ڕۆژی یەکشەمە ۱۳ی گەلاوێژ، پاش لە سێدارەدانی عەبدۆڵا کەرەملاچعەب و قاسم بەیت عەبدوڵا لە زیندانی فەجری دێزفوول، چەنی کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکانیشیان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.
تا ئێستا براکانی قاسم بەیت عەبدۆڵا بە نێوی عادڵ، جاسم و هاشم بەیت عەبدوڵا لە گوندی چەعبی سەر بەشاری شووش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.
هەرچەندە کەسانی دیکەش هەن کە دەسبەسەر کراون بەڵام زانیارییەک لەسەر ناو و شووناسیان لەبەر دەست نییە. ئەم دەسبەسەرکردنانە بەمەبەستی پێشگرتن لە هەر چەشنە ناڕەزایەتیێک یان بەڕێوەبردنی پرسە و سەرخۆشی ئەو دوو لاوەیە.
بە پێى ئامارى ڕێکخراوى لێبوردى نێونەتەوەیی بۆ ساڵى ٢٠١٨ى زایینى، لەسێدارەدانەکانى ئەو ساڵە بەم شێوەیەى خوارەوەیە:
ئێران: ٢٥٣ کەس
سعودیە: ١٤٩ کەس
ڤیتنام: ٨٥ کەس
عێراق: ٥٢ کەس
میسر: ٤٣ کەس
بەلانى کەمەوە ١٣ کەس لە ئێران کە لە لایەن ئەم ڕێکخراوەوە تۆمار کراون، لە پێش چاوى خەڵک لەسێدارە دراون کە ٧ کەسیان لە خوارەوەى ١٨ ساڵ بوونە.
هەر بە پێى زانیارییە تۆمارکراوە فەرمییەکان، ٢٥٣ لەسێدارەدان لە ساڵى ٢٠١٨ تۆمار کراوە (١٦٠ کەسی تۆمەتبار بە کوشتن: ١٥٥ـیان پیاو و ٥ـیان ژنن، ٢٢ پیاو بە تۆمەتى دەستدرێژى بۆ سەر ژنان، ٣ کەس بە تۆمەتى مرۆڤڕفاندن و کوشتن، ٣ کەس بە تاوانى مرۆڤڕفاندن و دەستدرێژى، ١ کەس بە تۆمەتى ڕووبەڕوووبنەوەى حکومەت بە چەک، ٢٥ کەس بە تۆمەتى قاچاخى مادەى هۆشبەر، ١ کەس بە تۆمەتى دزین، ١٨ کەس بە تۆمەتى موحاربە کە ١٢ـیان لە پەیوەندى بە دزین و ٦ـیان بە تۆمەتى چالاکى سیاسى، ١٢ کەس بە تۆمەتى موفسد فى الارض، ٥ کەس بە تۆمەتى نادیار).