دوو کادیرى کەجەکە بە ناوەکانى دەمهات عەگید (سەییدخان ئایاز) و جەمیل ئەحمەد (ئەسەر ئرماک) لە ڕێکەوتى ١٥/١٠/٢٠١٩ى زایینى لەسەر چیاى ئەزمەڕ لە شارى سلێمانى کوژران. تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى ڕۆژى یەکشەممە ٢٠/١٠/٢٠١٩ى زایینى هەواڵەکەى بڵاو کردەوە و باسى لەوە کرد کە تورکیە لە ڕێگەى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانەوە ئەو دوو ئەندامەى پارتى کرێکارانى کوشتووە و زۆرێک بە گاڵتەوە قسەیان لەسەر هەواڵەکەى ئاڤاتودەى کرد. ئێمە لینکى هەواڵەکەمان لە خوارەوە داناوە کە لە تلێگرام و یوتیوبى کەناڵەکەمان بڵاومان کردووەتەوە.
کەچى ئەمرۆ سێشەممە دەزگای ئاسایشی یەکیەتى نیشتمانى کوردستان بەیاننامەیەکى بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە"دوای لێکۆڵینەوەى چڕوپڕ و بەدەستهێنانی بەڵگەى پێویست لە شوێنێ ڕوودانی تاوانەکە، بۆمان دەرکەوتووە ئەو دوو کادیرە لەکاتێکدا بەبێ ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێم هاتوونەتە ئەو ناوچەیە، لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى تورکیاوە کراونەتە ئامانج و ئەمەش پێشێلکاری و دەستپێشخەری و پێشهاتێکی مەترسیدارە و بە هیچ جۆرێک خزمەت بە ئاسایشی هاوبەشی و پێکەوەژیان ناکات".
کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) کە سەر بە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)یە، لەسەر کوژرانى دوو ئەندامەکەى خۆى لە شارى سلێمانى کە ئاسایش گوتى لە لایەن فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى تورکیە لە شاخى ئەزمەڕ کوژراون، ڕاگەیێنراوێکى بڵاو کردەوە و ئەم ڕووداوى پشتڕاست کردەوە.
کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لە ڕاگەیێنراوەکەى خۆیدا دەڵێت "هەردوو هەڤاڵمان کە خەباتی نەتەوی، سیاسی و دیپلۆماسییان بەڕێوە دەبرد و بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە سەردانی سلێمانیان کردبوو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئاسمانیدا شەهید کران، ئەم هێرشە جارێکی تر نیشانەی ئەوەیە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە چوار پارچەی کوردستان بەردەوامە".
هەروەها هاتووە "بەم هێرشە هێزە نێودەوڵەتییەکان ئیرادەی ئازاد و ڕێکخستنی گەلی کوردیان کردووەتە ئامانج، ئەم پیلانگێڕیەی کە لە لایەن دەوڵەتی تورکی فاشیستی داگیرکەر ئەنجام دراوە، بێگۆمان دەستی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانیشی تێدایە، ئەو هێزانە لە ڕێگەی ئامانجگرتنی خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی دەیانەوێت ئیرادەی گەلەکەمان لاواز بکەن، پێویستە لە سەرەتادا یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) و پەرلەمان و حکومەتی باشوور پلانەکە ئاشکرا بکەن".
کەجەکە باسى لەوەش کردووە "پێویستە لە هەرێمێک کە لە ژیر دەسەڵاتی حکومەتی باشووری کوردستاندایە، ئەم پلانە کە هەڤاڵەکانمان شەهید بوون، نەبێتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی و پێویستە ئۆپەراسیۆنەکانی دڕندەی دەوڵەتی تورک ڕەت بکرێنەوە و شەرمەزار بکرێن. پێویستە چۆنیەتی پێشێلکردنی ئاسمانی شارەکە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بە باشی ئاشکرا و ڕوون بکرێتەوە. هەم ئێمە و هەم گەلەکەمان چاوەڕێی ئاشکراکردنی چۆنیەتی ئەنجامدانی پلانەکەین.. ئەم کۆمەڵکوژیە کە هاوتەریب لەگەڵ هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دراوە، نیشانەی ئەوەیە داگیرکەری تورک لە هەموو شوێنێک هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد. ڕژێمی تورکی فاشیست کە گەلی کورد بە ڕێکوپێکی کۆمەڵکوژ دەکات، بە تایبەتی هێرش دەکاتە سەر کەسایەتی کورد و ڕێکخستنەکانی خاوەن ئیرادە و عەقلیەتی کوردی".
لینکى ڤیدیۆى ئاڤاتودەى لە تلێگرام (یەکشەممە ـ ٢٠ى ئۆکتۆبەر) کە هەواڵەکە لەمەڕ کوژرانى ئەو دوو کەسە لە خوولەکى ١٩ـەوە دەست پێ دەکات.
لینکى تلێگرام: https://t.me/avatodaykurdi/21031
لینکى یوتیوب: https://www.youtube.com/watch?v=_Pr7cXyroEI