
دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە حکوومەتی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٩٧٥ کەسی لە سێدارە داوە. ئەمە بەرزترین رێژەی لە سێدارەدان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٠٨ەوەیە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و رێکخراوی "هاوپەیوەندیی دژی سزای لەسێدارەدان" حکوومەتی ئێرانیان تۆمەتبار کردووە لەسێدارەدانی وەک "ئامرازێکی سەرەکی بۆ سەرکوتکردنی سیاسی" بەکاردەهێنێت.
ڕێژەی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەراورد بە ساڵی پێشووتر ١٧٪ زیادی کردووە. لەنێو ئەو ٩٧٥ کەسەی لە سێدارە دراون، ٤ کەسیان لە نێو خەڵکدا لە سێدارە دراون و ٣١ کەسیان ژن بوون.
بەپێی راپۆرتەکە، زۆربوونی لە سێدارەدانی ژنان لە کاتێکدایە کە سێ چالاکڤانی ژن بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محەممەدی ئێستا لە زیندانەکانی ئێراندا رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.
ڕێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە حکوومەتی ئێران بەتایبەتی لە دوای دەستپێکردنی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ییەوە، سزای لە سێدارەدانی بۆ ترساندنی خەڵک و ناڕازییان بەکارهێناوە.
ئەو رێکخراوانە دەڵێن؛ حکوومەت دەیەوێت "تۆڵەی" ئەو خۆپیشاندانانە بکاتەوە کە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕوویدا.
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕایگەیاند کە "ئەم لە سێدارەدانانە بەشێکن لە شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی خۆی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی. لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا، بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، بە تێکڕا ڕۆژانە پێنج کەس لە ئێران لە سێدارە دراون."
ئەو رێکخراوانە ئاماژەیان بەوە داوە کە ئێران لەدوای چینەوە زۆرترین ژمارەی لە سێدارەدانی لە جیهاندا هەیە.