رفتن به محتوای اصلی

ئیحسان شەمەری: دەستێکى ئێرانى هەیە بۆ شێواندنى ڕاپەڕینى عێراقییەکان

ئیحسان شەمەری: دەستێکى ئێرانى هەیە بۆ شێواندنى ڕاپەڕینى عێراقییەکان
AvaToday caption
posted onJanuary 31, 2020
noدیدگاه

 

کارزان حەمید

 

نزیکەى چوار مانگە شەقامەکانى عێراق بەخۆپێشاندانى جەماوەرى گەرم بووەو، زۆربەى خواست و داواکارییەکانی خۆپێشاندەرانیش "سەروەرى، گۆرینى رژێمى سیاسی"، جگە لەچەندین خواست و داواکاری دیکە. لەو ماوەیەدا زۆر قسەو باس لەسەر ئەو خۆپێشاندانە کراوە، بەشێک ناویان لێناوە (ڕاپەرین، شۆڕش، خۆپێشاندان)، بەپێچەوانەشەوە سەدان تومەت و، پیلانگیرییان بەرامبەردا کراوە.

ئیحسان شەمەری سەرۆکى ناوەندی تەفکیری سیاسی لەعێراق بە ئاڤاتودەى روون کردەوە کە "دەیانەوێت بەهەموو شێوازێک ئەو بزووتنەوە ناڕەزاییە بشێوێنن و، لەخانەى پیلانگێری دەرەکی جێگیری بکەن"، باسى لەوەش کردووە "بەرپرسە ئێرانییەکان رایانگەیاندووە عێراق لە (بازنەى بەڕەنگاربوونەوە)ـیە، لەهەمان کاتیشدا عێراقییەکان ئەو نازناوە ڕەت دەکەنەوە".

ئەمەش دەقى چاوپێکەوتنەکەیە:

 

ئاڤاتودەى: لەعێراق چی رووی دا تاوەکو خۆپێشاندانێکى ملیۆنى لەسەرتاسەرى وڵات بتەقێتەوە و بەپێچەوانەى چاوەڕوانییەکانیش پتر لەسێ مانگە درێژەى هەیە؟

شەمەری: بێگومان زۆر هۆکار و هاندان هەیە پاڵی بەو تەقینەوەیە ناوە. پێموایە سەرەتا؛ پەیوەندی بە خراپی بەڕێوەبردنى حکومەتە لەڕەوشى ناوخۆیی و بێدەسەڵاتى لە جێبەجێکردنى بەرنامەکانى خۆی، هاوکات دەسەڵات شکستى هێنا لەدەرهێنانى یاساى گرنگ، کە خواستى شەقامی عێراقی جێبەجێ بکات. لەپاڵ ئەوانەش حکومەت تواناى بەڕەنگاربوونەوەى گەندەڵى، خراپی خزمەتگوزاریی و بەڕێوەبردنەکان نەبووە. جگە لەوانەش لایەنگیرییەکى تەواوی حکومەت بۆ هاوپەیمانانى ئێران، کە کەڵکۆى سەرەکییەتی، هاوکێشەى ئێران لەسەر حیسابی سیاسەتە هاوسەنگییە سەرکەوتووەکەى دکتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانى پێشوو بووە، بۆیە هەموو ئەمانەش بوونە هاندەریک بۆ ڕاپەرینە ملیۆنییەکە.

شەمەرى ٣

ئاڤاتودەى: خۆپێشاندەران دەتوانن گۆڕانکارییەک لەنەخشەى سیاسی دروست بکەن؟

شەمەری: بەبۆچوونى خۆم بەڵێ، تواناى ئەوەی هەیە. ئەمەش لەدواى ٢٠٠٣ ـەوە بۆ یەکەمجارە روو دەدات، چونکە جموجۆڵ یاخو بزوتنەوەیەکى ناڕەزایی لەعێراق بتوانێت سەرۆکوەزیران ناچار بکات دەست لەکار بکێشێنێتەوە، ئەوە بۆ خۆى دەستکەوتێکى گەورەیە، هاوکات پاڵی بەپەرلەمانى عێراقیش ناوە، یاساى هەڵبژاردنى نوێ پەسەند بکات و، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانیش بکەوێنێت، کە ستافەکەى لەنێو حزبەکاندا دابەشکرابوون، ئەم هەموو دەستکەوتانە بۆ بزوتنەوەى ناڕەزاییەکە هەژمار دەکرێت.

