ئێلناز شاکردوست، ئەکتەری ناسراوی سینەمای ئێران، لە کاردانەوە بەرامبەر سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لە مانگی بەفرانباری 1404، وازهێنانی خۆی لە کارە هونەرییەکان و بەشدارینەکردن لە فێستیڤاڵەکان راگەیاند.
شاکردوست لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، ئاماژەی بە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپێشاندەران کردووە و ئەو رووداوانەی بە "تراژیدیا" ناوهێناوە. ئەو ئەکتەرە نووسیویەتی: "من نە بەشداری لە هیچ ئاهەنگێکدا دەکەم و نە چیتر لەم خاکەی کە بۆنی خوێنی لێ دێت، هیچ رۆڵێک دەگێڕم."
ئەم بڕیارەی ئێلناز شاکردوست لە کاتێکدایە، کە دوای خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانبار و سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان، ژمارەیەک لە هونەرمەندان و وەرزشوانانی ئێران وەک هەڵوێستێک، بایکۆتی چالاکییە پیشەییەکانیان و بەشداریکردن لە بۆنە فەرمییەکانی دەوڵەتیان کردووە.
