بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کوردەکان لەنێو بەرداشى ئەمریکا و ئێران

کوردەکان لەنێو بەرداشى ئەمریکا و ئێران
AvaToday caption
posted onJune 2, 2019
noبۆچوون


 

ناکۆکییەکانى ئەم دواییەى نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمارى ئیسلامی ئێران، ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خستۆتە بەرزترین ئامادە باشییەوە، بۆ ئەوەى خۆى بۆ هەموو سیناریۆییەکى خراپ ئامادە بکات. هاوپەیمانانى هەردوو لایەنى ناکۆکەکە بە دڵەڕاوکێیەوە دەڕواننە ئەو ململانێیەى نێوان تاران و واشنتۆن، بەتایبەت لەسەروبەندی شکستهێنانى هەموو هەوڵێک بۆ هێوربوونەوەى دۆخەکە.

 

سەرەڕاى ئەوەى هەردوو پایتەخت ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەنجامدانى دانووستاندن، بەڵام بەشێوەیەکى کارا شتێک نەهاتۆتە دی، وڵاتانى ناوچەکە هەناسەیەک بۆ دوورکەوتنەوەى مەترسییەکانى جەنگ هەڵکێشن. ئەوەى بەمێشکی ئەو هاوپەیمانانەى هەردوو بەرەى دژ بەیەک دەسوورێتەوە، ئەویش ؛ ئەگەر جەنگ لەنێوان ئەمریکاو ئێران هەڵگیرسا چۆن مامەڵە بکەن و، لەچ بەرەیەک بوەستن؟

لەنێو ئەو هاوپەیمانانەش کوردەکانن، کە خۆیان بەتێوەگلاو لەو هەرایە دەبیننەوە، چ بەئارەزووی خۆیان بێت یاخود بەسەریاندا سەپێنراوە، هاوشێوەى ململانێیەکانى دیکە ئاڵۆزییەکە کەوتووەتە بەردەگاى ئەوان. وەڵامى ئەو پرسیارە تا ئێستا روونە، یاخود تاڕادەیەک وەڵامدانەوەى دواخراوە، بەتایبەت لە سەروبەندی بەرزبوونەوەى دهۆڵى جەنگ و دابەزینى سەداکەى، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن "پرسەکە لەفشارخستنە سەر کوردەکان بەهەر جۆرێک بێت کەم نییە". لەساڵانى رابردوو ئەمریکا هاوسۆزییەکى گەورەى بۆ کوردەکان هەبوو، بەجۆرێک گەیشتە رادەی پێشکەش کردنى پاڵپشتى سیاسی و لەهەندێک کاتیشدا سەربازی.

دیلمان عەبدولقادر، توێژەرى کورد لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەگۆڤاری (ئەنتەرناشیوناڵ ئینتریست) بڵاوی کردووەتەوە، دەنووسێت "دواى شەڕى کەنداوی یەکەم، لە رێگەى دروستکردنى ناوچەى دژەفرین بەرامبەر فرۆکە جەنگییەکانى سەدام حسێن، واشنتۆن ئاسانکاری بۆ دروستبوونى هەرێمى کوردستانى عێراقی کردووە، لەو کاتەوەش کوردەکان و ئەمریکییەکان هاوبەشییەکى سیاسی و سەربازی تایبەتمەندیان دروست کردووە و، هەردوو لایەنیش سوودمەند بوونە".

مەسعود بارزانى

بەڵام ئەو هاوپەیمانییە لەدواى ٢٠١٧ گۆڕانێکى نەرێنى بەخۆیەوە بینی، کاتێک کوردەکان بانگەوازە نێودەوڵەتییەکانیان پشتگوێ خست و، سووربوون لەوەى لە ٢٥ ئەیلوولی ٢٠١٧ ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدەن، هەروەها هیچ بەهایەکیان بەبۆچوونى ئەمریکا دانەنا.

ناکۆکییەکانى هەولێر و واشنتۆن گەیشتبووە ئاستێک چاوپۆشى لەهێرشەکانى حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانى پێشووى حکومەتى عێراق بکات، بۆ ئەوەى دووبارە شارى کەرکوک لەدەستى کوردەکان دەربهێنێتەوە. لەو هێرشە کە پەنجەمۆری ئێرانییەکان بەروونى دیاربوو لەرووى پلاندانان و پاڵپشتى و هەماهەنگی، ئەو کات واشنتۆن ئەو پرسە بەخاڵێکى ئەرێنى بۆ ئێران هەژمار کرد.

لەلایەن خۆیەوە رێنارد مەنسوور، پسپۆڕی کاروبارى عێراق لەدامەزراوەى تشاتام هاوسی توێژینەوەیی گووتى "ئێران هەمیشە بەهەنگاوێک لەپێش ریفراندۆمەکەوە بووە". ئاماژەى بەوەشداوە "ئێرانییەکان دەیانزانى مەسعود بارزانى هەرگیز ریفراندۆمەکە دواناخات، بۆیە ئێرانییەکان پلانیان دادەڕشت بەڵام ئەمریکییەکان سەریان لێشواو بوو".

