رفتن به محتوای اصلی

خۆزە ساراماگۆ: لە چیرۆکەکانمدا مرۆڤێکى باشترم

خۆزە ساراماگۆ: لە چیرۆکەکانمدا مرۆڤێکى باشترم
دەڵێن خۆزە ساراماگۆ کە بە ڕۆمانى کوێرى ناوێکى گەورەى لە نێو دونیا بۆ خۆى دەستەبەر کرد، بابەتى دڵخوازى "مەرگ" بووە. ڕۆژنامەنووسێکى ئەمەریکایی لە وتارێکدا هەوڵ دەدات گۆشەیەک لە دڵەڕاوکێ و کەڵکەڵەییەکانى ئەو پیاوە تاوتوێ بکات.
posted onMay 26, 2018
noدیدگاه

 

لە رۆمانى "ڕێنوێنى نیگارکێشان و خۆشنووسى" کە چل ساڵ بەر لە ئێستا نووسیم، قارەمانەکە کەللەسەرێک لە نێو دەستەکانیدا دەگرێت کە لە  ڕاستیدا دووبارەبوونەوەى ڕاستییەک بوو کە بۆ خۆم ڕووى دابوو. ئەزموونى بەدەستەوەگرتنى کەللەسەرى باوکم کە لە شەڕى جیهانى یەکەم گیانى لەدەست دابوو. کارەکەى من دووبارەکردنەوەى ڕەفتارى فەیلەسووفانەى "هاملێت" لەسەر قەبرى ئاشنایەکى سەردەمى منداڵیی نەبوو. مەرگى باوکم تەنیا ڕاستییەک بوو کە هەبوو و نەمدەتوانى لێى ڕابکەم و خۆمى لێ بشارمەوە.

 

پێداگرى زیاد لە ڕادەبەدەرى خۆزە ساراماگۆ لەسەر بیرکردنەوەى ژیرانە و بەیانکردنى ڕەخنەکان و ڕێگەچارە فەرهەنگى و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەى چیرۆکنووسینەوە، ئەو هەستە دژە پلەوپایەخوازییەى دەداتێ کە بلێت ڕۆمانەکانم جۆرە وتارێکن بە دەنگ و ئاوازێکى چیرۆکبێژییەوە.

 

واپێدەچوو مەرگ یەکێکە لە مژووڵە زەینییەکانى نووسەر چونکە لە یەکێک لە دواهەمین بەرهەمەکانى بە ناوەى "هێرشى دووبارەى مەرگ" قارەمانە سەرەکییەکەى چیرۆکەکە کە کەمانچەژەنێکە، لەگەڵ ژنێکدا ئاشنا دەبێت کە لە ڕاستى هەمان "مەرگ"ـە. لەم چیرۆکەدا، خەڵکى بۆ ماوەیەکى کەم دوور دەبن لە مەرگ، بەڵام وەک هەمیشە، حەقیقەت ئاراستەى حیکایەتەکە دەگۆڕێت و دووبارە مەرگ دەبێتەوە بە کردە و ڕووداوێکى سرووشتى و قبوڵکراو.

جەیمز وۆد، ڕەخنەگرى بەنێوبانگ، ئاماژەى بەو خاڵە سەرەکییە کردووە کە باوک و دایکى ساراماگۆ کە لەبەر هەژارى لە لای بنەماڵەیەکى دیکە دایاننا، ناچار بوو حەقیقەتى گوند و خەیاڵى ئەفسانە فۆلکلۆرییەکانى باپیرە و داپیرەى، لە زەیندیدا تێکەڵ بە یەکترى بکات. خۆزە ساراماگۆش نووسەرێکى مۆدێڕنە و هەم پابەندی شێوەیەکە لە گێڕانەوەیەکى کلاسیک. لە لایەکەوە، ڕستە و دەستەواژەى درێژ لە نووسینەکانیدا دەهێنێتەوە و لە لایەکى ترەوە بە قەستى فاریزە و خاڵ و نیشانەى پرسیار و کۆت و ... لە نووسینەکانیدا فڕێ دەدات.

ئەم تێکهەڵکێشە هاودژە کە هەم بەهایەک ناداتە نووسینى ڕێک و بەڕێزانەى نەریت و هەم چیرۆکەکانى لە زمانى کەسانێکى نەخوێندەوارەوە دەنووسێت کە فەزا و تواناییەکى باش و گەورە لە خەیاڵ و بەرفراوانییان بۆ دروست دەکات. شێوازى بەکاربردنى قارەمانەیلى سادە و ئاساییە بە گێڕانەوەیەکى ئاڵۆز و ناڕوون و گێژکەرانە، ڕێگەى ئەوەى بۆ خۆش دەکات کە قسەکانى تێکەڵ بە ئەفسانە و ئەستوورەکانى وڵاتەکەى بکات. ساراماگۆ بەم فێڵە، وزەى چیرۆکنووسى لە کۆتوبەندى سنووردارییەتەکانى نەریت ڕزگار دەکات و هاوکاتیش، بە بێچاووڕووییەوە قسەکەى لە زمانى ڕاوییەکى سادە و باوەڕپێنەکراوەوە دەکات.

 

جەیمز وۆد، ڕەخنەگرى بەنێوبانگ، ئاماژەى بەو خاڵە سەرەکییە کردووە کە باوک و دایکى ساراماگۆ کە لەبەر هەژارى لە لای بنەماڵەیەکى دیکە دایاننا، ناچار بوو حەقیقەتى گوند و خەیاڵى ئەفسانە فۆلکلۆرییەکانى باپیرە و داپیرەى، لە زەیندیدا تێکەڵ بە یەکترى بکات.

 

خۆزە ساراماگۆ لە یەکێک لە گفتوگۆکانیدا گوتوویەتى: "من ڕۆماننووس نیم. زیاتر وتارنووسم کە وتارەکانم لە ڕۆماندا دەگونجێنم". پێداگرى زیاد لە ڕادەبەدەرى خۆزە ساراماگۆ لەسەر بیرکردنەوەى ژیرانە و بەیانکردنى ڕەخنەکان و ڕێگەچارە فەرهەنگى و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەى چیرۆکنووسینەوە، ئەو هەستە دژە پلەوپایەخوازییەى دەداتێ کە ڕۆمانەکانى جۆرە وتارێکن بە دەنگ و ئاوازێکى چیرۆکبێژییەوە.

ساراماگۆ کاتێک کە زانى خەڵاتى ئەدەبیاتى نۆبێڵى ساڵى ١٩٩٨ى زایینى پێ دراوە، ڕستە بەنێوبانگەکەى شاعیرى بەنێوبانگ "فێرناندۆ پێزوا'ى شارى گەورەى وڵاتەکەى هێنایەوە کە دەڵێت "خەت و زمانى پورتوگالى، نیشتمانى منە" و خەڵاتى نۆبێڵى کردە دیارى بۆ هەموو خەڵکى پورتوگالزمان. هەربۆیە لە کۆتایی ئەم وتارە کورتەدا ئەو ڕستە گرنگەى ساراماۆگتان بۆ دەهێنینەوە کە دەڵێت:

"دەبێت ئەوەش بڵێم کە بە گشتى ئەو کەسایەتییەى کە لە نێو نووسینەکانمدا لە خۆمى نیشانی دەدەم، لە خودە ڕاستەقینەکەم باشترە".

 

 

سەرچاوە:

 Richard A. Preto-Rodas , José Saramago: Art for Reason’s Sake World Literature Today, Vol. 73, No. 1 (Winter, 1999), pp. 11-18 , Published by: University of Oklahoma