بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئاشکرابوونى پیلانێکى مەترسیدارى کۆمارى ئیسلامى لە ڕێگەى هێزێکى کوردى باشوور و پەکەکە

ئاشکرابوونى پیلانێکى مەترسیدارى کۆمارى ئیسلامى لە ڕێگەى هێزێکى کوردى باشوور و پەکەکە
AvaToday caption
posted onOctober 26, 2020
noبۆچوون

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە، ڕاگەیێنراوێکى لەسەر "پووچەڵکردنەوەی چەند هێرشێکی تێکدەرانە لە هەرێمی کوردستان" ڕاگەیاند. هەرچەندە کە لە نێو ڕاگەیاندنەکەدا تەنیا نێوى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) هێنراوە و نەویستراوە ناوی لایەنەکانى دیکە بهێنرێت، بەڵام ئاڤاتودەى لە چەندین بەرپرسى گەورە و سەرچاوەى نهێنییەوە بۆى دەرکەوتووە کە کۆمارى ئیسلامى و پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) بە هاوکارى باڵێکى یەکێتى نیشتمانى پلانێکى تۆکمە و کوشندەیان داناوە بۆ تێکدانى دۆخى ئەمنى هەرێمى کوردستان بە گشتى و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەى ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی چەند هێرشێکی تێکدەرانە لە هەرێمی کوردستان باس لەوە کراوە کە سێ گرووپ دەستبەسەر کراون کە هەرسێک گرووپەکە پیلانى تێکدانى ئاسایشى هەرێمى کوردستان و تیرۆرکردنى دیپلۆماتکار و خاوەن کارە بیانییەکان و تیرۆرکردنى پارێزگارێکى هەرێم (مەبەستى پارێزگاى هەولێرە) داناوە.

ئەنجوومەنى ئاساش ئاشکراى کردووە کە "هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پووچەڵ کردەوە و چەندین کەسیشیان دەستگیرکرد کە پەیوەندییان لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەیە. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشدا، دوو پیلان پووچەڵکرانەوە کە یەکێکیان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) پلانی بۆ دانرابوو بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان پووچەڵکرانەوە. هەندێک لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لە لایەن ئەوانەوە ئاراستە کراون. ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕیار بوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستیيانە، ئاگادار کراونەتەوە و رێکاریی پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلۆماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر. دوای لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونی ورد، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم، چەندین کەسیان لە پەیوەند بەم پیلانەدا دەستگیر کردووە. لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتيش (ئینتەرپۆل)ەوە داوای هەماهەنگیی وهاوکاریی، لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەی تێوەگلاو لەم پیلانەدا."

 

ئەو کەیسانەى کە ئەنجوومەنى ئاسایش بڵاوى کردوونەتەوە بریتین لە:

یەکەم: لە کەیسی یەکەمدا ١٢ کەسی گومانلێکراو هەن کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، کە پیلانی هێرشکردنە سەر کونسوڵگەرییەک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو. ئەمە جیا لە هەوڵەکانیان بۆ پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان و وڵاتانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان. لە دوای چاودێریکردنی گرووپەکە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆ زیاتر لە چوار مانگ، توانرا گیانی چەندین کەس بپارێزرێت و چەندین گومانلێکراويش دەستگیر بکرێن لە نێویاندا دوو هاووڵاتی سووری هەن. بڕیار وایە حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیار گومانلێکراوان بەپێی ماددەی ١ی یاسای ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ رووبەڕووی دادگا بکاتەوە.

دووەم: لە کەیسی دووەمدا، دوای زیاتر لە ساڵێک بەدواداچوون، تا ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون و هەموویان هاووڵاتی عێراقین. ئەم گرووپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری توندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە. هەروەها پلانی هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبوو. بەم زووانە گومانلێکراوان، بەپێی ماددەی ١ی یاسای ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

سێیەم: گرووپی سێیەم، دوای بەدواداچوون و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژەهەواڵگریی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، هێزەکانی پۆلیس توانیان حەوت کەسی گومانلێکراو کە هەر هەموویان هاووڵاتی عێراقین، بە پێی ماددەی ١ی یاسای ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ و بە بڕیاری دادگا دەستگیر بکرێن. بەداوداچوونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی دیکە کە بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و سەربازيی لە بارەی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی. هەروەها پلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دابوو. گرووپەکە، زانیارییان لە گەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕ کردووە. ئێمە حکوومەتە بیانی و دەزگا هەواڵگرییە پەیوەندیدارەکانمان لەم ئۆپەراسیۆنە و ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بە دەستمان خستوون، ئاگادار کردۆته‌وه‌.

ئەنجوومەنى ئاسایش لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەیدا ددان بەوەدا دەنێت کە "ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەریدەخات هەڕەشەیەکی بەردەوام لە سەر ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش، چالاکانە ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن، رەوشی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێک بدرێت".

پێشتر ئاڤاتودەى لە ڕاپۆرتێکى خۆیدا باسى هەوڵە گێرەشێوێنییەکانى کۆمارى ئیسلامى کردبوو لە تێکدانىئاسایشى هەرێمى کوردستان بە گشتى و بەتایبەت پایتەختى هەرێم و دواتریش لەسەر بنەماى هەمان زانیارى، ڕۆژنامەى (TheHill)ـیش ڕاپۆرتێکى بڵاو کردەوە. ڕۆژنامەى هیڵ ـى ئەمەریکا لە نوێترین ژمارەى خۆیدا بابەتێکى لەسەر هێرشکردنە سەر بەرژەوەندى و لایەنگران و هاوپەیمانانى ئەمریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان خستووەتە ڕوو و باس لەوە دەکات کە "کۆمارى ئیسلامى بۆ ئەوەى فشار بخاتە سەر ئەمریکا و پاشەکشێى پێ بکات، لە ڕێگەى میلیشیا تیرۆریستییەکانى خۆیەوە لە عێراق دەیهەوێت هێرش بکاتە سەر بنکە سەربازی و لایەنگران و هاوپەیمانەکانى ئەمریکا و بۆ ئەمەش دەیهەوێت ئەو هێرشانە بکێشێتە نێو خاکى هەرێمى کوردستانەوە".

هەروەها هێڵ هێرشە موشەکییەکەى سەر فڕۆکەخانەى هەولێر و سووتاندنى بارەگاى پارتى لە بەغدا بە نمونە دەهێنێتەوە کە هەردووکیان لە لایەن حەشدى شەعبیی نزیک لە سوپاى قودسى سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامییەوە ئەنجام دران.

شایەنى باسە کۆمارى ئیسلامى بە هۆى هەنگاوە جدی و نزیکەکانى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى، دەیهەوێت ئاژاوە لەم وڵاتە بنێتەوە و لە ڕێگەى میلیشیا تیرۆریستییەکانى بن دەستییەوە لە بەرژەوەندى ئەمریکییەکان بدات.