رفتن به محتوای اصلی

ئێران دەیەوێت پشێوى لەهەڵبژاردنەکانى بەحرەین دروست بکات

ئێران دەیەوێت پشێوى لەهەڵبژاردنەکانى بەحرەین دروست بکات
posted onOctober 21, 2018
noدیدگاه

دەسەڵاتدارانى بەحرەین رایگەیاند " کاندیدانى هەڵبژاردە چاوەڕوانیەکەى تشرینى دووهەمى داهاتوو لەرێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت، بۆ ئەوەى بەشداریی پرۆسەى هەڵبژاردن نەکەن".

حکومەتى مەنامە ئاشکراشی کردووە " ئەو هەڕەشانە لەلایەن کۆمارى ئیسلامیی ئێرانەوە ئاراستەی خەڵک و کاندیدانى هەڵبژاردەکانى داهاتووى وڵات دەکرێت".

بەپێی راگەینراوێکى ئاژانسى هەواڵى بەحرەین " فەرمانگەى گشتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و ئاسایشى ئابوورى، ووردبینی لەو سکاڵانە کردووە ئاراستەى ژمارەیەک پاڵیۆڕاوی هەڵبژاردنەکان کراوە"، بەبێ ئەوەى ناو و ناونیشانیان بڵاو بکاتەوە.

جەختى لەوەشکردۆتەوە " ئەو هەڕەشانەش لەرێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئاراستەیان کراوەو، داواى کشانەوە لەخۆپاڵاوتن و بەشداریی کردن لەهەڵبژاردنەکانیان لێکراوە".

بەحرەین لەبەردەم هەڵبژاردنێکى گشتى پەرلەمانى و شارەوانییەکانە کەبڕیارە لە 24 تشرینى دووهەمى داهاتوو لەو شانەشینە بچووکەى کەنداو بەرێوەبچێت.

ئەو فەرمانگەیە گووتیشى " لەدواى گەیشتنى ئەو سکاڵانە دەست بەچاودێری و ووردبینى وبەدواداچوون کراوە، بۆ ئەوەى هۆکارى ئەو هەڕەشانە ئاشکرا بکەن و، کێ لەپشتیەوە وەستاوە".

دووپاتیکردۆتەوە " بەدواداچوونەکانیان دەریخستووە، ئەو هەژمارانەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەلایەن ئێرانەوە بەرێوەدەچێت و، رێکخستنە سیاسییەکانى دەرەوەى وڵات وەک کۆمەڵەى ویفاقی هەڵوەشاوە لەپشتیەوەن، بۆ ئەوەى سەرلێشوان لەپرۆسەى هەڵبژاردنەکاندا دروست بکەن".

تاوەکو ئێستاش بەشێوەیەکى فەرمی نەتاران و نە ئەو کۆمەڵە هەڵوەشایەوە هیچ زانیارییەکیان لەبارەى زانیارییەکانى مەنامە نەدرکاندووە.

چەندین ساڵە بەهۆى سیاسەتى ئەو وڵاتە عەرەبیە بەرامبەر شیعەمەزهەبەکاندا پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی و مەنامە پەیوەندییە سیاسییەکانیان ئاڵۆز بووە.

لەچوارشەممەى رابردووەوە حکومەتى بەحرەین دەرگاى خۆ پاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەکانى شارەوانى و پەرلەمانى کردۆتەوە، بەڵام کۆمەڵەى وەیفاقی هەڵوەشاوە، کەخۆى بەنوێنەرى شیعە مەزهەبەکاندا دادەنێت، داواى بایکۆتکردنى هەڵبژاردنەکانى کردووە.

پێشبینى دەکرێت، رێژەى بەشداریی کردنى خەڵک لەو هەڵبژاردنە ناسەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، هۆکارە سەرەکییەکەش بۆ خراپی ڕەوشى ئابوورى و بژێوى ئەو شانەشینە دەگەرێتەوە.

هەرچەندە شیعەکانى ئەو وڵاتە هیما بەوە دەکەن " پێویستە نوێنەرەکانیان بەشێوەیەکى جددی و گرنگی زیاتر بەکاروباری خەڵک بدەن"، بەبێ ئەوەى خۆیان بەو کۆمەڵەیە ببەستنەوە.

پێشبینى ئەوەشکراوە " رێژەى بەشداریی کردنى شیعەکان لەو هەڵبژاردنە بەرزبوونەوەیەکى بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش دژى بۆچوونەکەى تارانە کەخۆى بەخاوەنى راستەقینەى ئەو گرووپە تایفیە دەزانێت و، دەیەوێت لەرێگەى بایکۆتکردنیان هەڵوێستەکەى خۆى سەر بخات".

لەدواى 2011 ـشەوە، ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتە لەکۆمەڵێک پیلانگێری هەرێمایەتى بەتایبەت لەگەڵ ئێران تێوەگڵاوەو، تومەتبار کراوە، بەوەى کاریان لەسەر دروستکردنى ناسەقامگیری و پەشێوی کردووە.

ئێران لەدواى ساڵى 1957 ـەوە، هەوڵی داگیر کردنى بەحرەینى داوە، بەڵام دواى کشانەوەى هێزەکانى بەریتانیا لەرۆژهەڵاتى سوێس، لەساڵى 1971 راپرسییەکى گشتى لەو وڵاتە ئەنجامدراو، بڕیاری دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ بەناوی بەحرەین دراوە، بەبێ ئەوەى تاران یاخود پەرلەمانى ئەو وڵاتە ناڕەزایی هەبێت.