بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران لە رێگەی ئینتەرپۆلەوە هەوڵ بۆ ڕادەستکردنەوەی سەرکردە و ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات

ئێران لە رێگەی ئینتەرپۆلەوە هەوڵ بۆ ڕادەستکردنەوەی سەرکردە و ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات
posted onJune 30, 2026
noبۆچوون

ئاژانسی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند؛ لە ئەنجامی بەدواداچوونی دادوەری و سکاڵای ژمارەیەک سکاڵاکاری تایبەت، بڕیاری دادوەری بۆ ژمارەیەک لە ئەندامان و سەرکردەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە (پژاک، کۆمەڵە، حزبی دیموکرات و پاک) دەرچووە و هۆشداری سووری ئینتەرپۆلیان بۆ تۆمار کراوە.

بەپێی راپۆرتەکە، لە چوارچێوەی ئەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە تۆمەتی تیرۆریستی و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییانەوە هەیە، داواکاریی رادەستکردنەوەی ئەو کەسانە بۆ ئەو وڵاتانە نێردراوە کە لێی نیشتەجێن.

میزان ئاماژەی بەوەش کردووە، داواکاریی هاوکاریی دادوەری و رادەستکردنەوە بۆ چەند وڵاتێک نێردراوە، لەوانە عێراق و چەند وڵاتێکی ئەوروپی وەک بەلجیکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و سوێد.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کەسە داواکراوەکان کراون، بریتین لە: بەشداریکردن لە چالاکیی چەکداری، رێکخستنی ئۆپراسیۆن، رفاندن، ئەشکەنجەدان، کوشتن، تیرۆر، بۆمبڕێژکردن، بارمتەگرتن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، دەزگای دادوەریی ئێران لە چوارچێوەی رێکارە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەدواداچوون بۆ دۆسیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریی رادەستکردنەوەی ئەو کەسانە دەکات، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ سکاڵای سکاڵاکارانی تایبەت.