بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆمارى ئیسلامى ناهێڵێ زەعفەران لە ڕۆژهەڵات بچێنرێ

کۆمارى ئیسلامى ناهێڵێ زەعفەران لە ڕۆژهەڵات بچێنرێ
سێبەری مافیای زەعفەران لە سەر ژینگە و جووتیارانی کوردستان زۆرە.
posted onAugust 28, 2018
noبۆچوون

 

ئێران یەکێک لە وڵاتانی هەناردەکردنی زەعفەرانە و بۆ بازرگانەکانى قازانجێکی زۆری هەیە.

 

بە پێ ڕاپۆرتی فەرمی دەزگا حوکمییەکان، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ۱٦۰ تەن زەعفەران بە نرخی ۲۱۹ ملیۆن دۆلار هەناردەی ٥٦ وڵاتی دونیا کراوە .

 

ئەگەرچی مەڵبەندی سەرەکی زەعفەران دەشتەکانی کوردستان بووە و لە سەردەمی مادەکاندا لێى بەرهەم هێنراوە، بەڵام بە درێژایی کات و بە پێ سیاسەتی دەسەڵاتداران لە کوردستان دوور خراوەتەوە و ئەو شتەی کە ئێستا دەبینرێت ئەوەیە کە پارێزگای خوراسان لە ئێران بە مەڵبەندی سەرەکی زەعفەران دەناسرێت و ئەمەش لە کاتێکدایە کەشوهەوای کوردستان زۆر سازگارتر و بەکەڵکترە بۆ بەرهەمهێنانى ئەم گیایە.

 

 یەکێک لە لاوانی ڕۆژهەڵات کە ئەندازیاری کشتوکاڵە تایبەت بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى گوت "پاش تاقیکردنەوەی ئەوەی کە باشترین بەرهەم بۆ کەشوهەوای کوردستان چییە و چ جۆرە بەرهەمێک قازانجى لەسەر داهاتى جووتیار و خەڵک هەیە، هەوڵی بەرهەمهێنانی زەعفەرانمان دا ، بەڵام هەر لە سەرەتادا بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵی کوردستان بە خراپترین شێوە بەرنگارمان بووەوە و بە بیانووی ناسازگاری کەشوهەوای کوردستان بۆ ئەم گیایە هەوڵیان دا ئاستەنگمان بۆ دروست بکەن".

ئەم خوێندکارە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە درێژەی قسەکانیدا گوتى "یەکێک لە کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ ڕاشکاوانە پێى گوتین کە لە سەرووی خۆمانەوە فەرمانمان پێ دراوە نەهێڵین زەعفەران لە کوردستان بەرهەم بهێنرێت، بەڵام ئێمە پاش پێداگرییەکی زۆر و بێ هاوکارى ماددى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ ئێستا سێ ساڵە خەریکی چاندنی زەعفەرانین و زۆریش بەسوود بووە و سەرکەوتوو بووین".

 

چەندین ساڵە بە هۆى سەدسازى و گوێپێنەدان بە ئاو لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، بەشێکی زۆری ئاوی ناوچەکە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکرێت و بە هۆى هەڵەیەکى بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کوردستان لە زیادکردنى بەرهەمهێنانی لەڕادەبەدەری پەتاتە و وێنجە و شووتی کە ئاوێکى زۆرى پێویستە، ئاوی ژێرزەوی زۆر کەمى کردووە و لە هەندێ شوێنیشدا شاهیدى داڕمان و داتەپینی زەوی دەبین.

مافیاى زەعفەران لە نێو دەسەڵاتدارانى کۆمارى ئیسلامى، واى کردووە کە نەهێڵن لە ڕۆژهەلات پەرەى پێ بدرێت

مافیاى زەعفەران لە نێو دەسەڵاتدارانى کۆمارى ئیسلامى، واى کردووە کە نەهێڵن لە ڕۆژهەلات پەرەى پێ بدرێت

 

