بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران ئالیەتێکى نوێی فرۆشتنى لەگەڵ کۆریا دروست دەکات

ئێران ئالیەتێکى نوێی فرۆشتنى لەگەڵ کۆریا دروست دەکات
ئێران دەیهەوێت لەبرى وەرگرتنى تێچووى فرۆشتنى نەوتى خاو، کاڵاى پێویست لە کۆریاى باشوورەوە هاوردە بکا
posted onDecember 2, 2018
noبۆچوون

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەی ١٨٠ ڕۆژەکەى ئەمریکا بۆ وڵاتە هاوپەیمانەکانى لەڕاگرتنى کڕینى نەوتى کۆمارى ئیسلامی ئێران، حکومەتى تاران بەدواى ڕێگاچارەیەک دەگەرێت، تێچووى فرۆشتنی نەوتەکەى لە کۆریاى باشوور وەربگرێتەوە.

 

 

دواى کشانەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەرێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥ و، کۆمەڵێک سزای ئابوورى و دارایی بەسەر ئێران سەپاندن، گرنگترین ئەو کەرتانەش کەوتنە بەر سزاکان، کەرتى بازرگانى و پیشەسازی و دارایی و نەوت و وزەو بانکی ناوەندی بوون.

ئاژانسى هەواڵى فەرمیی تاران لەسەر زاری حەسەن تەنهایی، سەرۆکى ژوورى بازرگانى ئێرانى ـ کوریاى باشوور بڵاوی کردۆتەوە "سەرەڕاى سزاکانى ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەى تاران، بەدواى ئالیەتێکى نوێی فرۆشتنى نەوتەکەى بەسیئۆل دەگەرێت". ڕوونی کردەوە "لەبرى وەرگرتنى تێچووى فرۆشتنى نەوتى خاو، کاڵاى پێویست لەکۆریاى باشوورەوە هاوردەى وڵاتەکەى دەکرێت"، بەبێ ئەوەى جۆری ئەو کاڵانە ڕوون بکاتەوە کە پێویستیان پێی هەیە بۆ ئەوەى هاوردەى بکەى.

واشنتۆن دەیەوێت لەرێگەى فشارەکانى بەسەر وڵاتانى جیهان، ئاستى هەناردە کردنى نەوتى ئێران بگەیەنێتە سفر، بۆ ئەوەى ئەو ڕژێمە ناچار بێت، دانووستاندن لەسەر ڕێکەوتننامەیەکى نوێی بەرنامە ئەتۆمییەکەى و مووشەکى بالیستى و سیاسەتە شەڕانگێزەکانى لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. سزاکانى ئەمریکاش بە دوو قۆناغ بەسەر ئێراندا جێبەجێ کران، قۆناغی یەکەم لەسەرەتاکانى ئابی ڕابردوو بوون و، قۆناغی دووەمیش لە تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ى ڕابردوو بوون.

هەرچەندە کۆشکى سپی لە وڵاتانى جیهان کرد "کڕینى نەوت لەئێران ڕابگرن، بەڵام دواتر لێخۆشبوونى بۆ هەشت وڵات دەرکردو، موڵەتى ١٨٠ ڕۆژى پێبەخشین تا بەدواى سەرچاوەیەکى دیکەى دابینکاری نەوت بگەڕێن". تەنهایی لەبارەى ئالیەتەکەى نوێی وڵاتەگەى گووتی "هەردوو بانکی ناوەندی کۆریا و ئێران سەندوقێکى هاوبەش بۆ ڕاییکردنى ئەو ئاڵوگۆرە دروست دەکەن".

سیئۆل یەکێکە لەوڵاتە هاوپەیمانەکانى واشنتۆن، لەگەڵ ڕاگەیاندنى سزاکان کڕینى نەوتى ئێرانی ڕاگرت، بەجۆرێک لەشەش مانگی یەکەمى ئەمساڵدا ڕۆژانە ٢٨٥ هەزار بەرمیل نەوتى کڕیوە. بەجۆرێک ئەو وڵاتە سێیەم گەورە کڕیارى نەوتی ئێرانى لەدواى چین و ئیمارات دادەنرێت.

لە ئاستى ئاستى یەکێتى ئەوروپا و ئاسیاش، هەریەک لە بەریتانیا، ئەڵمان، فەڕەنسا و یەکێتى ئەوروپا و چین هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەى سیستەمى پێدانێکى تایبەت بەکڕینى ئەو نەوتە بخەنەروو، تا درێژە بەمانەوەى ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەیان لەگەڵ تاران بدەن.

بەڵام گەورە بەرپرسانى ئەو ناوچەیە ئاشکرایان کردووە "سیستەمێکى لەو جۆرە زۆر ئاڵۆزە"، ئەمەش وای کردووە زۆربەى کۆمپانیا زلهێزەکانى ئەورۆپا لەبازاڕى ئەو وڵاتە بکشێنەوە، بە تایبەت تۆتال، میرسک تانکەرزی دانیمارکی و بانکی دی زێدی ئەڵمانی و، بیجۆی فەڕەنسى وسیمینزی ئەڵمانی.