رفتن به محتوای اصلی

عەبادى ڕوو لە حەشدى شەعبی هەڵدەگێڕێتەوە

عەبادى ڕوو لە حەشدى شەعبی هەڵدەگێڕێتەوە
حەیدەر عەبادى دەیهەوێت لە ئەمریکا نێزیک ولە ئێران دوور کەوێتەوە!
پەیوەندییەکانى عەبادی و میلیشیاکانى حەشد ئاڵۆز دەبێت
posted onAugust 27, 2018
noدیدگاه

 

جموجۆڵە سەربازییەکانى ئەم دواییەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی مەترسیی بۆ سەرۆکوەزیرانى حکومەتى عێراق دروست کردووە، بە تایبەت ئەو هێزانە بوونەتە نەیارێکى سیاسی و لەبەرەى کوتلەى (نورى مالیکی ـ هادی عامری) خۆیان یەکلایی کردووەتەوە و، دژایەتى بەرەکەى حەیدەر عەبادی دەکەن بۆ پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان.

 

لەدەستدانى متمانەو سەرهەڵدانى ئاڵۆزی نێوان عەبادی و سەرکردەکانى حەشد دواى بڕیارەکانى ئەو هێزە دێت، کە زۆربەى پێگە سەربازییەکانى خۆیان لە پارێزگارە تازە ڕزگارکراوەکانى چۆڵ کردووەو بەرەو بەغدا بەڕێ کەوتوون. ئەو جمووجۆڵەش واى لە سەرۆکوەزیرانى بەغدا کردووە بڕیاری تووند بەرامبەر ئەو هێزانە دەربکات و سەرجەم جموجۆڵ و فەرمانەکانى لەخۆی کۆ بکاتەوە و رێگەش لەسەرکردەکانى نێو میلیشیانە بگرێت بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن.

لەپاڵ ئەوانەش بڕیاری دوورخستنەوەیانى داوە لە نزیک بەغدا و، داواشی لەفەرماندە سەربازییەکانى سوپا کردووە، کەلەئامادە باشیدابن و، بەرەنگاری هەر جموجوڵێکى سەربازی بکەنەوە.

عەبادی تەنها بەوەش نەوەستاوە کە فەرمانى جوڵەى ئەو هێزانە لە نێو دەستى خۆى بهێڵێتەوە، بەڵکو چەند سەرکردەیەکى  میلیشیاکانى حەشدی شەعبی لەپۆستەکانی دوورخستووەتەوە. بەرپرسێکى سیاسی لەبارەى جوڵەى ئەو هێزانە بەرەو بەغدا ئاشکراى دەکات "مەترسیی بۆ عەبادی دروست بووە، لەوەى ئەو هێزانە بەنیازی کردەوەیەکى گوماناوی بن".

ڕوونیشی کردووەتەوە "مەترسییەکانى سەرۆکى حکومەت لەوێوە سەرچاوەى گرتووە، کە باڵیۆزخانەى ئەمریکا زانیاریی مەترسیداری لەبارەى جووڵەى حەشدی شەعبی گەیاندووەتەوە حەیدەر عەبادی". ئەمەش لە کاتێکدایە قەیس خەزعەلی رابەرى میلیشیاکانى عەسائیب داواى هاریکاری و هەماهەنگی کردووە بۆ ئەوەى شێوەى رژێمە سیاسییەکەى عێراق لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتى بگوازنەوە.

لەبارەى پێکهاتەى حەشدی شەعبی، کە لە چەندین پێکهاتەى میلیشیایی دروست بووە، تەنها چەند بەشێکیان نەبێت کە نزیکن لە سەرۆکى ڕەوتى حیکمە، زۆربەیان خۆیان لە دەورى سەرۆکى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا نزیک لەکۆمارى ئیسلامی ئێران کۆ کردووەتەوە.

هاوپەیمانى کردنى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی و بەرەى مالیکی – عامری، بەفەرمانى ئێران و قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپای قودس بووە، کەرێگە لە هاوپەیمانى (سەدر، حەکیم، عەلاوی) دژ بە بەرەى ئێران بگرن. سەرکردەکانى حەشدی شەعبی عەبادی بەوە تومەتبار دەکەن کە "لە پێناو مانەوەى خۆی سیاسەتى دەستبادان دژیان بە کار دەهێنرێت". جەخت لەوەش دەکەنەوە "لەبرى تۆمەتبارکردنیان پێویستە عەبادی مووچەى کارمەندەکانیان بدات و، گرنگی زیاتر بە بریندار و بنەماڵەى کوژراوان بدات".

ئەوەشیان گووت "لە پێناو نزیکبوونەوەى لە ئەمریکا، عەبادی سیاسەتى پاڵەپەستۆخستنە سەرمان بەکار دەهێنێت، کە هەمووى لە بەرژەوەندی خۆیەتى".

زۆربەى سیاسییەکانى عێراق، ڕەخنەى توند لە جموجۆڵ و هەڵسوکەوتى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی دەگرن، بەوەى بە بێ ڕەچاو کردنى بەها مرۆیی و یاسایی و سەربازییەکان پێشڵکردنى مافەکانى مرۆڤ و وێرانکردنى شاری سووننە تومەتباریش کراون، جگە لەو کوشتوبڕەى بەرامبەر کەسانى بێتاوان ئەنجامیان داوە.