لە وتوویژێکدا لەگەڵ یەکێک لە چالاکانی ژینگەیی کوردستان، باسى لەوە دەکرد کە "بۆ بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ پەتاتە ٦۰۰ تا ٨۰۰ لیتر ئاو پێویستە کە ئەگەر بەهاى ئاوەکە بە تەنیایی ڕەچاو بکەین زیاتر لە ٦۰۰ هەزار تمەنە، لە کاتێکدا پەتاتە کیلۆی بە هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕدرێت. بەم شێوە بەشێکی زۆر لە پەتاتەی ئێران کە ئاوێکی زۆری پێویستە و قازانجێکی زۆر کەمی بۆ جووتیار و زیانێکی زۆری بۆ ژینگە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێنن. ئاستی ئاوە ژێرزەوی ساڵ لە دواى ساڵ لە کەمى دەدات، ئەگەرچی داواشمان لە بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ کردووە کە بەر بە بەرهەمهێنانی پەتاتە بگیردرێت و بەرهەمێک بۆ شوێنگرتنەوەى دابنرێت، بەڵام هیچ هەوڵێکیان بۆ ئەم داوایە نەداوە".

 

ئەوەی جێگەى سەرنجە، ئەوەیە کە زەعفەران گیایەکە کەمترین ئاوی پێویستە و هەر ئەو بارانەی لە کوردستان دەبارێ بەسە بۆ بەرهەمهێنانى باشترین زەعفەران و تەنانەت ئەگەر ئاوی زیاتریشی پێویست بوو لە چاو پەتاتە زۆر زۆر کەمترە، بەڵام بە پێی قسەی یەکێک لە بەرپرسانى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ، "مافیای زەعفەران ساڵەهایە لە بن دەستى تاقمێکی تایبەتە و ڕێگەى بەرهەمهێنانی لە شوێنەکانی دیکەو بەتایبەت لە کوردستان بە کەس نادەن و بەداخەوە ئەمەش دەسەڵاتی ئێمەی زۆر کەم کردووتەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی جووتیاران لە بارودۆخی کشتوکاڵ و ژینگەیی ناوچەکە و لە ماوەی چەندساڵی ڕابردوو جووتیاران پاش وەرزی کۆکردنەوەی بەرهەمی پەتاتە دەبینن تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بوونە. بەداخەوە زۆر جاریش بینیومانە جووتیاران هەوڵی خۆکوژییان داوە و تا ئێستا سەدان حاڵەتى خۆکوژیی جووتیارانمان لەبەر خراپى دۆخى ژیان و کاسبیانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بینیوە."

 

هەروەها ڕوانینێکى دیکە لەسەر دۆخی هەناردەکردنی زەعفەران هەیە کە نیشاندەری ئەوەیە بازرگانانی ئەم بەرهەمە جیا لە قازانجی خۆیان، هیچ کات بیر لە کار و پێشە بۆ خەڵکی ئێران و باشترکردنی دۆخی کشتوکاڵ تەنانەت لەبواری ئەم بەرهەمەدا ناکەنەوە و بۆیان گرنگ نییە، چونکە زۆربەی ئەم بەرهەمە بە شێوەی هەڕەمەکى و خاوێننەکراو و نەپێچراو هەناردە دەکرێت و پاشان لە وڵاتانی وەک ئسپانیا و ئیتالیا بە شێوەی پێچراو بە نرخێکی زیاترەوە هاوردەی ئێران دەکرێتەوە.

 

ماوەیەکە تاقمێکی لاو کە زۆربەیان خوێندکاری بواری کشتوکاڵن و ئاگاداری دۆخی ناوچەکەن، سەرەڕای هەڕەشە و ئاستەنگی دەسەڵات هەوڵی بووژانەوەی کشتوکاڵ و ژینگەی کوردستانیان داوەو چیتر گرنگی بە قسە و هۆشدارى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ نادەن و بەشێوەی سەربەخۆ هەوڵی هۆشیارکردنەوەى جووتیاران دەدەن بۆ ئەوەى دەنگ و هەڵمەتێکی بەهێز و یەکگرتوو دروست بێت و لە بەرامبەریشدا بەم هەنگاوەیان ئاوڕێکى جددى لە ژینگەى کوردستان بدرێتەوە و چیدیکە ئاوى ژێر زەوى بە فیڕۆ نەدرێت.