەبدولعەزیز بووتفلیقە کە بۆ پێنجەمین جار خۆی پاڵاوتبوو بۆ سەرکۆماری وڵاتى جەزایر، ڕژانە سەر شەقامەکان و لە ڕۆژی ٢٠ ڕەشەمە بووتفلیقە دەستی لە خۆ پاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەکان کێشایەوە و هەڵبژاردنەکانی دوا خست و بەو شێوە ماوەی دەسەڵاتداری خۆی درێژ کردەوە.

کەچى سێشەممە ١٣ خاکەلێوە، گوشارەکانى خەڵک و خۆپێشاندانى بەردەوام و دونیاى دەرەوە و گوشاری سوپا کە هەڕەشەی کردبوو لە پشتی ناوبراو نامێنێ، ناچار دەستی لە کار کێشایەوە.

پەڕلەمانی نەتەوەیی جەزائیر ڕۆژی ٢٠ خاکەلێوەی ئەمساڵە عەبدولقادر بن ساڵحی وەک سەرکۆماری کاتی ئەو وڵاتەی تا کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دیارى کرد کە وابڕیاڕە ڕۆژی ١٣ پووشپەڕی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

 

سوودان:

٢٨ سەرماوەزی پارەکە، سەدان کەس لە هاووڵاتیانی سوودان لەبەر گرانى و بەرزبوونەوەى نرخی سووتەمەنى بۆ سێ هێندە دەستیان کردە خۆپێشاندان. ئەو سەرهەڵدانە زۆر زوو بووە ناڕەزایەتییەکی گەورەى سەرتاسەرى دژی دەسەڵاتی عومەر بەشیر و دەیان کەس لە کاتی خۆپێشاندانەکان گیانیان لەدەست دا. سەرئەنجام ڕۆژی ٢٢ خاکەلێوەی ئەمساڵ بە هۆى ئەوەى سوپا لەگەڵ خۆپێشاندەران کەوت، عومەر بەشیر لەسەر کار دوور خرایەوە و ئەنجوومەنێکى گواستنەوەى کاتى دەسەڵات دامەزرێنرا.

بەهارى عەرەبی