کۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو داواکاری ئاراستەی حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان دەکات و دەڵێت: دەبێت ڕادەست بکرێنەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاڤا میدیا، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئێران نامەیەکی فەرمی داوەتە یاسر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران بۆ ئەوەی بیگەیەنەتە دەست حکومەتی عێراق. کۆپییەکی نامەکە گەیشتووەتە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
نامەکە دوو داواکاری سەبارەت بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆ دەگرێت، یان بەرپرس و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بنەماڵەکانیانەوە ڕادەستی رێژیمی ئێران بکرێنەوە یان دەبێت لە عێراق دەربکرێن.
بەپێی ئەو راپۆرتە، حکومەتی عێراق ئێستا خەریکی تاوتوێکردنی ئەو نامەیە و دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ ئەم پرسە. حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن تاوەکو ئێستا لە ناردنی ئەم نامەیە ئاگادار نین و لەسەر ئەم بابەتە هیچمان پێ نەوتراوە.
ئێمە بەپێی رێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان کوردستان و عێراق و ئێران لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێکراوین، ئێستاش پابەندین بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی حکومەتی کوردستان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کورد لە باشووری کوردستان بڕیار دەدەین.