رفتن به محتوای اصلی

لیوا عەبدولکەریم خەڵەف بۆ ئاڤاتودەى: داعش شانەی نووستووى نەماوە

لیوا عەبدولکەریم خەڵەف بۆ ئاڤاتودەى: داعش شانەی نووستووى نەماوە
AvaToday caption
posted onFebruary 26, 2019
noدیدگاه

 

پسپۆڕێکى ئەمنى و سەربازی عێراقی ئاشکراى دەکات "گرووپى تیرۆریستى داعش، شانە نووستووى لەعێراق نییە، چونکە ئێستا بە شێوەیەکى بەرچاو و ئاشکرا جموجۆڵەکانى خۆى ئەنجام دەدات".

 

عەبدولکەریم خەڵەف، لیواى خانیشینکراو و شارەزای ئەمنى لەلێدوانێکى بۆ تۆڕى ئاڤاتودەى ڕایگەیاند " ئێستا ئەوانیش لەناوچەکانى بیابانى ڕۆژئاواى موسڵ، باشوورى ڕۆژئاواى کەرکوک، ناوچەى مەکحول، و چیاکانى حەمرین چڕ بوونەتەوەو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیش ڕاویان دەنێن و، فڕۆکە جەنگییەکانیش خەریکی بۆردوومانکردنیانن".

لەبارەى شانە نووستووەکانیش ڕوونی دەکاتەوە "شانە نووستووەکان پێشتر لەشارەکان هەبووە پێش ئەوەى بگاتە قۆناغی داگیر کردن". لەبارەى کاریگەرییەکانى ئەو گرووپە چەکداریە لەسەر پرۆسەى سیاسی بەغداو، مەترسییەکانی پسپۆڕە ئەمنییەکە دووپاتیدەکاتەوە کە داعش " هیچ کاریگەرییەکى لەسەر ڕەوشى سیاسی نەماوە، چونکە کۆتایی هاتووەو، لەقۆناغەکانى کۆتایی دایەو، دەستى ئاشکرا بووەو، دامەزراوە هەواڵگری و سەربازییەکانیش بەردەوام کردوویانەتە ئامانج".

دەشڵێت" بەداخەوەش لەم ماوەیە توانی لەچەند ئۆپەراسیۆنێک سەرکەوتوو بێت، لە تیرۆرکردنى گەنجانى ئەنبار و کردەوەى تیرۆریستى لە موسڵ، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى تواناى یەکگرتوویی و دروستکردنى کاریگەریی نەماوە".

خەڵەف لەبارەى کۆتایی هێنانى یەکجاری پێشبینى ئەوە دەکات کە "پرۆسەى لەناوبردنى یەکجارى گرووپى داعش " ماوەى پتر لە ساڵێکی پێ بچێت، بۆ ئەوەى بەیەکجاریی لەناوبردرێت". ئەو لێدوانەى پسپۆڕە ئەمنیەش لەکاتێکدایە، زۆربەى بەرپرسانى بەغدا هۆشداریی ئەوەیان داوە، لەداهاتوو بەهۆى ناسەقامگیرى سیاسی لەبەغدا، " نەوەى سێیەمى تیرۆر سەرهەڵبداتەوە، بە جۆرێک لە داعش مەترسیدار تر بێت".

داعش دواى ئەوەى لە حوزەیرانى ٢٠١٤ توانى شارەکانى موسڵ، ئەنبار، سەڵاحەددین و بەشێک لە پارێزگاى دیالە داگیر بکات، لە ساڵى ٢٠١٧ حکومەتى ناوەندی عێراق ئۆپەراسیۆنێکى سەربازی بۆ ڕزگارکردنەوەى شارەکانى ژێر دەستى داعش دەست پێ کرد، کە ماوەى ساڵێکى پێچوو و، لەزۆربەى قۆڵەکانەوەش بە هاوکارى هێزەکانى پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و پۆلیسى فیدراڵى و سوپا توانا سەرکەوتن لەسەر ئەو گرووپە ڕابگەیەنێت.

خەڵەف جەخت لەوەش دەکاتەوە "بەشێک لە سیاسییەکان، مەترسییەکانى داعش بۆ ئامانجە سیاسییەکانى خۆیان بەکاری دەهێنن، ئەمەش لەسەر واقیعدا شتێکى ڕاست نیەو، مەترسییەکانى داعش لەو ئاستە نییە خەڵک لێی بترسێت".

عەبدولکەریم خەلەف