بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پەیام و لێکەوتەکانی لێپرسینەوە و دوورخستنەوەی وەزیرە گەندەڵەکەى "صمت"

پەیام و لێکەوتەکانی لێپرسینەوە و دوورخستنەوەی وەزیرە گەندەڵەکەى "صمت"
AvaToday caption
posted onMay 1, 2023
noبۆچوون

نووسینى: مامۆستایەکى زانکۆ ـ تاران

 

ڕێک دوای هەفتەیەک لەوەى کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەر سێ دەسەڵاتەکەى (جێبەجێکردن و یاسادانان و چاودێی) بانگهێشت کرد بۆ "همدلی" و "هم افزایی"، کەچى ئێستا لە پەرلەمانەکەى ڕژێمدا گوێبیستى وتاری ئاگرین و توند بووینەوە و دەبینەوە.

عەلی خامنەیی هەفتەی ڕابردوو گوتی: "هاوکاری، هاوسۆزی و تەواوکاری سێ دەسەڵاتەکە، ستراتیژییەکی زۆر گرنگ و بنەڕەتییە". ئاژانسی هەواڵی حکومی (ئیرنا) و بەرپرسانی دەوڵەت لە تاران و شارەکانی تر، پشتبەستن بە قسەکانی ئەو دیکتاتۆرە، هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی ئەندام پەرلەمانەکان پەشیمان بکەنەوە لە لێپێچینەوەی وەزیر و بەرپرسانى ئەو سێ دەسەڵاتە، کەچى پێیان نەکرا.

ئەم لێپێچینەوەیە لە کاتێکدا ڕوویدا کە ڕۆژێک پێشتر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کرێکاران ستایشی پەرلەمان و دەوڵەتى ئینقیلابی کردبوو!

بەدەر لەوەى کە ئاخۆ پاڵنەری ئەندام پەرلەمانە لێپێچەرەوەکان چ بووە و حیکایەتی بەرتیلدانی ئۆتۆمبێلی شاسی بەرز لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، پەیامگەلێک لە نێو جەرگەى بەرامبەرەکەى پەرلەمان و دەوڵەتى ئینقیلابییەوە دەرکەوتن:

 

١. تەنانەت گوێڕایەڵترین خوولى پەرلەمانى لە مێژووى کۆمارى ئاخوندى، داواکارى ڕابەرەکەیان ڕەت کردەوە و بە ئاشکرا هاوسۆزی و هاوکارییەکەیان پشتگوێ خست! ئەگەر له خوولەکانى پێشووى پەرلەمان، بە مەتەڵەکێکى ڕابەر هەمووى بێدەنگ دەبوون، کەچى ئەمجارە هەر ئاوڕیشیان نەدایەوە لە پێشنیارى ناردنى کەسێک بە ڕانتى شووراى نیگەهبان بۆ پەرلەمان و بەردەوام بوون لە وتارى ئاگرین و ڕەخنەی توند دژ بە وەزیرە گەندەڵ و سەرکۆمارە گەمژەکەیان.

 

٢. گەندەڵی هێندە ڕەگی داکوتاوە کە دەوڵەت و پەرلەمانە نازدارەکەى ڕابەر، شەریانە لەسەر دابەشکردنی تاڵانییەکان و داری وشکهەڵاتووى نیزام و ڕژێم خەریکە مۆریانە لە بنى دێنێت. دوورخستنەوەی وەزیری (صمت) (صنعت، معدن و تجارت ـ پیشەسازی و کانزا و بازرگانی)، نیشانەی پەرەسەندنی ڕکەبەریی نێوان باندە مافیاییەکانی دەسەڵات و پارەیە، کە کەمێک لە لووتکە بەسەتەڵەکییەکەى لە پەرلەمان دەرکەوتووە و دڵنیاش بن کە لە حەفتەکانی ئایندە، گەندەڵی و شەڕ و دەمەقاڵێى زیاتر ئاشکرا دەبن.

 

٣. فاتمی ئەمین، وەزیرێکی "ئەمین" و سیمبولی کابینەی ڕەئیسی بوو، کەچى دوورخستنەوەی لەلایەن پەرلەمانە بناژۆخوازەکەى ڕژێمەوە دەریخست کە هەمان ئەو ئەندام پەرلەمانە ئینقیلابیانە ئامادەن هاوڕێکەى دوێنێیان بکەنە قوربانى تا بەڵکو کەمێک لە ژێر پاڵەپەستۆ و فشاری گشتی و خەڵک ڕزگاریان بێت. لە کاتێکدا زۆرینەی ئەندامپەرلەمانەکان، لە ھەڵبژاردنی ساڵی ١٤٠٠دا، پشتیوانی ڕەئیسییان کرد و بانگھێشتییان کرد بۆ ئەوەی خۆی کاندید بکات.

 

٤. بە دڵنیاییەوە یەکێک لە پاڵنەرەکانی لێپێچینەوەکان، چاوخشاندن و تیلەچاوێکە لە "هەڵبژاردن"ـی پەرلەمانى کە بڕیارە لە مانگی ڕەشەممەی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.  هەموو ئەندام پەرلەمانێکى کۆمارى ئاخوندی زۆر باش دەزانێت کە لە شەوی دەنگدان و لەسەر سفرەی خوان و شیرینی و هەڵدانی پارە بۆ کڕینی دەنگ، دەبێت قسەیەکی هەبێت بۆ خەڵکی ناوچەکە تا ڕازیان بکات و سبەی بۆ جارێکی تر دەنگ بەدەست بهێنێتەوە، هەڵبەت ئەگەر تا ئەو دەم، ڕەوتی پێشهاتەکان دەرئەنجامێکی دیکە بە دواى خۆیاندا نەهێن.

 

٥. هەرچەندە کێشە ئابوورییەکانی وڵات ڕەگ ​​و ڕیشەی قووڵتریان لە دەوڵەت هەیە، بەڵام وەزیری صمت، پارێزەری سەرەکی دامەزراوەی دەوڵەتە لەو بوارەدا. لێپێچینەوەکەی ئەم وەزیرە، دەریخست کە دەنگی هەژاری و گەندەڵی و گرانى و بەرزی نرخەکان گەیشتووەتە گوێی کەڕى پەرلەمان و دوور نییە هاوڕێکەى دوێنێ بکەنە قوربانی بۆ بێتاوانی خۆیان.

 

بێ گەشبینییەکی لادەرانە یان کورتبینیی سیاسی، دەبێ بڵێین ئەمساڵ ساڵێکی پڕ لە گێژاوە بۆ دەوڵەت (نیزام) و کەشتییە ڕزیوەکەى، ڕووبەڕووی زریانی گەورە دەبێتەوە؛ هەروەک گوتوویانە "ساڵى خۆش لە بەهارڕا دیارە" و یا دەگوترێت "ژیانى منداڵى ساوا لە پیساییەوە دیارە"!