پاشانیش درێژەى ئەو خۆپێشاندەرانە بۆ تەواوکردنى داخوازییەکانییەتى لەهەڵبژاردنى سەرۆکوەزیرانێکى سەربەخۆ دوور لە حزبەکان و دانانى کاتێکى دیاریکراو بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پێشوەخت، ئەم پرسانە خۆپێشاندەران سوورن لەسەری. ئەوان پشوودرێژن لەپرسى هەڵبژاردنە پێشوەختەکان و بە ددانپێنانى زۆربەى حزبەکان نەوەک هەموویان، هیچ چاوەڕوانییەک لەوەدا نەبووە عەبدولمەهدی بکەوێت، بەڵام ئەم خۆپێشاندانانە دەستکەوتى گەورەى بە دی هێنا.

من پێم وایە ئەو پرسە بەدەستنیشانکردنى سەرۆکوەزیرانێک نزیک لەپێوەرەکانى گۆڕەپانەکان و، دیارییکردنى وادەیەک بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکان و، رادەستکردنى کوشتنى خۆپێشاندەران و ئاشکراکردنى کەیسەکانى گەندەڵى لەسەر ئاستى حکومەتى نوێ جێبەجێ دەکرێن. لەو باوەڕە دام دەستکەوتەکانیان کۆتایی نایەت و توانای دان بەخۆداگرتنیان هەیەو، ئێستاش شەرعیەتى میللییان هەیەو، پێ دەچێت بڕیارەکەیان لەبڕیارى هێزە سیاسییەکان بەهێزترە.

 

ئاڤاتودەى: دەڵێن دەستى شاراوە لەپشت ئەم خۆپێشاندانانە هەیە، بۆ ئەوەى دەسەڵاتى خۆى بەسەر گۆڕەپانى عێراق بسەپێنێت، تۆمەتی ناڕاستەوخۆ بۆ هەندێک لەوڵاتانى بیانی و نێودەوڵەتیش ئاراستە دەکرێت؟

شەمەری: ئەمە بەشێکە لەو تۆمەتانەى ئاراستەى ئەو جموجۆڵە دەکرێت، وەک هەوڵێک بۆ گرێدانیان بە ئەمەریکا، یاخود پاڵپشتییەکانى ئەمەریکا، ئەمەش هەڵەیەکى زۆر گەورەیە، لەوەش زیاتر باس لەتێوەگڵانى وڵاتانى کەنداو دەکەن.

ئەمە بەشێکە لەپرۆسەى شێواندنى ئەم جموجۆڵە، پێم وانییە هیچ پاڵپشتییەک هەبێت، ئەوەى روودەدات دژەکانى ئەوان بەروونیش مەبەستم لایەنەکانى دەسەڵاتە وەک حزب و سەرکردەکان، دەیانەوێت بەهەموو شێوازێک ئەو بزووتنەوە ناڕەزاییە بشێوێنن و، لەخانەى پیلانگێری دەرەکی جێگیری بکەن، ئەمەش گەورەترین هەڵەیە دەیکەن. جووڵانەوە میللییەکە بزوتنەوەیەکى نیشتیمانییەو لەعێراق بەشێوەیەکى زۆر بەرچاو روودەدات و دروشمەکانیشى دوورە لەهەمان ناونیشان و ووتابێژی تایفی و نەتەوەیی و، ئامانجەکەشیان پرۆسەى چاکسازییە.

بەڵام هێزێک هەیە، لێرە باسى هێزی هاوپەیمانى ئێران دەکەن، دەیەوێت و لەهەمان کاتیشدا کاری لەسەر دەکات بۆ بەرتەسککردنەوەى ئەو خۆپێشاندانانەو، ئەستەمیشە بتوانرێت لەرێگەى دەستى دەرەکییەوە ئاراستەى ئەو خۆپێشاندانە بکرێت، چونکە دەستە دەرەکییەکان دەیانەوێت ئاگرى خۆپێشاندانەکان خامۆش بکەن، بۆیە ترمەتباری دەکەن بەدەستى دەرەکی، پێموایە ئەمەش تەنها هەوڵی شێواندنیەتى.

شەمەرى ٢

ئاڤاتودەى: بەشێک لە سیاسییەکان و توێژەران دەڵێن؛ هۆکارى تەقینەوەى خۆپێشاندانەکان بەهۆى رێککەوتننامەى حکومەتى عێراقە لەگەڵ چین، خوێندنەوەى ئێوە بۆ ئەو رێکەوتننامەیە چییە؟

شەمەری: ئەمە بەشێکە لەپرۆسەى شێواندن و، هەوڵێکە بۆ وەسفکردنى ئەو خۆپێشاندانە لەچوارچێوەى ستراتیژییەتى پیلانگێری، ئەمەش بەسادە کردنى مێشکەکانە، بابەتەکە پەیوەندی بەرێکەوتننامەى چین نیە، بەڵکو بەستراوەتەوە بەهاندان و هۆکارە ناوخۆییەکان، ئەمە بەشێکە لەپاڵنەرە میدیاییەکانى حزبەکانى دەسەڵات و حکومەت و هێزە لایەنگرەکانى ئێران بەتایبەتی.

