رفتن به محتوای اصلی

ئێران لە ڕیزبەندیی هەرە گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایە

ئێران لە ڕیزبەندیی هەرە گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایە
posted onFebruary 12, 2026
noدیدگاه

ڕێکخراوی ڕوونکاریی نێودەوڵەتی (Transparency International) لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە پێوەری جیهانیی گەندەڵی ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، هێشتا وەک یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان لە لیستەکەدا ماوەتەوە.

بەپێی ئامار و داتاکانی ئەم ڕێکخراوە، لە کۆی 183 وڵات کە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە، ئێران لە پلەی 153ـەمین دێت. ئەمەش نیشانەی بەردەوامیی قەیرانی شەفافیەت و بڵاوبوونەوەی گەندەڵییە لە دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەدا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم پێوەرە جیهانییەدا، هاوپلەی هەریەکە لە وڵاتانی لوبنان و کۆنگۆیە.

سیستمی نمرەدان لەم پێوەرەدا لەسەر بنەمای (0 بۆ 100) کار دەکات؛ بە جۆرێک نمرەی 100 وەک کەمترین ڕێژەی گەندەڵی (پاکترین) و نمرەی سفر وەک بەرزترین ئاستی گەندەڵی ئەژمار دەکرێت. ئێران لەم هەڵسەنگاندنەدا تەنیا 23 نمرەی بەدەست هێناوە، ئەوەش بەگوێرەی شرۆڤەی پسپۆڕان، دەرخەری هەبوونی گەندەڵییەکی قووڵی پێکهاتەیی، ئیداری و ئابوورییە، هاوکات ئاماژەیە بۆ ناکارامەیی سیستمی بەڕێوەبردن لەو وڵاتەدا.

ڕێکخراوی ڕوونکاریی نێودەوڵەتی ساڵانە لە ڕێگەی ئەم پێوەرەوە ئاستی گەندەڵی لە کەرتی گشتیی وڵاتانی جیهاندا دەپێوێت و ڕاپۆرتەکانی وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ وەبەرهێنەران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەژمار دەکرێن.