دواى ئەو پرسە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات هێوربوویەوە، بەتایبەت لە رۆڵى کوردەکان لە پاڵپشتیکردنى هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى دەوڵەتى ئیسلامی داعش، بەڵام دووبارە زەنگی مەترسیی و دڵەراوکێی لێی دایەوە. عەبدولقادر هێمای بەوە کردووە "واشنتۆن تۆمارێکى پڕی لەچەندین بۆنە هەیە کە پشتى لەکوردەکان کردووە، بەتایبەت ئەو کاتەى پێویستیان بە هاریکارییەکانى دەبێت، بۆیە دەکرێت بەئاشکرا هەرێمى کوردستان یارمەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژى ئێران بکات؟". بەشێک لەچاودێران و شرۆڤەکاران بەدوورى دەزانن کوردەکان خۆیان لەو جەنگە بقورتێنن.

لەلایەن خۆیەوە مارک بیری پێی وایە کوردەکان " لەبنەڕەتدا کوردەکان شەڕ ناکەن، نە لەگەڵ ئێران و نە لەگەڵ ئەمریکا". بەڵام سەردار دەروێش، چالاکوانى کورد دەڵێت "لەم ساڵانەى دواییدا ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوپەیمانیەکى باشى لەگەڵ کوردەکان دروست کردووە، بەجۆرێک سەلماندیان کە هێزێکى گورزوەشێنن بۆ چەسپاندنى سەقامگیرى و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر". دووپاتی دەکاتەوە "بەرژەوەندی کورد ئەوەیە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بمێننەوە".

لەبەرامبەریشدا عەبدولقادر جەخت لەوە دەکاتەوە "ئەگەر شەڕى راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکاو ئێران هەڵگیرسا، ئەگەری ئەوە هەیە کوردەکان خۆیان لەشەڕەکە بەدوور بگرن، لەکاتێکدا ئەگەر واشنتۆن گەرەنتییەکى ئاسمانى و زەمینى تەواو بۆ هەرێمەکەیان نەرەخسێنێت، کە چەندین دەیەى داهاتوو مسۆگەر بکات، ئەمەش پێ ناچێت بەدی بێت".

کورددد

هەرێمى کوردستان ئامادە نییە سەقامگیرى خۆى بخاتە مەترسییەوەو، کوردەکانیش نایانەوێت هاوشێوەى براکانیان لە سووریا بچنە قۆناغێکى نادیارەوە، کە رووبەرووى مەترسیی کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەهەر سات و ئانێکدا دەکرێت. بۆیە شەڕى ئەمەریکاو ئێران گەر هەڵگیرسا ئەوا درێژخایەن و تێچووى بەرز دەبێت. کوردەکان ئەو ئەگەر بەدڵەراوکێیەکى بەرزەوە تاوتوێ دەکەن، پێ دەچێت واشنتۆن داوا لە هەولێر بکات، فشارەکانى بۆ سەر ناوچە چیاییەکان تووند بکات، تاوەکو ئاسمان بەرامبەر فرۆکەکانى کراوە بن.

یەکێکی دیکەش لەو داوایانە کردنەوەى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان و کوردەکانى ئێرانە، بۆ ئەوەى هێزەکانى پێشمەرگەی حکومەتى هەرێم و پێشمەرگەکانى دیکە چاودێرى ناوچەکە بکەن، ئەمەش ئاسانکاری بۆ گەیشتن بەنێو ئێران دروست دەکات کە لەژێر کۆنترۆڵى کوردەکانە.

لەبارەى ئەو ئەگەرانەوەش توێژەرە کوردەکە دەڵێت "گووتن ئاسانترە لەکردەوەکان"، بەجۆرێک ئێران ریشەیەکى قووڵى لەنێو حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرجەم پارتە سیاسییەکان هەیە، بەتایبەت لەنێو پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، کە لە رێگەى هەردوو بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانییەوە ئەنجام دەدرێن. بۆیە بۆ ئەمریکا ئەستەمە بتوانێت هەردوو لایەن رازی بکات، بۆ ئەوەى هێزەکانى پێشمەرگە دژى ئێران بەکاربهێنن.

لەدەرەوەى سنوورى هەرێمى کوردستانیش بەغدا هاوشێوەى هەولێر لەقەیرانێکى ئاڵۆزدایە، لەلایەک پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ ئەمەریکا هەیە، بەبێ ئەوەى کاریگەرى لەسەر پەیوەندییە تووندوتۆڵەکانى ئێران بکات. ئەوەى جێی گومانەو ناتوانرێت بپارێزرێت بێلایەنى عێراقە لەنێو ئەو ژینگە ئاڵۆزەى تێدایەو، لەبەردەم راگەیاندنى هەڵوێستێکە لایەنگری لایەنێک دژى ئەویتر بکات. ئەگەر بەدەست کوردەکان بێت ئەوا بەرەى ئەمەریکا هەڵدەبژێرن.

عەبدولقادر باس لەوە دەکات "ئەگەر شەڕ هەڵگیرسا یاخود نا، ئەوا ململانێیەکانى ئێران و ئەمریکا دەیسەلمێنێت کە پێویستە هاوپەیمانانیان بەتایبەت کوردەکان پارێزگارییان لێبکەن و، نابێت لەداهاتوو دەستبەردارى بن، بەجۆرێک کوردەکان پشت بەهێزەکانى ئەمریکا دەبەستێت لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست. بۆیە کوردەکان چیتر کەمینەیەکى بچووک نیە بتوانرێت پشتگوێ بخرێت.