رفتن به محتوای اصلی

دەستدرێژیکردنە سەر ژنە دەستبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕین لە زیندانی ئیتلاعاتی سوپا ـ زاهیدان -١

دەستدرێژیکردنە سەر ژنە دەستبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕین لە زیندانی ئیتلاعاتی سوپا ـ زاهیدان
AvaToday caption
posted onFebruary 13, 2023
noدیدگاه


▪️ بەشى یەکەم


ئاژانسی هەواڵی «حال وەش» چەندین ڕاپۆرتی دەست کەوتووە کە دەیسەلمێنن لێکۆڵەرانی هەواڵگریی سوپای پاسداران دەستدرێژی سێکسییان کردووەتە سەر دەستبەسەرکراوەکانی زیندانی ناوەندی زاهیدان

▫️ئەم هەواڵدەرییە پێشتر چەندین ڕاپۆرتی سەبارەت بە دەستدرێژی و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی لە زیندانەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بڵاو کردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە ئەم دامەزراوە ئەمنییە ـ تیرۆریستییە، "دەستدرێژی" وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن بە کار دەهێنێت.

▫️هەرچەندە لەو کاتەدا ڕاپۆرتی جۆراوجۆری دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر بە دەستگیرکراوەکان لەلایەن پەیامنێرانی حال وەشەوە بڵاو دەبووەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم هەواڵدەرییە نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم ڕاپۆرتانەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر قوربانییەکان یان کەسوکاری پلە یەک پشتڕاست بکاتەوە، وازی لە بڵاوکردنەوەیان هێنا و تەنیا ڕاپۆرتی پشتڕاستکراوی "دەستدرێژی سێکسی و هەڕەشە"ی بڵاو کردەوە.  بەڵام ئێستا زانیاریی دەستی یەکەمی پێ گەیشتووە کە قوربانییە ژنەکان خۆیان پشتڕاستی دەکەنەوە کە "دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر" لەلایەن لێکۆڵەرانی دەزگا ئەمنییەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرکردنیان لە ئیتلاعاتی زاهیدان.

▫️ ئێستا بە مەبەستی یارمەتیدان لە پاراستنی ناسنامەی ئەو قوربانیانەی کە هاوکار بوون لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە ناوەکان و پێدانی زانیاری کە ببێتە هۆی ئاشکراکردنی ناوەکانیان، مەترسیدارە بۆیە ئەم هەواڵدەرییە خۆی لەمە بەدوور دەگرێت

▫️بەگوێرەی لێدوانی قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی، کارمەندانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و لێکۆڵەرانی ئەم دەزگا ئەمنییە تیرۆریستییە لە ماوەی لێپرسینەوەدا دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ژمارەیەک کچی لاو. پشتبەستن بەو پرسیارانەی کە لێکۆڵەران لەم کچە لاوانەیان کردووە، ڕوونە کە لێکۆڵەرانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران مەبەستیان بووە لە ڕێگەی زمانی ئەو ژنە دەستگیرکراوانەوە "سیناریۆیەک دژی کارمەندانی کۆمەڵگەی مەکی زاهیدان" دروست بکەن".

▫️یەکێک لە قوربانییەکان کە لە ڕاپەڕینی دژ بە حکومەتی ئاخوندی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کچی دیکە دەستگیر کراوە، باسی لە هەڵسوکەوتی هێزە بەکرێگیراوەکانی خامنەیی کردووە لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا و دواتر بە پەیامنێرەکەی گوتووە کە: "سەرەتا فڕێدراینە ناو ڤانە ڕەشەکە، دوای ئەوە مۆبایل و جانتا و شتەکانیان لێ وەرگرتین، تەنانەت کەلووپەلی جوانکاریی نێو جانتاکەشیان بردین".

▫️بە وتەی ئەم قوربانییە، "بەکرێگیراوەکان لە کاتی گواستنەوەدا بێ هیچ هۆکارێک بە پێلەقە و زللە توندوتیژییان بەرامبەر کردوون، بێ هیچ پرسیارێک".