ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی میدڵ ئیست مۆنیتەرـی بەریتانی ئاشکرای دەکات کە تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا، لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی داهاتی نەوتی عێراق لە بانکی نیویۆرک، هەژموونی ئێران لە عێراق سنووردار دەکات و پرۆسەی چەکماڵکردنی گرووپە چەکدارەکان خێراتر دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتە بەریتانییەکە، دەستنیشانکردنی تۆم باراک لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە وەک نوێنەری تایبەت بۆ عێراق و سووریا و باڵیۆز لە ئەنقەرە، تەنیا گۆڕانکارییەکی دیپلۆماسیی ئاسایی نییە.
باراک کە کەسێکی بازرگانە و باش لەوە تێگەیشتووە کە لە بەغدا پارە واتە دەسەڵات، پەیامێکی ڕوونی بە عێراقییەکان داوە: کلیلی پارەی نەوتەکەتان لە بانکی نیویۆرک لە گیرفانی مندايە؛ ئەگەر بەگوێم بکەن دۆلارتان پێ دەدەم، ئەگەرنا نایەڵم تامی یەک فلس بکەن.
وەک زانیارییەکان دەری دەخەن، لە ساڵی 2003ـەوە سەرجەم داهاتی نەوتی عێراق دەچێتە هەژمارێکی تایبەت لە نیویۆرک و ساڵانە نزیکەی 13 ملیار دۆلاری کاش بە فڕۆکە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا. ڕاپۆرتەکە نموونە بەوە دەهێنێتەوە کە لە مانگی چواری ئەمساڵدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕێگری لە فڕینی فڕۆکەیەک کرد کە 500 ملیۆن دۆلاری کاشی پێبوو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە هەر جووڵەیەکی ئەو پارەیە لەژێر کۆنترۆڵی واشنتندایە.
دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان (FDD) ئاشکرای کردووە کە حەشدی شەعبی (کە ژمارەیان 238 هەزار چەکدارە و ساڵانە 3.6 ملیار دۆلار لە بودجەی عێراق وەردەگرن)، دوای سزادانی بانکی ڕافیدەین، مووچەکانیان گواستووەتەوە بۆ بانکی ئیسلامیی نەهرەین؛ لە ڕێگەی مەزادەکانی دۆلاریشەوە، پارەی کاشیان گەیاندووەتە سوپای پاسداران بۆ کڕینی درۆنی شاهید و مووشەکی بالیستی. لە ئێستادا تۆم باراک دەیەوێت بە تەواوی کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت کە تێیدا ئەمریکا بە دۆلاری خۆی تەمویلی دوژمنەکانی دەکات.