رفتن به محتوای اصلی

ئەوڕۆ ١٠ خاکەلێوە ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەدە

ئەوڕۆ ١٠ خاکەلێوە ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەدە
AvaToday caption
posted onMarch 30, 2019
noدیدگاه

 

١٠ خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ هەتاوی پێشەوا قازی محەمەد سەرکۆماری یەکەم کۆماری کوردستان وێرای حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی (ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدری قازی (برای پێشەوا) بە بڕیاڕی دادگای ڕژیمی شا لە چوارچرای مهاباد لە سێدارە دران.

 

پێشەوا قازی بە دامەزرێنەری یەکەم کۆماری کوردی لە مێژووی هاوچەرخی سیاسی کوردستان دا دەناسرێتەوە.  دوای دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەى کورد (ژ.ک) لە مەهاباد لە لایەن کۆمەڵیک لە ڕووناکبیران و نووسەرانی ئەو شارە و داوای ئەندامانی کۆمەڵەی ژێکاف پێشەوا قازی پەیوەستی ئەو کۆمەڵەیە دەبێت. دوای ماوەیەک لە کاری کۆمەڵەی ژێکاف و بە هۆی هاتنە ئارای دۆخێکی نوێی سیاسی پێشەوا قازی و ئەندامانی دیکەی کۆمەڵەی ژێکاف لەسەر بنەمای ڕێنوێنییەکانی کۆمەڵە بەڵام بە سرنجدان بە خوازیارییەکانی ڕۆژ، دەگەنە ئەو قەناعەتەی حیزبێکی سیاسی مۆدێرن دامەزرێنن کە بتوانێت وەڵامدەری ئاڵۆگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمە بێت.

هەر بۆیە لە ڕۆژی ٢٥ گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٥ واتە لە ڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف حیزبی دیموکراتی کوردستان دادەمەرزێت. حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەمین حیزبی سیاسی مۆدێڕنی کورد دەبێتە خاڵی کۆتایی ژیانی بزاڤە سیاسییە کلاسیک و عەشیرە و شێخ تەوەرەکانی کوردستان.

قازى ٣

دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ تێکچوونی تاران و هاتنی ڕووس و بەریتانییەکان بۆ ئێران. ئەرتەشی شا شپرز و بێ دەسەڵات دەکەوێ و بە سرنجدان بە بەهێزبوون و گەشەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەو حیزبە لە یەکەم کۆنگرەی خۆیدا کە لە ٢ ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ پێک هات و نوێنەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش وەک مەلا مستە بارزانی تێیدا بەشدار بوون، یەکەمین کۆماری کوری لە شاری مهاباد ڕادەگەیەنێت.

ئەگەرچی هاوکات لەگەڵ کوردستان ئازەرییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێرانیش بە ڕێبەری پیشەوەری کۆماری دیموکراتیکی ئازەربایجانیان ڕاگەیاند، بەڵام دوای بەهێزبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەند و کشانەوەی هێزەکانی شوورەوەی لەو وڵاتە ئەزموونی هەر دوو کۆمار کەوتە مەترسی و دوای وتووێژی زۆری تاران و دەسەڵاتدارانی کۆماری کوردستان بە خاڵی هاوبەش نەگەیشتن.

ئەرتەش هێرشی کردە سەر کۆماری ئازەربایجان و دوای هەڵاتنی پیشەوەری بۆ باکو کوشتارێکی گەورەی خەڵکی ئەو هەرێمەی کرد کە کۆماری ئازەربایجانی تێدا ڕاگەیەندرابوو. پێشەوا قازی کە ئەوە دەبینێ و هاوکات چەند کەسێک لە سەرۆک عەشیرەکانی کوردستان بە شاراوە و ژێر بە ژێر نامەی پشتیوانیان بۆ شای ئێران ناردبوو و ئەرتەشی شوورەوی ئاوا بە خێرایی ناوچەکە بە جێ دێڵیت، بڕیار دەدات لە  بەرامبەر ئەرتەشی شادا شەڕ نەکات.

