رفتن به محتوای اصلی

توێژەرێکى ئیسرائیل بۆ ئاڤاتودەى: نوجەبا و حەشدى شەعبی نۆکەرى ئێرانن

توێژەرێکى ئیسرائیل بۆ ئاڤاتودەى: نوجەبا و حەشدى شەعبی نۆکەرى ئێرانن
AvaToday caption
posted onMarch 9, 2019
noدیدگاه

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئێوارەى سێشەممەى ڕابردوو، یەکێک لە باڵەکانى میلیشیای حەشدی شەعبی عێراقی خستە نێو لیستى تیرۆرەوە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ویلایەتى فەقێ و عەلى خامنەیی ڕابەرى کۆمارى ئیسلامی ئێرانەوە هەیە. لەو باریەوە توێژەرێکى ئیسرائیل پێشبینى دەکات "سەرجەم هێزەکانى حەشدی شەعبی بخرێتە نێو لیستەکەى ئەمەریکاوە"، بە گووتەى خۆیشى "ئێستا ڕێکارە دیپلۆماتیکەکان گیراونەتە بەر بۆ چارەسەرکردنى ئەو پرسە".

 

ئیدی کۆهین، توێژەری ناوەندی "بیگین سادات" بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەى ستراتیژی لە تەلئەبیبی پایتەختى ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تۆڕى  میدیایی ئاڤاتودەى ڕایگەیاند "هەوڵێک هەیە بۆ هەڵوەشانەوەى حەشدی شەعبی و تێکەڵکردنیان بە سوپای عێراق، یەکەم ڕێکارەکانیش بە هەوڵى دیپلۆماتى دەبێت".

توێژەرە ئیسرائیلییەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە "ئەوانە نۆکەرى ئێرانن و بە بڕیارەکانى ویلایەتى فەقێ کار دەکەن، وێنەى خامنەیی لە نێو نووسینگەکانیان هەڵواسراوە، ئەوان گوێ بە عێراق نادەن، دوایین خەمیان دەوڵەتى عێراقییە".

 

ئەمەش دەقى چاوپێکەوتنەکەیە:

ئیدى کۆهێن

ئاڤا تودەى: تۆمارکردنى بزووتنەوەى نوجەبا لە نێو لیستى تیرۆری ئەمەریکا چۆن دەبینن؟

ئیدی کۆهین: هەنگاوێکى چاوەڕوان کراو بوو لە ئیدارەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمەریکا، کە بەرەنگاربوونەوەى ئێران و نۆکەرەکانى لە حیزبوڵای لوبنانییەوە تا ئەوانەى دیکە، ئەمەریکا ئێستا هەوڵ دەدات لە ڕووى ئابوورییەوە لەحیزبوڵا بدات و، بیخاتە ڕیزی ئێران، کە لە تشرینى دووەمی ڕابردووەوە سزای بە سەردا سەپاندووە.

ئێستا واشنتۆن دەیەوێت شادەمارى ژیانى نۆکەرەکانى ئێران لە عێراق بپچڕێنێت، هەشتپێى ئێرانى یاخود هیلالى شێعی لە تارانەوە دەست پێ دەکات و، ئەمەریکاش دەیەوێت ئەو مانگە شێعییە کە لە عێراقەوە بەرەو سووریا ڕۆیشتووە، ببڕێت. ئەوانە بزووتنەوەى ترسنۆکن نەوەک نوجەبا، بەردەوام هەڕەشەى لێدانى ئیسرائیل و ئازادکردنى فەلەستینیان دەدات، جگە لەوانەش گوێمان لەهیچ نەبوو و هیچ لە بارگەیاندا نییە، چاوەڕوانیشین بزانین چ دەکەن، چونکە ئێمە لەو باوەڕەین چارەنووسیان نەمانە، هاوشێوەى سەرجەم میلیشیا تایفییەکانى دیکە کە بەم دواییانە دروست بوون.

تیشکى ئێستای ترامپ، بەرەنگاربوونەوەى نۆکەرەکانە سەرەتا، پاشان سەرە مارەکە کە ئێرانە، ئەمەش تێروانینى منە بۆ تۆمارکردنى بزوتنەوەکە لە لیستى تیرۆرى ئەمەریکایە.

 

ئیدى کۆهێن ٢

ئاڤاتودەى: بە بۆچوونى ئێوە ئەمەریکا تەنها لە بزووتنەوەى نوجەبا دەوەستێت یاخود لیستەکە سەرجەم پێکهاتەکانى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی دەگرێتەوە؟

ئیدی کۆهین: نەخێر هەموویان تۆمار دەکرێن، ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ هەڵوەشانەوەى حەشدی شەعبی و تێکەڵکردنیان بە سوپاى عێراق، یەکەم هەنگاویش بە ڕێکارى دیپلۆماتی دەبێت، بۆ ئەوەى ئەو هێزەى پێی دەگووترێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنرێتەوە، هاوشێوەى لوبنان.

ئەگەر ڕێکارە دیپلۆماتیکەکان شکستى هێنا وەک پێشبینى دەکەم، چونکە ئێران جگە لە زمانى هێز لە هیچ زمانێکى دیکە تێناگات، ئەوا سەرجەم حەشدی شەعبی هاوشێوەى میلیشیا تایفییەکان دیکە دەخرێتە لیستى تیرۆر، ئێستا چانسێکى دیپلۆماتى لە ئارادایە.

 

ئیدى کۆهێن ٣

ئاڤاتودەى: تۆمارکردنى بزووتنەوەى نوجەبا لەنێو لیستى تیرۆرى ئەمەریکا مەترسی ئاسایشى بۆ گۆڕەپانى عێراق دروست ناکات، لەکاتێکدا هێزى ئەو میلیشیایە لەسنوورى ١٠ هەزار چەکدار دەبێت و، زۆربەى چەکەکانى سوپای عێراقیان لەبەر دەستە؟

ئیدی کۆهین: سەرەتا، ئەوان بە هەنگاوە دیپلۆماتیکەکان دەست پێ دەکەن، لە بیریشت نەچێت ئەوان گەلى عێراقی دەکوژن، ئەمەش بابەتێکى نوێ نییە، بینیمان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ خۆپێشاندەران کرد، لەگەڵ پرسی کەرکوک و کوردەکان چۆن هەڵسوکەوتیان کرد، وێنەکانیش لەبەرچاوان ماوە، ئەوانە نۆکەرى ئێرانن و، بە پێی بڕیارەکانى ویلایەتى فەقێ کار دەکەن، وێنەکانى خامنەیی لە نووسینگەکانیان هەڵوەسراوە، ئەوان خەمی عێراقیان نییە، دوایین پرسیان دەوڵەتى عێراقە. بێگومان مەترسیین بۆ ڕەوشى عێراق، ئەمەش کارە دیپلۆماتیکەکان چارەسەرى دەکات، چاوەڕوانى کارى باشین، ئومێدى باشترین.