ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری قوڕوە، هەڕەشەی ڕفاندن، سووکایەتیکردن و ئاگردانی ماڵی مەحبووبە عەباسی، دایکی عارف نادری و هەروەها دوو خوشکی ناوبراویان کردووە. عارف نادری، چالاکی سیاسی دانیشتووی دەرەوەی وڵات و ئەندامی پێشووی شورای شاری قوڕوەیه.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ئاواتودەی، ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی له قوڕوە، به شێوەی بەردەوام و ڕۆژانه هەڕەشه له بنەماڵەی عارف نادری دەکەن و ئەم هەڕەشەگەله بووەته هۆی تێکچوونی ئاسایشی دەروونی دایک و خوشکەکانی.
بۆیه مەحبووبە عەباسی، دایکی عارف نادری بڕیار دەدات سکاڵایەک دژ بەم کەسانه له شوێنه پەیوەندیدارەکان تۆمار بکات بەڵام هەتاکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ پاراستنی گیان و مالی ئەو بنەماڵه له لایەنی دەزگا پەیوەندیدارەکان هەڵنەگیراوه.
عارف نادری، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی و مەدەنی خەڵکی قوروەیه که له ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە ناچار کرا کوردستان بەجێبهێڵیت و لە وڵاتی نۆروێژ نیشتەجێ ببێت.