کاتێک مەلا مستەفا بارزانی داوای لە پێشەوا قازی دەکات لەگەڵی بڕوات و خۆی بە دەستەوە نەدات، پێشەوا قازی بەوە ڕازی نابێ و بۆ پاراستنی گیانی خەڵک بڕیار دەدات خۆی بە دەستەوە بدات. ٦ ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٥ لێژنەی تایبەت بە داگایی کردنی پێشەوا قازی بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ ڕەزا دەگاتە کوردستان و دادگایی پێشەوا دەست پێ دەکات.

قازى ٢

 لە دادگاکەدا پێشەوا قازی بەم تۆمەتانەى خوارەوە تاوانبار دەکرێ:

یەکەم: گۆڕین و دەستکاری نەخشەی وڵاتی ئێران

دووەم: ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیرکردنی بەشیک لە خاکی ئێران بە ناوی کوردستان

سێیەم:بازرگانیکردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگادری دەوڵەتی ناوەندی

چوارەم: درووستکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە بە لکاندنی چوار بەشی کوردستان پێکەوە

پێنجەم: هێنانی بێگانە بۆ خاکی ئێران و بەشێک لە خاکی ئێران خستنە ژێر دەستی "مەلا مستەفا بارزانی"

شەشەم: دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان

حەوتەم: لێدانی سکەی دراو بۆ کوردستان

هەر ئەمەیش بوو کە پێشەوا قازی و برا و ئامۆزاکەی بە سێدارە سزا دەدرێن و دوای سێ مانگ دەستبەسەرکران جارێکی دیکە دادگای پێداچوونەوەیان بۆ پێک دێنن. زانیارییەکانی کە لە دادگاییکردنی پێشەوا قازی بڵاو بوونەتەوە، باس لەوە دەکەن هەر جارێک لەو دوو جارەی پێشەوا دادگایی کراوە زیاتر لە چوار کاتژمێر قسەی کردووە و بە گووتەی سەروان شەریفی کە پارێزەری پێشەوا قازی بوو ئەوە پێشەوا قازی بوو کە حکومەتی دادگایی کردووە.

لە بەرەبەیانی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ هەتاوی پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خان سەیفی قازی و ئەبولقاسم سەدری قازی بە دەستی نێردراونی ڕژیمی حەمە ڕەزا شا لە چوارچرای شاری مهاباد و هەر لەو شوێنەی کۆماری کوردستانی تێدا دادەمەزرێت لە سێدارە دەدرێن. پێشەوا قازی لە کاتی لە سێدارەدانی نەیهێشت چاوی ببەستن و گووتبوی "پێم خۆشە لە دوایین چرکەی ژیانم بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتیمانی خۆشەویستم بڕوانم".

قازى محەمەد

دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان لە ماوەی ١١ مانگی تێکۆشانی خۆیدا:

یەکەم: پێکهێنانی ئەرتەشی کوردستان و پەنانەبردن بۆ هێزی عەشیرەتێکی تایبەت

دووەم: تەرخانکردنی ناوی پێشمەرگە بۆ هێزی چەکداری کورد

سێیەم: درووستکردنی ئاڵای کوردستان

چوارەم: کردنەوەی قوتابخانە و وەڕێخستنی سیستەمی خوێندن بە زمانی کوردی

پێنجەم: دامەزرانی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستان

شەشەم: نەهێشتنی تاوانی وەک دزی و ئینسانکووشتن لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆمار و چەندین دەسکەوتی دیکەی سیاسی و مێژوویی

حەوتەم: پەرەدان بە ڕۆژنامە گەری کوردی و دەرچوونی چەندین ڕۆژنامە بۆ کۆمەڵگە بە گشتی و بە تایبەت بۆ ژنان و منداڵان و لاوان

 

شایانی باسە ڕۆژی ١٠ى خاکەلێوە لە لایەن درێژەدەرانی ڕێبازی پێشەواز قازی واتە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنی جیابووە لەو حیزبە واتە حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ناوزەد کراوە و هەموو ساڵێ لەو ڕۆژەدا بە سەردانکردنی گۆڕستانی شەهیدان پەیمان لەگەڵ ڕێبازەکەیان نوێ دەکەنەوە.