بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

گوتەبێژى هۆزە عەرەبییەکانى ناوچە جێناکۆکەکان بۆ ئاڤاتودەى: ئێران فیتنەى عێراقە

گوتەبێژى هۆزە عەرەبییەکانى ناوچە جێناکۆکەکان بۆ ئاڤاتودەى: ئێران فیتنەى عێراقە
posted onJanuary 21, 2019
noبۆچوون

 

گۆڕانکارییە خێراکانى گۆڕەپانى سیاسی عێراق، وای کردووە، هەر لایەن و وڵاتێک هەوڵ بدات دەستکەوتى سیاسی و سەربازی زیاتر بەدەست بهێنێت، لەلایەک ولایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت بەغدا لە دەست ئێران دەربهێنێت و لە ئاسمانێکى فراوان جێگیرى بکات، بەڵام فراکسیۆنە نزیکەکانى کۆمارى ئیسلامی ئێران دەیانەوێت لە ڕێگەى ئەنجومەنى نوێنەرانى وڵاتەکەیانەوە ئەمریکا ناچار بکەن لەو وڵاتە دەربچێت و بە تەواوى عێراق بخەنە باوەشى ئێران.

 

لەچاوپێکەوتنێکى تایبەتدا لەگەڵ تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، "مەزاحم حویت" گوتەبێژى هۆزە عەرەبییەکانى ناوچە جێناکۆکەکان ئاماژەى بەوە کردووە "ئێران فشارێکى زۆرى کردۆتە سەر فراکسیۆنە سوننەکان بۆ ئەوەى لەبەرەى سیاسییەکەى کۆیان بکاتەوە" و ئاشکراشی دەکات "زۆربەى سەرکردە سوننەکان لەگەڵ پێکهێنانى هەرێمێکى تایبەتن بۆ سوننەو سەرجەم پێکهاتەکانى ئەو ناوچەیە، بەڵام ترسیان لەتیرۆرکردن و دەستگیرکردن هەیە بە تۆمەتى تیرۆر و خیانەتى نیشتیمانى".

ئەمەش وردەکارى چاوپێکەوتنەکەیە:

 

ئاڤا تودەى: بەشێک لە فراکسیۆنە سیاسییەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بەنیازن یاسایەک دەربکەن بۆ ئەوەى سەرجەم هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەیان ناچار بکەن بکشێننەوە، ئێوە وەک هۆزەکانى نەینەوا چۆن لەو جۆرە پرۆژە یاسایە دەڕوانن؟

▫️ مەزاحم حویت: ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەى فشارێکى ئێرانییەوە سەرچاوەى گرتووە، وەک دەزانن هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لە سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکى پەرلەمان هەموویان لە لایەنگرانى ئێرانن و ئەمەش بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، هەروەها زۆربەى فراکسیۆنەکانى نێو پەرلەمان لە شێعە و سوننەکان لەبەرەى ئێرانەوە نزیکن، ئەوان دەیانەوێت پرۆژە یاسایەک لە نێو پەرلەمان بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا بسەپێنن، لە ڕاستیشدا ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن، چونکە مانەوە و دەرچوونى هێزەکانى ئەمریکا بەدەست پەرلەمانەوە نییە، چونکە ئەوان بە مەنهەجی تایفی کار دەکەن و شتێکى تازەش نییە بۆ هۆزە عەرەبە سوننەکان.

ئەمرۆ کاتێک بڕیارێک لە پەرلەمان لەبارەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا دەردەچێت، پێویستە پێشوەخت سەرجەم گرووپە میلیشیاکان هەڵبوەشێنێتەوە و سەرجەم ئەو میلیشیا ئێرانییانەش کە لە ژێر فەرمانڕەواى حەشدی شەعبی کار دەکەن دەربکەن، ئێمە پێویستمان بە مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەخاکی عێراق هەیە، چونکە ئەوان ڕۆڵێکى سەرەکییان هەبوو لە دواى ٢٠٠٣ تا ئێستا لەبەرەنگاڕبوونەوەى تیرۆر و داعش، هاوکات هێزە ئەمریکییەکانیش بەشێکن لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى.