پێم وانیە رێکەوتننامەى چینی پاڵنەر بێت بۆ هاتنە دەرەوەى ملیۆنەها کەس بۆ خۆپێشاندان، کە دەچێتە مانگی چوارەمی. بەهەر حاڵ رێکەوتننامەى چینی رێکەوتننامەیەکى تەمومژاوییەو، هیچ دەقێکى دیاریکراو نیەو، تەنانەت پێوەرەکانیشى دیار نین، بەڵکو کۆمەڵێک لێکگەیشتنە. لەگەڵ بۆچوونەش نیم، بەڵکو کۆمەڵێک پاڵنەرى پارت و هاوکێشەکانى دەسەڵاتەو، وردبینیش نین و، وەک گووتم بەسادەکردنى مێشکەکان و بەگێلزانینى خەڵکە.

 

ئاڤاتودەى: نەخشەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەجۆرێک ئاڵۆز بووە، ناتوانرێت پێشبینی هیچ بڕیارێکى زۆرینە بکەین، ئاخۆ پەرلەمان توانای یەکلاییکردنەوەى کەیسى سەرۆکوەزیرانى نوێی هەیە؟

شەمەری: هاوکۆکم لەگەڵت لەپرسى ئەنجومەنى نوێنەران، کەشێکی تێکەڵ و ئاڵۆز لەهەمان کات لەژێر سەقفی پەرلەمانى عێراقی دروست بووە، بۆمان دەردەکەوێت لەبەردەم دابەشبوونێکى تووندین لەنێو پەرلەماندا، بەڵام ئەوە رێگر نییە ئەو دابەشبوونەش بەهۆى خۆپێشاندان و ڕاپەرینەکانى ئێستا بووە، هەروەها لەپرسى بڕیاری کشانەوەى ئەمەریکا، کە لەلایەن بەشێک لەهێزە شێعەکانەوە دراون، کاریگەرى هەبووە.

بەڵێ دابەشبوون هەیە، بەڵام لەپرسى سەرۆکوەزیرانى داهاتوو ماڵی سیاسی سوننەکان و، هەروەها ماڵى سیاسی کوردەکان، چاوەڕوانن چ دەرچەیەک لەماڵى سیاسی شێعەکان بۆ کاندیدێک دەخرێتەروو، بۆ ئەوەى ئەوانیش لەگەلیدا برۆن، چونکە پێیان وایە ئەوە لەگەڵ سوننە رووی داوەو، کوردەکانیش باوەڕیان وایە پۆستى سەرۆک وەزیران لەرووى عورفەوە لەژێر دەسەڵاتى ماڵى شێعە دایە، بۆیە ئەو دابەشکارییە لەسەر ئەو کەسایەتیە دروست نابێت.

بەهەرحاڵێک، ئەو ماڵانەش دەبێت باوەڕ بەوە بهێنن حکومەتى داهاتوو دەبێت سەربەخۆ و حکومەتى پسپۆڕییەکان بێت، ئەگەر ئەو ماڵانەى شێعەو سوننەو کوردەکان، دووبارە گەڕانەوە بابەتى دابەشکاری، بێگومان دابڕانێک و پێکدادانێک لەژێر هۆڵى پەرلەمان بەدی دەکەین، ڕەنگە حکومەتى داهاتوو یاخود دەنگدان لەسەر کابینەى نوێ نەبینین. لەگەڵ ئەوانەشدا فشاری شەقامی عێراقی و عەلی سیستانی، مەرجەعیەتى نەجەف، ئەوانیش فشارەکانیان بەشێوەیەکى گەورە ئامادەیە، هەمووان لەگەل ئەوەدان لەو قەیرانە دەربازیان بێت، چونکە بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان پێموایە دەبێتە کۆتایی پەرلەمان، ئەو هێزە سیاسییانە ئەمەیان ناوێت.

