هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر شاری هەولێر بەردەوامن؛ پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش درۆنێکی دیکە تێکشکێنرا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی هەینیش پێنج درۆنی بۆمبڕێژکراو خرانە خوارەوە.
ئەمڕۆ شەممە، دوای کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆ هێرشێکی درۆنی لە ئاسمانی هەولێر بەرپەرچ درایەوە و تێکشکێنرا.
ئەم ڕووداوە تەواوکەری زنجیرەیەک هێرشی دیکەیە، کە پێشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی 24ـی تەممووزی 2026، لە نێوان کاتژمێر 9:32 تاوەکو 9:45 خولەک، پێنج درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێنران و خرانە خوارەوە.
لەبارەی هێرشەکانی ڕۆژی ڕابردووەوە، دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو درۆنە بۆمبڕێژکراوانە لە ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێرەوە ئاراستەی شارەکە کرابوون، بەڵام بەر لەوەی بگەنە ئامانجەکانیان، لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە پووچەڵ کرانەوە.