ئەگەر پاڵپشتى هێزەکانى ئەمریکا لەگەڵ حکومەتى عێراقی و حکومەتى هەرێمى کوردستان نەبووایە بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، ئەوا ئەوکات ئەو گرووپە سەرجەم پارێزگاکانى باشوورى داگیر کردبوون. پێمان وایە ئەو بڕیارانە فشارێکى ئێرانییە و لەلایەن هەریەک لە قاسم سولەیمانى و حەسەن ڕوحانى و چەندانى دیکە دەرچوونە بۆ ئەوەى ئەو هێزانە لە عێراق دەربکەن.

ئەوەشمان بیر نەچێت، ئەو هەوڵانە هاوکات لەگەڵ دەرچوونى لیستێکى ئەمریکی لە بارەى ٦٧ گرووپی چەکداری گرووپە میلیشیاکانى حەشدی شەعبی، کە داواى لە حکومەتى بەغدا کردووە چەکەکانیان بکشێنێتەوە، کە پێم باشە و دروستە. پێشتر چەندین داوامان لەو بارەیەوە پێشکەش بە لایەنى ئەمریکا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە لەبارەى پێگەو چەکەکانى گرووپە میلیشیاکان.

پێم وا نییە بتوانرێت بڕیارێکى لەو شێوەیە دژى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا دەربکەن، ئەگەریش لە هەر ئەگەرێکدا بڕیارێکى لەو شێوەیە دەربچێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە لایەن فراکسیۆنە شێعەکانى نزیک ئێرانەوە دەردەچێت، چونکە زۆربەى فراکسیۆنە سوننەکان دەرچوونى بڕیارێکى لەو شێوەیەن، هاوکات زۆربەى عەرەبە سوننەکان لە پارێزگاکانیان، بگرە پێشوازی لە بڵاوەپێکردن و مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە ناوچەکانیان دەکەن، هۆکارەکەش بۆ ئەوەى تاکە لایەنن دەتوانن پارێزگارى لەناوچەکانیان بکەن.

چونکە هێزە ئەمنییەکانى بەرگرى و ناوخۆ، بەپێوەرى تایفی کار دەکەن، هەروەها لە پێگە هەستیارەکانى ئەو وەزارەتانەش لە لایەن شێعەکانەوە بەرێوە دەچێت و، هەریەک لەکوردو عەرەبە سوننەکان پێگەى پەراوێزخراویان پێ ڕاسپێدراوە، ئەمەش یەکێکە لەو خاڵە بچووکانەى بەرامبەر عەرەبی سوننەو کوردەکان جێبەجێ کراوە. ئێمە وەک هۆزە عەرەبەکان لایەنى ئەمریکیمان ئاگادار کردووەتەوە لە کردنەوە و بڵاوەپێکردنەوەى هێزەکانیان لەناوچە سوننەکان، بە هەماهەنگی هێزە سوننەکان و پێشمەرگە بۆ پاراستنى ئەو ناوچانەى تێدا نیشتەجێن، هەروەها پێمان وتن هەر بە ئامانجکردنێک لەلایەن هەر گرووپێکەوە بێت، ئەگەر تەنانەن لە نێو ڕۆڵەکانى پێکهاتەى سوننەى ژێر فەرمانڕەوایی حەشدی شەعبیش بێت، ئەوا هاوشێوەى داعشن.

چونکە هەر بە ئامانجکردنێکى هێزە عێراقییەکان یاخود پێشمەرگە یاخود هێزەکانى ئەمریکا ئەوا بەداعش ناوزەد دەکرێت و تیرۆریستە، ئەگەر سەیرێکى ڕابردووش بکەین، کاتێک هێزەکانى ئەمریکا هاتنە نێو خاکی عێراق لە ٢٠٠٣، بەشێکى زۆرى ڕۆڵەکانى سوننە بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیر کران، چونکە هێزەکانى ئەمریکایان کردبووە ئامانج، ئەمڕۆش میلیشیاکان هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن، بەوەى سەربازگەکانیان لە عێراق دەکەنە ئامانج، بۆیە دەبێت هەمان بڕیارەکانى پێشووى جێبەجێکراوى سەر سوننەکان لەسەریان پەیڕەو بکرێت و بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیر بکرێن.

موزاحیم

 

ئاڤا تودەى: باسی خۆشحاڵى سوننەکان لە مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق کرد، بەڵام ئەگەر کەمێک بگەڕێینە دواوە، دەبینین پێکهاتەى سوننەکان تاکە پێکهاتە بوون لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٨ داواى دەرچوونى هێزەکانى ئەمریکایان دەکرد، بەڵام دواى ٢٠٠٨ تا ٢٠١١ ، لە ترسی جینۆسایدکردنیان داواى مانەوەى ئەو هێزانەیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەو پێکهاتەیە بێدەنگى بەرامبەر ئەو جموجۆڵە سیاسییە هەڵبژاردووە، کاتێک سوننەکان بە سێ قۆناغی سیاسی تێپەڕ دەبن دەتوانن ڕێگرى لە دەرچوونى ئەو هێزانە بکەن و بڕیارێکى لەو شێوەیە هەڵبوەشێننەوە؟

▫️ مەزاحم حویت: دواى ٢٠٠٣، بەشێک لە سەرکردە سوننەکان، هەموویان تۆمەتبار ناکەم، بەڵام بەشێکیان لە ڕۆڵەکانی سوننە لە کردەوەى تیرۆریستى تێوە گڵاند لەوانەش حارس الزاری و، بەشێک لەسەرکردەکانى حزبی بەعسى قەدەغەکراو ڕۆڵەکانى سوننەکانیان لە پرۆسەى بەرەنگاربوونەوەى ئەمرکییەکان تێوە گڵان، ئەوکات زۆربەى  شێعەکان لە چوارچێوەى هاوپەیمانییەکەى ئەمریکا بوون و، سەرکردەکانیانیش لە نێو دەسەڵاتە دروستکراوەکەى ئەمریکا بوون، ئەمڕۆ دواى داگیرکردنى داعش دەرکەوت پێکهاتەى سوننە لەگەڵ هێزەکانى ئەمریکا وەستاوە و شەڕى داعش و تیرۆرییەکەى کردووە، لەهەمان کاتیشدا کۆمەڵێک فراکسیۆنى سوننە لەنێو پەرلەماندا ناتوانێت بە ڕوونى هەڵوێستى خۆى لەسەر مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بدات، چونکە فشارێکى گەورەى لەلایەن ئەجێندا دەرەکی و ئێرانى لەسەرە.

ئێران ئامانجی سەرەکیی فشارخستنە سەر فراکسیۆنە سوننەکانی نێو پەرلەمانی بۆ ئەوەى بەلای خۆیدا ڕایانکێشێت، ئەوەشمان بیر نەچێت سوننەکانیش بەسەر چەند بەرەیەک دابەش بووە، لەنێویاندا هەیە پاڵپشتى لە کشانەوە دەکەن، بەشێکیان لەگەڵ مانەوەن، بەشی سێیەمیان بێدەنگیان لەو جۆرە بڕیارە هەڵبژاردووە.

هەر گرووپێکى سوننە لەگەڵ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بوون، ئەوا لە قوڵایی ترس و هەڕەشەکانى ئێرانە، کە بەلای هەمووان ڕوونە و، پێشتریش باسمان لێوە کردووە، کە ئێران بە هاریکارى قاسم سولەیمانى، فشارێکى زۆرى کردۆتە سەر حکومەت و پەرلەمان و فراکسیۆنە سوننەکان بۆ ئەوەى لەگەڵ فراکسیۆنە نزیک لەخۆى بوەستن بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق.