 

ئاڤاتودەى: باشترین رژێمى بەڕێوەبردنى عێراق لە رووى سیاسی و ئابوورییەوە، چییە؟

شەمەری: ئەوەى پەیوەندی بەرژێمى سیاسی دیموکراتییەوە هەیە، دیموکراتیەت چ پەرلەمانى بێت یاخود سەرۆکایەتى، ئێستاش دەمەوێت لەسەر بۆچوونى تایبەتى خۆم بدوێم، کێشەکە لە رژێمەکەو سروشتى رژێمەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەپێگەیشتنى چینى سیاسی عێراقییەوە هەیە، سیستەمى پەرلەمانى سیستەمێکى باش و، لەزۆربەى وڵاتە دیموکراتییەکانى جیهان پەیڕەو کراوە، بەڵام کێشەى رژێمەکە پەیوەندیی بەو کەسانەوەیە کەبەڕێوەى دەبەن، بۆیە وێنەى ئەو سیستەمە شێوێندراوە.

کاتێک چینێکى سیاسی خاوەنى کلتوورێکى دیموکراتی و دەستووری و باوەڕبوون بەعێراق بدۆزینەوە، بەبۆچوونى خۆم ئەوکات بەسەقامگیری و بەکەڵکەبوونى دیموکراتیەت لەعێراق بەدی دەکرێت. بۆ سیستەمى ئابووری؛ لەگەڵ ئابوورى بازاڕو ئازادی بازرگانى دەچم، چونکە ناکرێت بگەرێنەوە بۆ سیستەمى سۆسیالیستى، چونکە ئەو سیستەمە لەعێراق شکستى هێنا، بۆیە ئێستا ئابوورییەکە دەتوانێت لەگەل هەموو وڵاتانى جیهان و ئابوورییەکاندا بکرێتەوە، بێگومان بەستنەوەشیان بەئابوورییە گەورەکان قازانجێکى گەورەى بۆ وڵات و ئابوورییەکەى دەبێت.

شەمەری

ئاڤاتودەى: ئێران رێگە دەدات عێراق بگاتە کەناری ئارامی؟

شەمەری: ئێران لەئێستایە بەهۆى گۆشەگیری و سزاکانەوە دەناڵێنێت، عێراق بەسییەکى سیاسی و، کاغەزی فشار بۆ سەر واشنتۆن و، خاکی پێکدادان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینێت، لەپاڵ ئەوانەش بەشێوازێک سەیری عێراق دەکات کە سییەکى ئابوورییەو، نایەوێت دەستبەرداری بێت و، لەبازنە کاراکەیدا سەیری دەکات.

زۆربەى بەرپرسە ئێرانییەکان رایانگەیاندووە و ئەمەش پێچەوانەى واقیعی ئێمەیە بەوەى عێراق لەچوارچێوەى (بازنەى بەڕەنگاربوونەوە)ـیە، لەهەمان کاتیشدا عێراقییەکان ئەو نازناوە ڕەتدەکەنەوەو، بەدواى سەروەریدا دەگرێن، ئەمەش خاڵێکى دیکەى هاندانەکانى ڕاپەرینەکەیە، ئەوە شۆڕشێکە دژى پاوانخوازی و فراوان و باڵادەستى ئێران لەناوخۆى عێراقدا.

بەئاستێک دەڕوانم، ئێران بەئەستەم رێگە بدات دەستبەردارى عێراق بێت و، هاوکێشەى دەسەڵاتیش هەوڵى پاراستنى دەدات، هەوڵێک بۆ پارێزگارى لەعادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى دەست لەکارکێشاوە هەبووە، بەڵام عەبدولمەهدی لەلایەن مەرجەعیەتى ئایینى و شەقام دوورخرایەوەو، ئێرانى ناچار کرد پلانەکانى لەناوخۆى عێراق بگۆرێت. ئێران ناتوانێت لەو پانتاییەى سیستانى تێدا دەجوڵێتەوە بجوڵێتەوە، ناچاریشى کرد دەستبەردارى عەبدولمەهدی بێت، ئەمەش پێوەرێکە بەوەى ئێران بەردەوام دەبێت لەهەوڵەکانى بۆ پاوانخوازی و کاریگەرى لەسەر بڕیارە ناوخۆییەکان.

بۆیە هەست دەکەم سەرکەوتوو نابێت، چونکە هۆشیارییەک و پێگەیشتنێک لەلایەن شەقامی عێراقییەوە دروستبووەو، رێگە نادات دووبارە پاوانخوازی بەسەر عیراقەوە بکرێت، ئەوان دەیانەوێت وڵاتەکەیان خاڵی پێگەیشتن و، ناوچەى هاوسەنگی بێت، نەوەک نزمییەکانى سیاسەتى ئێران یاخود هەر دەستێوەردانیکى دەرەکی دیکە.