بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەمریکا لەسەر هاوپەیمانەتییەکی دژ بە ئێران لەگەڵ ناتۆ کۆ دەبێتەوە

ئەمریکا لەسەر هاوپەیمانەتییەکی دژ بە ئێران لەگەڵ ناتۆ کۆ دەبێتەوە
AvaToday caption
posted onJune 26, 2019
noبۆچوون

 

مارک ئێسپێر، سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کە ئێستا لە بارەگای ناتۆ لە بروکسێلە، سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دانوستان دەکات.

 

هەواڵدەری ئاسۆشیتدپرێس نووسیویەتی ئێسپێر لە کاتی چوون بۆ بەلجیک بە هەواڵنێرانی گووتووە بە تەمایە هاوپەیمانییەکی گەورەتر بە مەبەستی هێنانە سەر میزی دانوستانی کۆماری ئیسلامی پێکبێنێت.

دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکای لە ئاسمانی ئاوە نێودەوڵەتییەکان خستە خوارەوە، ڕۆژی هەینی سەرکۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیار وابوو هێرش بکەینە سەر سێ ئامانجی ئێرانی بەڵام دە خوولەک پێش هێرشەکە و بە هۆی ئەوەی ژێنرالێکی پلەبەرزی ئەرتەشی ئەمریکا گووتویەتی ١٥٠ کەس لەو هێرشەدا دەکوژرێن، هێرشەکەم هەڵوەشاندەوە.

ئەمریکا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە سەبارەت بە هێرشی ئێران بۆ سەر فرۆکە بێفرۆکەوانەکەی و هەروەها زیاد بوونی کردەوە قەیران خوڵقێنەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دەوڵەتی ترامپ لە ساڵی ڕابردوودا گوشارێکی لە ڕادەبەدەری بۆ سەر ئێران دەست پێکردووە و دەڵێ ڕژیمی ئێران دەبێ وەک وڵاتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات. ئەمریکا پێداگرە لەوەی کۆماری ئیسلامی نابێ دەستی بە چەکی ناوەکی ڕابگات، بەرنامەی بەربڵاوی مووشەکی هەبێ، هاوکاری تیرۆریزم بکات و دەست هەڵگرێ لە هەوڵە کێشە خوڵقێنەکانی دیکەی.

دۆنالد ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانوستان بکات، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەر جۆرە دانوستانێکی لەگەڵ واشنگتۆن ڕەت کردبووە.