لەمەریوان کۆڵبەرێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران کوژرا؛ ئەمە دووەم حاڵەتی کوژرانی کۆڵبەرانە لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا.
ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥، گەنجێکی کۆڵبەر بە ناوی "سەڵاح خۆشنەمەک" لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییە سنوورییەکانی "وەیسە"ی سەر بە مەریوان، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی پاسگای وەیسە بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لەو کۆڵبەرە کردووە و بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
سەڵاح خۆشنەمەک خەڵکی گوندی "دووماڵ"ی مەریوانە. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە تەنیا سێ ڕۆژ پێش ئێستا، کۆڵبەرێکی دیکەی تەمەن ٥٧ ساڵ بە ناوی "وەزیر ڕەحیمی" لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە سنوورییەکان کوژرا. وەزیر ڕەحیمی باوکی پێنج منداڵ و خەڵکی ناوچەی شاهۆی ڕوانسەر بوو.