رفتن به محتوای اصلی

چۆن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران تێ پەڕین؟

چۆن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران تێ پەڕین؟
AvaToday caption
posted onApril 6, 2023
noدیدگاه

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی

 

لەم ماوەیەدا لە ڕاپەڕینی بەشکۆی ژینا، هەندێ دروشممان لە خەڵکی ڕاپەڕیو لە تەواوی ئێران بیست کە نیشانی دا خەڵک بڕیاری خۆیان داوە کە لە کۆماری ئیسلامی تێ پەڕێن. دروشمی وەک: «زن، زندگی، آزادی»، «حجاب بهانه است، اصل نظام نشانه است.»، «جمهوری اسلامی، نمیخوایم، نمیخوایم» و «این دیگه اعتراض نیست، شروع انقلابه» و... .
 
بەڵام چۆن لە کۆماری ئیسلامی تێ پەڕین؟
کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژیمێکی فاشیستی و تۆتالیتارییە، واتە: سیسته‌مێكی ده‌سه‌ڵاتی گشتگیره‌ و به‌توندترین نموونه‌ی دیكتاتۆری و سته‌مكارترینیان هه‌ژمار ده‌كرێ. هەر تاوانێک بۆ مانەوەی خۆی ئەنجام دەدات. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا یەکێک لە بێکارامەترین، توندوتیژترین، گەندەڵترین و شەڕانگێزترین حکومەتەکانی پیشان داوە.

بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئاخوندی پێویستە بزانین هێزەکانمان لە کوێن؟ و چۆن دەتوانین ئەو هێزانە ڕێک بخەین؟

سەرەڕای هەوڵە پووچەڵەکانی ڕژیمی ئایدیۆلۆژیک، سانسۆری بێسنوور و دەرکردنی ناڕازییان لە ژینگەی پەروەردەیی و کار، ئاگادارترین گەنجان و کرێکاران و فەرمانبەران لە ئێراندا پەروەردە بوون. ڕژیم لەگەڵ سینەما، مۆسیقا، نیگارکێشی، پەیکەرسازی، ئەدەب، هونەر و مەعریفە، بەتایبەت زانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ململانێدایە. بەڵام نەوەیەکی زانا و ڕۆشنبیر لە ئێران گەورە بووە. گەنجان و ژنان و زۆرینەی ئێرانییەکان فەرهەنگی حوکمی ڕژیمی ئاخوندییان ناوێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، پیشەسازی، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و سروشتی ئێرانی لەناو بردووە. گرانی و هەژاری بەربڵاوە. خەباتی مامۆستایان و خانەنشینان ئەنجامێکی کۆنکرێتی نەبوو. پارەی وڵات خەرجی بەرنامە ترۆریستییەکانی سپا دەکرێت. خەڵکی ئێران کار و داهات، ئابووری و بژێوی شایستەی کەرامەتی ئینسانییان دەوێت.

بێکاری لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، خوزستان و کوردستاندا زۆرە.  خەڵکی ئەو پارێزگایانە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەشن وەک: ئاوی خواردنەوە و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان.  ڕژیم بە سەرکوت و لەسێدارەدان وەڵامی داخوازییە حەقەکانی ئەو ئازیزانە دەداتەوە و تۆمەتی بێبنەمایان پێ دەسەپێنێت. 

گەلانی ئێران لە هەموو وڵات هاواریان دەکرد کە سیستان و بەلووچستان، خوزستان و کوردستان چاو و چرای خەڵکی ئێرانن.

جیهان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا تێ پەڕیوە. مرۆڤەکان ئازادییان دەوێت و ڕێز لە تاکایەتی و کەرامەتی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون دەگرن. نەوەی ئێستا دەیەوێت لەم جیهانە، بە ئازادی و بە شانازییەوە بۆ هەر شوێنێک گەشت بکات، بخوێنێت یان کار بکات. ئازاد بێت و لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە پەیوەندیی بە هاوڕێکانی و خەڵکی جیهانەوە هەبێت. بۆ جلوبەرگ و جەستەی خۆی، خۆی بڕیار بدات.
کەواتە مۆدێل و سیستەمی عەلی خامنەیی و ئەحمەد جەننەتی و ئەحمەد خاتەمی و ئیبراهیم ڕەئیسی و... ناتوانن بۆ نەوەی زانا و ڕۆشنبیری ئێستا حوکم بکەن.
بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تێپەڕبوون لە ڕژیمی خامنەیی دەبێت بەرنامەمان هەبێت.
لە شۆڕشدا ڕەنگە تا ڕووخانی دیکتاتۆر نەزانین چی ڕوو دەدات، بەڵام دەبێت شوێنی مەبەست ڕوون بێت.

ئامانجە سەرەکییەکانی شۆڕش و ئامانجی کۆتاییی شۆڕش، بەدەستهێنانی پشتیوانیی جەماوەر و یەکخستنی ڕیزەکانی هاوپەیمانی دژی ڕژیم زۆر گرنگن. داهاتووی گەش و گەشاوەی هەموو هێزە چالاکەکانی دژە فاشیست دەبێت مسۆگەر بکرێت.

دەبێت لە شۆڕشی ئێران، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، ئازادی، سێکۆلاریزم، نەهێشتنی هەڵاواردنی جێندەری و نەتەوەیی و چارەسەری ناکۆکییەکان، بە بەڵێن بە یەکتر و بەڵگەنامەیەکی هاوبەش واژۆ بکرێت.

خەڵکی ڕاپەڕیو پێویستییان بە ڕێکخستن هەیە. شۆڕشێکی ڕێکخراو، شانسی سەرکەوتنی زیاتری هەیە. شۆڕش دەبێت ڕێک بخرێت. بۆ زاڵبوون بەسەر سیستەمێکی فاشیستیدا، ڕێکخراوێکی زۆر یەکگرتوو پێویستە.

خۆپیشاندانی بەردەوام پێویستە، بەڵام بەس نییە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات.  پێویستە ستافی سەرکردایەتی یان فەرماندەیی پێک بهێنرێت و ڕێکخراوەکە هەماهەنگی بکات. لەم ململانێی ژیان و مەرگەدا لەگەڵ حکوومەتی تۆتالیتار، پێویستمان بە دوو ئاستی ڕێکخستنە. یەکەم: لایەنگرانی شۆڕش، واتە پارتە سیاسییەکان، ڕێک بخرێن. پاشان شۆڕشگێڕان دەبێ جەماوەر ڕێک بخەن.

جەماوەرێکی ڕێکخراو، هێزێکی بەهێزە کە شکستی زۆر ئەستەمە. ماشینەسەرکوتکەرەکان بەرگەی هێزی شۆڕشێکی ڕێکخراوی ملیۆنان‌کەسی ناگرن.
کاتی ڕووخاندن پێشبینی ناکرێت. ئەگەری درێژکردنەوەی شەڕەکە هەیە. بەڵام بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات پێویستیمان بە بەردەوامی و هیوا و ماندوونەناسیی هەیە.

بە هیوای گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری و مسۆگەرکردنی مافە سەرەکییەکانی ئینسانی و نەتەوەییمان.

ژن، ژیان، ئازادی