رفتن به محتوای اصلی

باڵوێزەکانی مافی مرۆڤی ١١ وڵاتی ئەوروپی پاڵپشتیان له تووماج ساڵحی ڕاگەیاند

باڵوێزەکانی مافی مرۆڤی ١١ وڵاتی ئەوروپی پاڵپشتیان له تووماج ساڵحی ڕاگەیاند
دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی بووەته هۆی بەڕێوەچوونی دەیان گردبوونەوەی ناڕزایەتی دژ به کۆماری ئیسلامی ئێران
دەرچوونی حوکمی سێدارەدان بۆ تووماج سالحی بووەته هۆی چێ بوونی شەپۆڵێکی ناڕزایەتی جیهانی. لەم پەیوەندییه دەیان گردبوونەوەی ناڕزایەتی لە سەرانسەری جیهان ڕێکخراوه و دەیان ڕاگەیندراویش لەلایەن کەسایەتییه بناوبانگەکان بۆ ئیدانە کردنی ئەو حوکمه واژۆ کراوه
posted onMay 11, 2024
noدیدگاه

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، هیلێل نۆیر، بەڕێوەبەری کارگێڕیی چاوەدێری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس، ڕاگەیندراوی هاوبەشی باڵیۆزی مافی مرۆڤی ١١وڵاتی ئەوروپی بڵاو دەکاتەوه کە تێدا سزای لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی مەحکووم کراوە.

ئەم راگەیندراوه هاودەنگ لەگەڵ ئازادیخوازانی جیهان دەڵێت: "دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، تووماج یەکێک لەو دەنگە بەهێزانەیە کە لە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکاندا، پاڵپشتی لە مافی خەڵکی کرد. ئەو تەنیا داوای پاراستن و ڕێز گرتن له ئازادی و مافی ژنان و کچانی وڵاتەکەی کردووه".

ڕاگەیندراوەکه جەخت لەوە دەکاتەوه که سزادانی تووماج ساڵحی هاوکاته لەگەڵ بەردەوام بوونی ئێران له بەرتەسک کردنی ئازادیی هونەری و جۆرەکانی تری ئازادیی ڕادەربڕین.

ئەم ١١ باڵیوزه ئاماژه دەکەن که سزای لەسێدارەدان ئامرازێکه لەدەستی حکومەتی ئێران بۆ چێکردنی کەشی ترس و توقین و هەروەها ڕێکارێک بۆ سەرکوتکردنی خەڵک بێ‌پەنا.

ڕاگەیندراوی ئاماژه پێکراوه له لایەن باڵیوزانی مافی مرۆڤی وڵاتانی فەرانسە، ئاڵمان، بریتانیا، سوید، نۆروێژ، فینلاند، هۆلەند، ئیسپانیا، ئێستۆنی، لیتوانی و لۆکزامبۆرگ واژۆ کراوە.

جێگای ئاماژەیه، ڕێکخراوی "پێوەری سانسۆر" (index on censorship) بۆ پاڵپشتی له تووماج سالحی، ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووه که زۆرتر له ١٠٠ کەسایەتی بناوبانگی جیهانی واژۆیان کردووه.

ئەم ڕاگیاندراوه داوای "هەڵوەشاندنەوەی بەپەلە و بێ‌مەرجی سزای لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی و ڕەتکردنەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی" کردووە.

هەروەها ڕاگەیندراوەکه جەخت لەسەر ڕیز گرتن له ئازادیی ڕادەربڕین دەکات و ڕوو له کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت: "دەبێت ڕێگە بە هونەر بدرێت ڕەخنە بگرێت، هان بدات، پرسیار له دەسەڵات بکات و چاڵشی بۆ چێ بکات، ئەمە هەم ماف و هەم ئەرکی ئێمەی هونەرمەندە".

تووماج ساڵحی، هونەرمەندێکی ناڕازی و ئازادیخوازه که چەند ماوه پێش لەلایەن دادگایەکی ئێران سزای لەسێداردانی بۆ دەرچووه. ئەو تەنیا به بیانووی خوێندنی گورانی ناڕەزایەتی و ڕخنه له دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران له لایەنی هێزه ئەمنییەکانی ئێران دەسبەسەر و ئەو سزایه بەسەریدا سەپێندراوه.