 

ئاڤا تودەى: باسی لیستێکى ٦٧ گرووپی میلیشیاتان کردووە، کە داواى کشانەوەى چەکەکانیان لە حکومەتى عێراقی کردووە، کاتێک سەیرێکى ئەو گرووپانە دەکەین، ئەوا لە ناوچە سوننەنشینەکان نیشتەجێبوونە وەک (بازنەى بەغدا، ئەنبار، نەینەوا، سەلاحەدین، و بەشێک لە شارەکانى دیالە)، ئاخۆ هێزەکانى سوپا و ئەمنیەکانى بەغدا ناتوانن لەبرى میلیشیا چەکدارەکان پارێزگارى لەو شارانە بکەن؟

▫️ مەزاحم حویت: ئەمرۆ سوپاى عێراق، هێزێکى لاوازە و، هاوشێوەى زۆربەى دامەزراوە ئەمنییەکانى دیکەوە لە لایەن میلیشیاکانەوە کۆنترۆڵ کراوەو، لایەنى ئەمریکاشمان لەو پرسانەو پرسى لیستەکە ئاگادار کردووەتەوە، داواشمان کردووە تەنها ڕاگەیاندنى لیستێکى لەو جۆرە بەس نییە، بەڵکو کۆمەڵێک گرووپی دیکە هەیە لە پارێزگاى نەینەواو کەرکوک بڵاوە کراونەتەوە سەر بەلایەنە سیاسییەکانن.

بیریشمان نەچێت، دەرچوونێکى بڕیارێکى وەها گرنگ و بەهێزە لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئەمریکا، پێش ماوەیەک پێشبینى ئەوەمان کردبوون کە بڕیارێک لە لایەن ئەمریکاوە دەردەچێت بۆ قەدەغەکردنى میلیشیاکانى عێراق و، سەرجەم چەکەکانیان لێوەربگیرێتەوەو، حکومەتیش لەو پرسە ئاگادار بکاتەوە.

لەبارەى مانەوەى ئەو میلیشیانەش لە پارێزگا سوننەکان، ئامانجی سەرەکییان دروستکردنى دووبەرەکی، پرۆسەى کوشتن و تاڵان و، ڕفاندن و دزیکردنە، لەپاڵ ئەوانەش دروستکردنى ڕێڕەوێکى زەمینییە بۆ هێزەکانى سوپاى پاسداران بۆ گەیشتن بە سووریا و یەمەن، هەموو ئەمانەش بە دەست گرووپە میلیشیاکانەوە بەرێوە دەچێت.

تەنانەت بڕیارەکەى واشنتۆن توانى ئێران لە ڕووى سیاسی و ئابوورییەوە گۆشەگیر بکات و، لەلایەکی دیکەشەوە دەستى فراوانبوونى ئێران لە سووریا لە ڕێگەى عێراقەوە ببڕێت بۆ ئەوەى بگاتە وڵاتانى دیکە و، چیتر ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەکانى خۆى لە پاڵپشتیکردنى ڕژێمى ئەسەد و شۆڤینییەکان دووبارە نەکاتەوە.

لەبیریشمان نەچێت، ئێران زۆربەى پێکهاتە سوننەکانى لە ناوچەکانیان دەرکرد و کاتی خۆشى دەستى هەبوو لە بەرەنگاربوونەوەى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەى ئیرادەى خۆی بەسەریدا بسەپێنێت، کاتێکیش ئەمریکا لە ڕووى وەستا، تاران سەرجەم ئەو پرسانەى دۆڕاند، ئەمڕۆ هیچ وڵاتێکی عەرەبی نییە توانیبێت لە ڕووى ئێران بوەستێت، تەنیا ئەمریکا لە دونیا لە ڕووى وەستاوەتەوە، هەرچەندە هاوپەیمانییەکى عەرەبی هەیە و هێزى هەیە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ بڕیارەکانى ئەمریکا واشنتۆن زۆر تووندتر و بەهێزترە و ئومێدێکیشی بە عێراقییەکان بەخشیوە هیوایەکى نوێ دروست بکەن، بە تایبەت بۆ ئاوارەکان کە بە هۆى شەڕى دژى داعش لە ناوچەکانیان دەرکران.

