بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەمڕۆ ٣٢ـیەمین ساڵوەگەڕی تێرۆرکردنى دکتۆر قاسملوویە

ئەمڕۆ ٣٢ـیەمین ساڵوەگەڕی تێرۆرکردنى دکتۆر قاسملوویە
AvaToday caption
posted onJuly 13, 2021
noبۆچوون

ئەمڕۆ ٢٣ ساڵ بەسەر شەهیدبوونى دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسموول و عەبدوڵا قادری‌ئازەر ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبەکە و فازڵ ڕەسووڵ کەسایەتیی سیاسیی خەڵکی باشوورى کوردستان تێدەپەڕێت کە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی ئاشتیانە بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانی لە شاری ڤییەنى پێیتەختی ئۆتریش، لەسەر مێزى گفتوگۆ لە لایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی تیرۆر کران.

 

ناوەندى ح ڕۆژهەڵات

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە:

"لەو تاوانە تێرۆریستییە قیزەونەدا ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دوور لە هەموو پرەنسیپە سیاسی و مرۆیی و دیپلۆماتیکەکان کەڵکی خراپی لە نیازپاکیی و ئاشتیخوازیی دوکتور قاسملوو و بزووتنەوەی ڕەوای کورد و عورف و ڕێساکانی دیپلۆماسی و دیالۆگ وەرگرت و لەنێو جەرگەی وڵاتێکی ئورووپاییدا بە شێوەیەکی دڕندانە دەستی بۆ ئەنجامدانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە قیزەونە برد. لەو نێوانەدا هەڵوێستی دەوڵەتی ئۆتریش وەکوو وڵاتێکی ئورووپایی کە بە ڕواڵەت لە کێشە نێودەوڵەتییەکاندا بێلایەنیی هەڵبژاردووە، چ پێش تێرۆرەکە و چ لە دوای کارەساتەکە و داڵدەدان و بەڕێکردنەوەی تێرۆریستەکان بۆ ئێران، ئاشکرا ڕێخۆشکەری بەڕێوەچوون و سەرپۆشدانان لەسەر تێرۆرەکە بووە و لەو کاتەوە هەتا ئێستاش داخستنی دۆسیەی ئەو تێرۆرە لەبەرانبەر ساتوسەودا ئابووری و سیاسییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران، پەڵەیەکی شەرم و شوورەیی بە نێوچاوی دەوڵەتی ئوتریشەوە بووە."

تیرۆرى د قاسملوو

هەروەها باس لەوە کراوە کە "هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئوتریش لە ڕاستیدا هاندەرێک بۆ درێژەدانی تێرۆری نەیارانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپاشدا بوو. وەک لە دۆسیەی دادگاییکردنی تاوانبارانی تێرۆری میکۆنۆسدا دەرکەوت، تێرۆری دوکتور‌ قاسملوو و هاوڕێیانیشی بەشێک لە پیلانی پاکتاوی نەیارانی ڕێژیم بوو کە ڕێبەر و سەرکۆمار و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم تێیدا بڕیاردەری سەرەکی بوون و لە زەرفییەتی دەزگای دیپلۆماسی بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی ئەو تێرۆرە کەڵکاژۆ وەرگیرا. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ٣٢هەمین ساڵوەگەڕی ئەو تاوانە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە یەکیك لە ڕێبەرانی هەڵکەوتووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی کردە ئامانج، یادی دوکتور قاسملوو و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و گیانبەختکردووانی دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران بەرز ڕادەگرێت و پێ لەسەر درێژەدانی ئامانجە مرۆییەکانیان دادەگرێتەوە."

د قاسملووووو

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوای لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و ئۆگرانی ئاشتی و ئازادی و مافە ڕەواکانی گەلانی ستەملێکراو کردووە بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستادا کە وڵاتانی ئورووپایی سەرقاڵی دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامین، "دیاریکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی یەکێک لە سیما ناسراوەکانی تاوان و کۆمەڵکوژیی ئەو ڕێژیمە وەکوو سەرکۆماری ئێران بە پەیامێکی جیددی بۆ درێژەدانی سیاسەتی کوشتار و تێرۆر و زەبروزەنگ وەربگرن و بە وەگەڕخستنی دۆسیەی تێرۆرەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات و لەپێش هەموویان تێرۆری دوکتور قاسملوو، هەم یارمەتیدەری بەڕێوەچوونی دادپەروەری بن و هەم شکست بە هەوڵەکانی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران بۆ درێژەدانی ئەو چەشنە سیاسەتانە و زاڵکردنی کەشی تێرۆر و تۆقان بەسەر کۆمەڵگای مرۆییدا بهێنن".