لە کاتێکدا رێگای هاتوچۆی زۆر لە رێگای گوندەکانی پارێزگای ورمێ نەکراونەتەوە یان خەڵک خۆیان هەوڵدەدەن رێگاکان بکەنەوە، بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی ورمێ رایگەیاندووە، هەموو رێگا سەرەکی و لاوەکییەکان کراونەتەوە و هاتوچۆیان پێدا دەکرێت.
ئەرسەلان شۆکری، بەڕێوەبەری رێگاوبانی پارێزگای ورمێ، رۆژی شەممە گوتی: لە ٢ هەزار و ٨٠٠ گوندی ئەم پارێزگایە، تەنیا رێگای ١٠٪ی گوندەکان ماون بکرێنەوە و ئەویش تیمەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە هەوڵدان ئەوانیش بکرێنەوە.
بەڵام بەپێی زانیارییەکان و ئەو گرتەڤیدیۆییانەی لە گوندە جیاوازەکانی پارێزگای ورمێوە بڵاو دەبنەوە، زۆر لە گوندەکان خەڵک خۆیان و بە پێداویستییە سەرەتاییەکان خەریکن رێگای هاتوچۆی گوند دەماڵن و رێگای زۆر گوندیش لەبەر بارینی زۆری بەفر نەماڵراوە.
رۆژی هەینی رێگای هاتوچۆی ٩٠٪ی گوندەکانی پارێزگای ورمێ بەهۆی بارینی بەفر داخرابوون.
ئەم بارودۆخە رۆژی ٢٠ی رێبەندان ناڕەزایەتی حاکم مەمکان، نوێنەری ورمێ لە پەرلەمانی ئێرانی، لێکەوتەوە. ئەو لە کۆبوونەوەی کۆنترۆڵی قەیران رەخنە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ گرت و گوتی؛ ئەگەر رێگاکان بە رێکوپێکی پاک کرابانەوە، خەڵک تووشی قەیران نەدەبوون.
ئەو دۆخی پاککردنەوەی رێگاکانی بە "کارەسات" لە قەڵەمدا و گوتی: ئەوە ٥٠ ساڵە ماشین و ئامرازەکانی پاککردنەوەی رێگاکان نوێ نەکراونەتەوە.
کۆنی کەلوپەل و خەمساردی بەرپرسانی پارێزگای ورمێ وایانکرد لە یەکەمین بەفر بارینی جیدی ئەمساڵدا، رێگاکان دابخرێن و خەڵک کێشەیان بۆ دروست بێت.
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای ورمێ، هەر رۆژی هەینی هەموو رێگا سەرەکییەکان کراونەتەوە، بەڵام رۆژێک دواتر واتە ئەمڕۆ شەممە – دەروازەی سنووری تەمەرچیان – حاجی ئۆمەران لە سنووری پیرانشار بەهۆی بارینی بەفرەوە داخراوە.
پێشبینی دەکرێت رۆژی یەکشەممەش دیسان بەفر ببارێت و بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان دەڵێت: هەموو ئامادەکارییەکی بۆ بەفربارینی رۆژی ٢١ی رێبەندان کردووە.