موزاحیم دوو

ئاڤا تودەى: دەکرێت کێشەى پێکهاتەى سوننە لە عێراق بە هەرێمێکى سەربەخۆ هاوشێوەى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکرێت، یاخود ئەوە چارەسەرێکى گونجاو نییە؟

▫️ مەزاحم حویت: پێشتریش باسمان لە هەرێمێکى سوننە کردووە و، پێویستیشە سوننەکان هەرێمێکى تایبەتیان هەبێت، ئەگەر بەراوردێکى هەمەلایەنە لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراق بکەین، جیاوازییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا زۆر فراوانە، تەنانەت لە نێوان دهۆک و موسڵ و پارێزگاکانى باشوورى عێراقیش جیاوازییەکى گەورە هەیە.

بڕیارەکانى سوننە، جێگر و سووربوونى پێوەیە لە دروستکردنى هەرێمێکى تایبەت بەخۆیان، بەڵام فشارێکى گەورەی ئێرانی بەسەر حکومەت هەیە، وەک دەزانن هەر سەرکردەیەکى سوننە داواى دروستکردنى هەرێمێکى سوننە بکەن، ڕاستەوخۆ فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچێت و، پرۆسەکە دەبێتە ماددەیەکى تیرۆرو سیخوور و خیانەتکردن لە نیشتمان.

ئێمە چاوەڕوانین دواى بڵاوکردنەوە و جێگیربوونى هێزەکانى ئەمریکاو دروستکردنى سەربازگەى نوێ، کەیسى دروستکردنى هەرێمێکى تایبەت بەپێکهاتەى سوننەکان بە شێوەیەکى فەرمی دەکەینەوە و، هەڵوێستى خۆشمان لەبارەیەوە دەردەکەین بۆ ئەوەى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمان گفتوگۆ بکەین بۆ دەنگدان لەسەر هەرێمێک بۆ سوننەو سەرجەم پێکهاتەکانى ناوچەکە.

 

ئاڤا تودەى: بە بۆچوونى تایبەتى خۆتان تا چەند متمانە بە سیاسەتى ئەمریکا لە عێراق دەکەن؟

▫️ مەزاحم حویت: ئێمە متمانەمان بە سیاسەتى ئەمریکا هەیە کە ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو بە شێوەیەکى دروست کار دەکات، کاتى خۆى نامۆییەک هەبوو لەسیاسەتى ئەو وڵاتە، بەڵام دواى بردنەوەى سەرۆک دۆناڵد ترامپ، حکومەتێکى بەهێز دروست بووە. دەزانین بەشێک لە بەرپرسانى ئەمریکا لەنێویاندا وەزیرى دەرەوە و برێت مەکگۆک نێردەى نێودەوڵەتى لەشەڕى داعش، نزیکبوون لە ئێران و هەر ئەوانیش بوون ئەمریکایان لە عێراق و لە دەرەوەیدا خستە کۆمەڵێک کێشەوە، بەتایبەت لەپرسى داگیرکردنى ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە.

ئەمڕۆ سیاسەتى ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاست و دروست کار دەکات و، پاڵپشتى دەکەین و پشتگیریشى لێدەکەن، کاتێکیش داواى دووبارە بڵاوەپێکردنى هێزەکانى ئەمریکاو دروستکردنى سەربازگەی نوێ دەکەین، بەشێکە لەو پاڵپشتیەى لە حکومەتى ئەمریکا لە کارەکانى لە ناوخۆى عێراقدا.