هێرشێکی درۆنیی کرایە سەر کەمپی چەمشاری پارتی ئازادی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر و لە ئاسمانی خەلیفانیش درۆنێك تەقێندرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاڤامیدیا، کاتژمێر 7:56ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە هێرشێکی درۆنیی کراوەتە سەر کەمپی چەمشاری سوپای میللیی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر.
- هاوکات سێ درۆن لە خەلیفان تێکشکێنران و دوو درۆنی دیکەش لە ئاکرێ کەوتوونەتەخوارەوە.
هێرشەكە كراوەتە سەر كەمپی چەمشار لە ناوچەی دارەشەكرانی هەولێر و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی ماددی گەیاندوووەتە ئەو شوێنەی کە درۆنەکەی بەرکەوتووە.
هەر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ درۆنێكی دیكە لە ئاسمانی شارۆچكەی خەلیفان لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە تەقێندراوەتەوە و هیچ زیانێكی گیانیی لێنەكەوتووەتەوە.
هاوکات، بەیانیی ئەمڕۆ دوو درۆن لە ئاقاری دوو گوندی سنووری ناحیەی بجیل لە قەزای ئاکرێ کەوتوەتە خوارەوە، زیانی گیانی نەبووە، تەنیا پوش و پەڵاشی سووتاندووە و دواتر لەلایەن دانیشتووانی گوند ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.