بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جەمیل نەوسوودی هونەرمەندی نیشتمانپەروەری ناوچەی هەورامان کۆچی دوایی کرد

جەمیل نەوسوودی هونرمەندی نیشتمانپەروەری ناوچەی هەورامان کۆچی دوایی کرد
جەمیل نەوسوودی هونرمەندی نیشتمانپەروەری ناوچەی هەورامان
posted onMarch 4, 2024
noبۆچوون

به کوچی دوایی جەمیل ئەحمەدی، کوردستان هونەرمەندێکی بەرپرس و نیشتمانپەروەری له دەستدا، جەمیل نەوسوودی تەمەنێک له وەفاو و خۆشەویستی بەرامبەر به کوردستانی تێپەڕاند و تا دوا هەناسەی وەفادار به ڕێباز و ئاواتەکانی نەتەوەکەی بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاواتودەی، ئێوارەی دووشەممه، ١٤ ڕەشەمەی ١٤٠٢ هەتاوی، دڵه گەوره و نیشتمانییەکەی کاک جەمیل ئەحمەدی، بەناوبانگ به جەمیل نەوسوودی، له لێدان راوستاوه و ئەویندارانی کوردستانی تووشی خەم و پەژاره کرد.

هاوڕێ تێکۆشەر، جەمیل نەوسوودی له یەکەم ڕۆژەکانی دەستپێکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، ساڵی ٥٧ی هەتاوی، دژ به داگیرکاری کۆماری سێدارەی ئیسلامی پەیوەست به ڕیزەکانی پێشمەرگە دەبێت و بێ‌وچان تا پێش له کیمیابارانی حەلەبچه، درێژه به خەباتی پێشمەرگانەی خۆی دەدات.

جێگای ئاماژەیه، هونەرمەند جەمیل نەوسوودی، له بنەماڵەیەکی تا ئێسک نیشتمانپەروەر و بەرپرس به ئارمان و ئاواتەکانی گەلی کورد له دایک دەبێت، بۆیه بێجگه له خۆی سێ برای دیکەشی چەکی شەرف دژ به داگیرکەر هەڵدەگرێن و پەیوەست به ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستان دەبن.

شەهید بەکر، یەکێک له براکانی نەمر جەمیل نەوسوودیه که له هێزی بەرگری پێشمەرگه خزمەتی خاک و نیشتمانی دەکرد که له ڕێگای ئازادی کوردستان گیانی خۆی بەخت دەکات و پەیوەست به کاروانی نەمرانی گەل و نیشتمان دەبێت.

 گەلی کورد له ناوچەی هەورامان و هەروەها هەموو ئەو کەسانەی کاک جەمیل دەناسن شایەتی دەدەن که ئەو تەنانەت یەک ڕۆژیش له خزمەت له ڕێگای سەربەرزی خاک و نەتەوەکەی ڕانەوستا و دوای پێشمەرگایەتیش، خەباتەکەی له ڕێگای هونەر و پاراستنی هونەری ڕەسەنی کوردی، تایبەت به ناوچەی هەورامان، درێژه پێداوه.

مامۆستا جەمیل نەوسوودی، به دڵە گەورەکەی که لێوانڵێو بووه له خۆشەویستی بۆ کورد و کوردستان، هەموو کاتێک ڕێنوێنی گەنجانی دەکرد که بەرامبەر به نەتەوەکەیان بەرپرس و بەوەفا بن. ئەو هێمای خەبات بۆ ئازادی و وەفاداری بۆ کوردستان بوو.

هەر بەم بۆنەوه، کارمەندانی ئاواتودەی به هەموو هەستیانەوه، سلاو دەنیرن بۆ گیانی پاکی هۆنەرمەندی نەمر مامۆستا جەمیل نەوسوودی و لەبەرامبەر ناو ویادیدا سەری ڕێز و حورمەت دادەنوێنێن و سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و بەگشتی نەتەوەی کورد دەکەن.

یاد و ناوی هەرمان