رفتن به محتوای اصلی

‌پەژاک لە زمانی سیامەندی موعینی یان پەژاک لە زمانی قەندیل؟!

‌پەژاک لە زمانی سیامەندی موعینی یان پەژاک لە زمانی قەندیل؟!
AvaToday caption
posted onJuly 1, 2021
noدیدگاه

هیوا ساڵحی

شەوی ڕابردوو، سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک لە رەفتارێکی سەردەمیانە و دێموکراتیک لە کڵاب هاوس بەشداری کڵابی ڕۆژهەڵاتی کرد و وێڕای دەربڕینی وتەکانی خۆی، پرسیاری ئەندامانی ژوورەکەیشی وەڵام دایه‌وە.

سیامەند موعینی وەکوو هاوسەرۆکی پەژاک، لەم بەرنامەدا چەند خالێکی دەستنیشان کرد کە بە پێی بەڵگەکان، پێچەوانەی ئەو دەنگەیە کە لە لایەن پەژاکەوە لە قەندیل دەبیسترێت و لە لایەن پێگە فەرمییەکانی ئەو حیزبە یان نزیک لەو حیزبە بڵاو ئەکرێتەوە، کە بۆ نموونە چەند دانەیک لەو پارادۆکسانە لە خوارەوە باس ئەکەین:

١- بەڕێز موعینی باسی لەوە کرد کە نابێت بە حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵە هیچ بێ ڕێزییەک بکرێت و تەنانەت ئیدیعای ئەوەشی کرد کە تا ئێستا پەژاک بێ‌ڕێزیی بەو حیزبانەی نەکردووە، وادیارە کاک سیامەند یان بێ‌ئاگایە یان خۆی لە بابەتەکە بێ‌ئاگا نیشان ئەدات، رۆژ نییە لە یەکێک لە کاناڵ یان پەیجە مەجازەییەکانی سەر بە پەژاک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێ‌ڕێزیی نەکرێت بەو حیزبانە، ئەساسەن دەستەواژەی "کەمپ نشینەکان" بەرهەمی دەزگای پرۆپاگاندای پەژاکەو ئێستاش ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە ڕۆژانە بۆ هێرش کردنە سەر ئەم حیزبانە کەڵکی لێ وەرئەگرن.

۲- بەڕێز موعینی زۆر پێداگری لەسەر مۆستەقێل بوونی پەژاک لە پەکەکە کرد و ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئەوان خۆیان خاوەن بڕیارن و لە ژێر کاریگەری پەکەکەدا نین، باشە پرسیار ئەوەیە ئەگەر پەژاک خۆی خاوەن بڕیارە، ڕوونی بکاتەوە لە پێناو چی ساڵی 2011 بەرزاییەکانی جاسووسانی سەردەشتی ڕادەستی سپای پاسداران کرد؟! بۆ ئیجازەیان دا کە بەڕێز موراد قەرەیلان لە بابەتەکە تەداخۆل بکات؟! بۆ لە 2011 تا ئێستا کە زیاتر لە دە ساڵە لە ئاگربڕدان؟! باشە ئەگەر ناتوانن لە بەرامبەری کۆماری ئیسلامی شەڕ بکەن دەی ئەو کات چ جیاوازیەکیان لە گەڵ دێموکرات و کۆمەڵە هەیە کە بەوان ئێژن "کەمپ نشین"؟!

٣- بەڕێز موعینی ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئەگەر ئەمەریکا یان ئیسرائیل یان هەر وەڵاتێک‌تر شەڕی ئێران بکات ئەوان وەکوو پەژاک نە تەنیا دژی ئەو شەڕە نابن بگرە پشتیوانیشی لێوە بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەردەوام بەرپرسانی پەژاک لە قەندیل ڕایانگەیاندووە کە ئەوان دژ بە هێرشی سەربازی ئەمەریکان لە سەر ئێران!.

۴- بەڕێز موعینی ئیدیعای ئەوەی کرد کە منداڵی تەمەن خوار هەژدە ساڵ لە نێوان ڕیزەکانی گەریلای پەژاک‌دا بوونی نییە، بەڵام هەر لەو بەرنامەیەدا بەڕێز عەمار گۆڵی، ڕاشکاوانە باسی کچێکی ۱۳ ساڵانی خەڵکی سەقزی کرد کە لە لایەن گەریلاکانی یەرەکەوە بەشدار کراوە و پرسیاری ئەوەشی لە بەڕێز موعینی کرد کە هۆی ئەم ناهەماهەنگییەی نێوان بەشی سیاسی و سەربازی پەژاک چییە؟!

ئەگەر چی لەم کورتە نووسراوەدا ناتوانین باس لەسەر تەواوی خاڵەکان بکەین بەڵام ئەو پێناسە کە بەڕێز کاک سیامەند لە پەژاک کردی بۆ هەموو کوردێکی ڕۆژهەڵات جێی خۆشحاڵی بوو بەڵام بەداخەوە ڕێک وەکوو خەونێک ئاوابوو لەبەر ئەوەیکە واقعیەتی پەژاک پێچەوانەی قسەکانی کاک سیامەندەو هەر بەم هۆکارەوە ئەم پرسیارە ئاراستەی بەڕێزیان ئەکەم:

پەژاک لە زمانی سیامەندی موعینی یان پەژاک لە زمانی قەندیلەوە؟!

وادیارە باسەکانی بەڕێز موعینی ئەو شکافەی ناو په‌ژاکی بۆ هەموو کەسێک ئاشکرا کرد.