رفتن به محتوای اصلی

سووریا و هەسەدە ئاگربەستیان ڕاگەیاند

سووریا و هەسەدە ئاگربەستیان ڕاگەیاند
posted onJanuary 20, 2026
noدیدگاه

وەزارەتی بەرگریی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە ڕێککەوتن، ئەمەش دوای زنجیرەیەک گرژیی سەربازی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. ڕێککەوتنەکە تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا و سپاردنی پۆستی باڵا بە فەرماندەیەکی هەسەدە لەخۆدەگرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند: "لەکاژێر 08:00ـی ئەمشەوەوە لە تەواوی کەرتەکانی ئۆپەراسیۆنی سوپای عەرەبیی سووریا، ئاگربەست جێبەجێ دەکرێ."

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، ئەم بڕیارە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و وەک پابەندبوونێکە بەو لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ هەسەدە کراون، ئەوەش لەپێناو "سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان".

هاوکات، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا ئاشکرای کرد کە لەگەڵ هەسەدە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی تایبەت بە داهاتووی پارێزگای حەسەکە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، هێزە سەربازییەکانی سووریا ناچنە نێو شارە کوردنشینەکان و مۆڵەتێکی چوار ڕۆژە بە هەسەدە دراوە بۆ ڕاوێژکردن بە مەبەستی دانانی پلانێکی ورد بۆ میکانیزمی تێکەڵکردنەوەی ناوچەکان بە شێوەیەکی کردەیی.

قوتەیبە ئیدلبی، بەڕێوەبەری کاروباری ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، دانوستان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەردەوامە.
ئیدلبی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێککەوتن کراوە فەرماندەی گشتیی هەسەدە کەسێک وەک "پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵات" دەستنیشان بکات. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە مۆڵەتی ئەو چوار ڕۆژە بۆ گەیشتنە بە وردەکارییەکانی میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سووریاوە.

ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان سوپای سووریا و هەسەدە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردبوو.