گۆڵاڵە وەتەندوست پارێزەری خەڵکی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
به پێ ڕاپۆرتی "ناوەندیی دیموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان"، چەند ڕۆژ لەمەوبەر گۆڵاله وەتەندوست لە لایەن هێزە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامییەوە دەستبەسەر و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لە بارەی هۆکاری دەستبەسەربوونەکەى لەبەر دەست نییە و نەوتراوە بە بنەماڵەکەى لەسەر چ تۆمەتێک دەستبەسەر کراوە.
هەرچەندە بنەماڵەکەى گوڵاڵە بەدواداچوونییان بۆ کردووە و چوونەتە ناوەندی ئاسایش و دادوەرى مەریوان و سنە، بەڵام هیچ یەک لەو دەزگایانە و ناوەندە نیزامییە داپڵۆسێنەرەگان هیچ زانیارییەکیان لە شوێنی هێشتنەوەى گوڵاڵە نەدرکاندووە.
گۆڵاڵە لەم دواییانەدا چەندین تێکست و بابەت و نووسینى لە سەر "بێکاری لە کوردستان" و "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان"، لە فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردبووەوە.
شایانی باسە پاش کزبوونى شەپۆلی گرتن و ڕفاندنەکانى چالاکانى ژینگەیی و مەدەنى و خوێندکارى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ئەو تەوژمە لە قەبارەى چکۆڵەتر بەردەوامە و تەنیا چەند کەسێک لە دەستبەسەرکراوان بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد دەکرێن، دەنا زۆرینەیان تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.