به کوچی دوایی جەمیل ئەحمەدی، کوردستان هونەرمەندێکی بەرپرس و نیشتمانپەروەری له دەستدا، جەمیل نەوسوودی تەمەنێک له وەفاو و خۆشەویستی بەرامبەر به کوردستانی تێپەڕاند و تا دوا هەناسەی وەفادار به ڕێباز و ئاواتەکانی نەتەوەکەی بوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاواتودەی، ئێوارەی دووشەممه، ١٤ ڕەشەمەی ١٤٠٢ هەتاوی، دڵه گەوره و نیشتمانییەکەی کاک جەمیل ئەحمەدی، بەناوبانگ به جەمیل نەوسوودی، له لێدان راوستاوه و ئەویندارانی کوردستانی تووشی خەم و پەژاره کرد.
هاوڕێ تێکۆشەر، جەمیل نەوسوودی له یەکەم ڕۆژەکانی دەستپێکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، ساڵی ٥٧ی هەتاوی، دژ به داگیرکاری کۆماری سێدارەی ئیسلامی پەیوەست به ڕیزەکانی پێشمەرگە دەبێت و بێوچان تا پێش له کیمیابارانی حەلەبچه، درێژه به خەباتی پێشمەرگانەی خۆی دەدات.
جێگای ئاماژەیه، هونەرمەند جەمیل نەوسوودی، له بنەماڵەیەکی تا ئێسک نیشتمانپەروەر و بەرپرس به ئارمان و ئاواتەکانی گەلی کورد له دایک دەبێت، بۆیه بێجگه له خۆی سێ برای دیکەشی چەکی شەرف دژ به داگیرکەر هەڵدەگرێن و پەیوەست به ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستان دەبن.
شەهید بەکر، یەکێک له براکانی نەمر جەمیل نەوسوودیه که له هێزی بەرگری پێشمەرگه خزمەتی خاک و نیشتمانی دەکرد که له ڕێگای ئازادی کوردستان گیانی خۆی بەخت دەکات و پەیوەست به کاروانی نەمرانی گەل و نیشتمان دەبێت.
گەلی کورد له ناوچەی هەورامان و هەروەها هەموو ئەو کەسانەی کاک جەمیل دەناسن شایەتی دەدەن که ئەو تەنانەت یەک ڕۆژیش له خزمەت له ڕێگای سەربەرزی خاک و نەتەوەکەی ڕانەوستا و دوای پێشمەرگایەتیش، خەباتەکەی له ڕێگای هونەر و پاراستنی هونەری ڕەسەنی کوردی، تایبەت به ناوچەی هەورامان، درێژه پێداوه.
مامۆستا جەمیل نەوسوودی، به دڵە گەورەکەی که لێوانڵێو بووه له خۆشەویستی بۆ کورد و کوردستان، هەموو کاتێک ڕێنوێنی گەنجانی دەکرد که بەرامبەر به نەتەوەکەیان بەرپرس و بەوەفا بن. ئەو هێمای خەبات بۆ ئازادی و وەفاداری بۆ کوردستان بوو.
هەر بەم بۆنەوه، کارمەندانی ئاواتودەی به هەموو هەستیانەوه، سلاو دەنیرن بۆ گیانی پاکی هۆنەرمەندی نەمر مامۆستا جەمیل نەوسوودی و لەبەرامبەر ناو ویادیدا سەری ڕێز و حورمەت دادەنوێنێن و سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و بەگشتی نەتەوەی کورد دەکەن.
یاد و ناوی هەرمان