بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

عەبدولسەلام مالیکی بۆ ئاڤاتودەى: عەبادى چیتر پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران وەرناگرێتەوە

عەبدولسەلام مالیکی (دەستەڕاستى مالیکى) بۆ ئاڤاتودەى: عەبادى چیتر پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران وەرناگرێتەوە
قاسم سولەیمانى دەستى هەیە لە نێزیکبوونەوەى سائیرون ٥٤ کورسی، فەتح ٤٧ کورسی، نەسڕ ٤٢ کورسی، دەوڵەتى یاسا ٢٦ کورسی و، حیکمە ١٩ کورسی
شێعەکان کەسێکى نوێ بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستنیشان دەکەن
posted onSeptember 13, 2018
noبۆچوون

 

سەرکردەیەکى دەوڵەتى یاسا لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئاشکراى دەکات کە چاوەڕوان دەکەن لە دانیشتنى رۆژى شەممە ١٥ ئەیلوول، پەرلەمان پرسى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەى یەکلایی بکاتەوە و هۆشداریی ئەوەش دەدات "بە یەکلایینەکردنەوەى ئەو پۆستە لە نێو پەرلەماندا کەسێک کاندید دەکەن و، کار لەسەر دەنگدانیشى دەکەن".

 

عەبدولسەلام مالیکی، ئەندامى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا لە پەرلەمان بە تۆرى میدیایی ئاڤاتودەى گوت "تا ئێستا ٩ کەس پاڵیۆراون بۆ وەرگرتنى سەرۆکى پەرلەمان، بەڵام کەسیان بەشێوەیەکى فەرمیی ڕەزامەندیی لەسەر نەدراوە"، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە "بەرەى سوووننەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی کەسایەتییەکى هاوبەش نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێک".

گووتیشى " شەممە، وەک دەوڵەتى یاساو فەتح،ـ کە لەگەڵ بەشێک لەسوننەکان هاوپەیمانی بنیاتیان پێک هێناوە، دواموڵەت دەبێت بۆ یەکلایی کردنەوەى پرسى سەرۆکى پەرلەمان و جێگرەکانى و راگەیاندنى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان".

لە دواى کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنە گشتییەکانى ئایاری رابردوو، تا ئێستا گفتوگۆ و دانووستاندنەکانى راگەیاندنى گەورەترین فراکسیۆن بە تایبەت لەنێو شێعەکاندا بەردەوامیی هەیەو، پرسەکەش یەکلایی نەبووەتەوە کە کامە بەرە زۆرینەى پەرلەمان پێک دەهێنێت. گرنگترین ئەو بەرانەی ململانێی زۆرینەیان دەکرد، بەرەى سائیرون بووە کە لەگەڵ فراکسیۆنى (حیکمە، نەسر و نیشتیمانی)، هاوپەیمانى چاکسازی و بنیاتی دروست کردووە، لەبەرامبەریشدا فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا بە هەماهەنگی لەگەڵ فەتح و بەشێک لە سوننەکان هاوپەیمانى (بنیات)یان پێک هێناوەو، هەردووکیان بانگەشەى زۆرینە دەکەن.

قاسم سولەیمانى دەستى هەیە لە نێزیکبوونەوەى سائیرون و فەتح و دەوڵەتى یاسا و حیکمە

قاسم سولەیمانى دەستى هەیە لە نێزیکبوونەوەى سائیرون و فەتح و دەوڵەتى یاسا و حیکمە

 

مالیکی کە یەکێکە لە کەسایەتییە نزیکەکانى نوری مالیکی سەرۆکى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا دەشڵێت "پێشتر چانسەکانى حەیدەر عەبادی بۆ بە دەستهێناوەى پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران بەرز بوون، بەڵام بەم دواییەدا کۆدەنگییەک دروستبوون بۆ ئەوەى لەو پۆستە دوور  بخرێتەوە"، ئاشکراشی دەکات "تێگەیشتنەکانى ئەم دواییەى فراکسیۆنى سائیرون و فەتح و دەوڵەتى یاسا بە ئامانجی گەڵالەکردنى لێکگەیشتنێکى هاوبەش بووە بۆ راگەیاندنى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان". هێماى بەوەش کردووە "ئەو لێکنزیکبوونەوەیان بە هاوبەشى لەگەڵ ژمارەیەک فراکسیۆنى دیکە بووە، کە بڕیارە لە دانیشتنى 15 ئەم مانگە لە پەرلەمان رایبگەیەنن".

ئەندامەکەى پەرلەمانى عێراق سووربوونی خۆیشی نیشانداوە لەوەى "عەبادی چیتر پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران وەرناگرێتەوە، ئەوەى دەستنیشان دەکرێت، کەسایەتیەکى نوێی گۆڕەپانی سیاسییەو، یەکێکە لەتەکنۆکراتەکان"، بەڵام بەبێ ئەوەى ناوێکى دیاریکراو ئاشکرا بکات.

مالیکی گووتى " توانیویانە لەکاتى راگەیاندنى هاوپەیمانى بنیات، ١٥٣واژۆى پەرلەمانتاران کۆبکەنەوەو، ئێستاش بەناو واژۆی خۆیان ژمارەیان گەیشتۆتە ١٦٠ ئەندام پەرلەمان". لەگەڵ نزیکبوونەوەى دانیشتنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، هەریەک لە فراکسیۆنى (سائیرون ٥٤ کورسی، فەتح ٤٧ کورسی، نەسڕ ٤٢  کورسی، دەوڵەتى یاسا ٢٦ کورسی و، حیکمە ١٩  کورسی) کە ژمارەی هەموویان دەکاتە ١٨٨ کورسی، گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان دروست بکەن.

نزیکبوونەوەى ئەو گرووپانەش بە هەوڵى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى قودسی کۆمارى ئیسلامى بووە، کە لەبرى پەرتەوازەیی لایەنە شێعەکان کاری بۆ نزیکبوونەوەیانى کردووە. تەنانەت عەبادیش رازی بووە دەستبەرداری پۆستى سەرۆکایەتى حکومەت بێت، بەو مەرجەى رۆڵێکى کارای لە چوار ساڵى داهاتوو هەبێت.

ئێستا بۆ یەکلاییکردنەوەى پۆستەکانى دیکە سەرجەم لایەنەکان چاویان لە دانیشتنەکانى رۆژى شەممەیە، بۆ ئەوەى سەرەتا سوننەکان خۆیان لە پۆستى سەرۆکایەتى پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە، پاشان کوردەکان پۆستى سەرۆککۆمار، ئینجا نۆرەى شێعەکان دێت، بۆ ئەوەى کەسایەتییەکی نوێ بۆ پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو رابگەیەنن.