
دانیشتوانی گوندی گوڵچێر سەر بە شاری مەریوان، بە هەوڵ و کۆششی خۆیان نزیکەی هەزار و ٥٠٠ نەمامیان لە دەوروبەری گوندەکەیاندا چاند. بە وتەی خۆیان، ئەم هەنگاوە دەستپێکی پرۆژەیەکە بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکەیان.
هەروەها پێشتر دانیشتوانی ئەو گوندە کۆمەڵێک ڕێنماییان ئاراستەی گەشتیاران کردبوو، تێیدا داوایان لێکردبوون ڕێز لە ژینگەی ناوچەکە بگرن و خۆیان بەدوور بگرن لە هەڵکەندنی گژوگیا خۆراکییەکان و ئازاردانی باڵندە و زیندەوەران.
هەروەها دانیشتوانی گوڵچێر بڕیاریانداوە ڕۆژانە هەوڵی پاککردنەوەی گوندەکەیان بدەن لە زبڵ و خاشاک، وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی ژینگە.
چاندنی نەمامەکان بە هاوکاری و بەشداری هەموو تەمەنەکانی گوندەکە ئەنجامدراوە، و ئامانج لێی پاراستن و جوانکردنی ژینگەی گوندەکەیە. ئەم کارە هەنگاوێکی بچووکە، بەڵام ئەوان وەک هەنگاوێکی گەورەی دەبینن و دەیانەوێت بەردەوامی بەم ڕێچکەیە بدەن و سروشتێکی جوان بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێ بهێڵن.