ئەنجومەنی بەرگریکارانی مافی مرۆڤی کوردستان ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندان، ڕاگەیێنراوێکی بڵاو کردووەتەوە و نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەڕبڕیوە.
لە دەقی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە:
کۆتایی بەن بە سەر کۆتکردنی خەڵکی کورد
لەم ڕۆژانەدا، شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی چالاکانی مەدەنی، خوێندکاری و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بووەتە هۆی ناڕەزایی دەربڕین و نیگەرانی هەموو هاووڵاتیانی کوردستان. ئەنجومەنی بەرگرانی مافی مرۆڤ وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین، ئیعترازی هەیە بە پێشلکردنی سەرەتاییترین مافە یاساییەکان و دەستبەسەر کردن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی.
ڕەخنە دەگرێت لەبارەی چۆنیەتی دەستبەسەرکردن، بارودۆخ و شوێنی حەوانەوە، نەبوونی مافی پارێزەر و بێ ئاگایی بنەماڵەکان لە حاڵی دەسبەسەرکراوەکان.
ڕادەگەیەنێت کە بەداخەوە لە ڕابردوودا ئەم هەڵسوکەوتانە بووەتە بناغەی مەلەفسازی و پرۆژەی سیاسی و ئەمنی بەتایبەت لە کوردستان و سیستان بەلووچستان و تەنیا بە هۆی ئیرادەی سیاسی و سەرکۆتگەر سزای نادادپەروەرانە و بە بێهۆیان سەپاندووەتە سەر خەڵکی ئەم ناوچانە.
هەر بەم هۆیەوە ئەنجومەنی بەرگرانی مافی مرۆڤ، وێڕای ناڕەزایەتى جیدی بە ئەمنییەتیکردنی کەشی ڕۆژهەڵاتى کوردستان و درێژەدانی سەر کۆت لەم ناوچە بێبەش و ڕەنجدەرە، خوازیاری ئازادی هەرچى زووى دەستبەسەرکراوەکانی و خوازیاری کۆتاییهێنان بە پێشلکردنی مافی تۆمەتباران و دڵەڕاوکێ بنەماڵە و هاووڵاتییانە.