بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ژنانی ئازادیخوازی کوردستان داوای بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان کرد

ژنانی ئازادیخوازی کوردستان
AvaToday caption
posted onFebruary 29, 2024
noبۆچوون

له درێژەی هەڵمەتی سەرانسەری بۆ بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی، ژنانی ئازادیخوازی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک سەبارەت بە بایکۆتی هەڵبژاردن ڕایانگەیاند: "ئێمە پشتیوانی له هیچ بەبژێرێکی ژن له هەڵبژاردنەکانی ئێران ناکەین".

رۆژی پێنج‌شەممه، ١٠ ڕەشەمەی ١٤٠٢ هەتاوی، ژنانی ئازادیخوازی کوردستان وێرای ئیدانە کردنی هەر جۆره بەشداری کردنێک له شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران، ڕوو به گەلی کورد دەڵێن: "ئێمە ژنانی پێشەنگ و پێشڕەوی کوردستان ڕایدەگەیەنین کە هیچ بەربژێرێکی ژن بۆ هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕێژیم نوێنەری ئێمە نییە و نوینەرایەتی ئێمە ناکات".

هەروەها لەم ڕاگەیاندنه هاتووه: "ڕیزەکانی ئێمه له ڕیزی هەموو ئەو کەسانه جیایه که له ڕێی بەکارهێنانی دروشمی فریودەر و بەڕواڵەت جەماوەریی و پێناسه کردنی خۆیان وەک ژنانی ئازادیخواز، هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی ژنانی کورد دەدەن".

ژنانی ئازادیخوازی کوردستان
ژنان له بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان هەیه

ژنانی ئازدیخوازی کوردستان له درێژەی ڕاگەیاندنەکانیان ڕاشکاوانه دەڵێن: "ئەو ژنانەی خۆیان بەربژێری هەڵبژاردنەکانی ئێران کردووه، بە کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و تەنانەت بڕوانامە پەروەردەییە ناڕاستەقینەکانیان، تەنیا نوێنەری بیرکردنەوە ناپەسەند و خۆپەرستانەی خۆیانن".

ژنانی ئازدیخوازی کوردستان هەروەها ئاماژه بەو ڕاستییە دەکەن: "ژنێک کە غیرەتی ئەوەی نەبێت لە بچووکترین چوارچێوە ڕزیوەکانی زەبری سەپێنراو دەربچێت، هەرگیز ناتوانێت پارێزەری مافی ئەو ژنانە بێت کە ساڵانێکە ئازایانە لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ڕاوەستاون".

جێگای ئاماژەیه له ڕۆژانی ڕابردوو ڕێکخراو و کەسایەتییه بەرچاوەکانی کوردستان بە بلاو کردنی ڕاگەیندرا یان گرته ڤیدئو له خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان داوایان کردووه بۆ ڕووڕەش کردنی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی و ڕێز گرتن له خوێنی شەهیدان و درێژەدان به خەباتی کوردستان، بایۆتی هەڵبژاردنەکانی ئێران بکەن و له ڕۆژی هەینی ١١ ڕەشەمه له ماڵەکانی خۆیان بمێنێنەوه.